بەكر كەریم حەسەن
(کاترین بولسیفەر) نوسەری ئەمریكی دەڵێ”خانەنشینی دەرفەتێكە بۆ چێژ وەرگرتن لە هەموو ئەو شتانەی كە پێشتر كاتت نەبووە بۆ ئەنجامدانی لە كاتی ئیش كردن “.
ژیانی هەر مرۆڤێک پێك دێت لە چەند قۆناغێك وەكو قۆناغی خوێندن و قۆناغی كارو قۆناغی دوای كار كە خانەنشینییە. مرۆڤ لە هەر قۆناغێك لەم قۆناغانە كۆمەڵێ وردەكاری هەیە كە لەگەڵیان دەژی، ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بكەم ژیانی خانەنشینی مرۆڤە لەلایەن خۆیەوە.
ئاشكرایە لای هەمووان خانەنشینی كات و دەرفەتی زۆر دەبەخشی بە كەسی خانەنشین دوایی ساڵانێكی زۆر لە دەوامکردن و پابەندی بە کاتی دەوام و فەرمانگەوە و فشار و گوشاری بەرپرسیاریەتی لە ئیش. كە ساڵانێكی چڕ و ژاوەژاو و پڕ لە پەیوەندی پابەندی و كۆمەڵایەتی و كەسی و کاركردن. بەڵام لەگەڵ خانەنشینکراندا ئەو فشار و پاڵەپەستۆ و پەیوەندییانە بەگشتی زۆر كەم دەبنەوە.
خانەنشین نابێ نائومێد و بێزار بێ، بەڵكو دڵخۆش و بەختەوەر بێت بەوەی هەموو تەمەنی گەنجی و پڕ وزەی بەخشیوە بە كۆمەڵگە و نیشتمان و، كار لە پێناویدا؛ توانیویەتی بە شارەزایی، بژێوی ژیانی خێزانەكەی دابین بکات تا لە ژیان ماوە. لەوەش گرنگتر پێویستە كەسی خانەنشین هەمیشە خەون و ئارەزوو و ئامانجی بەردەوامی هەبێت، لەبیری بێت ژیان بە خانەنشینی كۆتایی نایەت. بەڵكو قۆناغێكی هەرە جوانی دی لە ژیانی دەست پێ دەكات و دەبێ بەردەوام بێت لە ژیانكردن لەگەڵ خانەوادەكەی و كەسوكار و ئازیزان و خۆشەویستانی، هەرگیز نابێ دەستبەرداری خەون و ئارەزوو و ئامانجەكانی بێت و هەوڵ بدات لە پسپۆڕی و شارەزایی خۆی سوودی هەبێت بۆ كەسانی پێویست و نزیك و هەمیشە لە ماڵەوە دەستەوەستان نەبێت، بەڵكو خۆی دوور بگرێت لە زۆر دانیشتن بە دیار تەلەڤیزیۆن و سۆشیالمیدیا كە زۆر مانەوە وزەی نەرێنی دەبەخشێ، بۆیە گرنگە مرۆڤ لەو تەمەنە گرنگی زۆر بە تەندروستی و جەستەی خۆی بدات وەكو وەرزش و خواردنی تەندروست و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی؛ هەوڵ بدات ڕۆژانە چەند كاتژمێرێك پەرتووك بخوێنێتەوە، لە بوارێكی دیاریكراو بنووسێ، دەتوانێ سەرگوزشتە و و ژیانی ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە و لەگەڵ گرنگیدان و پەرەپێدانی خۆی لە هەموو ڕوویەكەوە، هەرگیز نابێ خۆی بەدەستەوە بدات و، بەردەوام گرنگی بە خۆی بدات و، دەكرێ هەوڵ بدات زمانێكی تر فێر ببێ، یانیش گەر بكرێ سەردان و گەشتكردن زۆر پێویستە، چونكە لەم تەمەنە چێژ و خۆشی تایبەتی خۆی هەیە و مرۆڤ ئاسوودەترە و گیروگرفتی جۆراوجۆری زۆر كەمترە لە جاران، بەڵام هەرگیز نابێ تەندروستیی خۆی فەرامۆش بكات و هەردەم شانازی بە خۆی و ڕابردووی خۆیەوە بكات كەوا ساڵانێك بێ دابران بە بەردەوامی سەربەرزانە لە خزمەتكردن بەردەوام بووە و ویژدانی ئاسوودەیە. دەكرێ لەم تەمەنە بەشدار بێت لە كاری خێرخوازی و خۆبەخشی كەوا لە كەسی خانەنشین دەكات هەستی لە خۆ ڕازی بوونی زیاتر بێت و ویژدانی ئاسودە تر دەبێت كەوا یارمەتی ئەوانی تر دەدات، لە هەمان كاتیشدا بەردەوامە لەسەر چالاكی و زیندوویەتی خۆی بە پێی توانا.
لە كۆتاییدا پێویستە ئەوەمان لە بیربێت كەوا خانەنشینی قۆناغێكی ڕاستی و دروستی ژیانە لە قۆناغەكانی هەر فەرمانبەرێك كە هەموومان دەبێ ڕۆژ و ساڵێك بێت خانەنشین ببین بۆ ئەوەی خولی ژیان بەردەوام بێت و، بیزانین كەوا خانەنشینی قۆناغێكی سروشتییە لە ژیان. هەموومان پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین ئەوڕۆ فەرمانبەرین سبەی خانەنشین دەبین بەوپەڕی بەهێزی و باوەڕبەخۆبوون و ئاسوودەییەوە پێشوازی لێ بكەین و، شانازی بکەین بە ساڵانی خزمەتی ڕابردوو .
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی