حەمەسەعید حەسەن
کاغه‌زم له‌به‌رده‌مدایه
قه‌ڵه‌م به گوێچکهمهوهیه
ئانیشکم له‌سه‌ر مێزه‌که‌مه
ده‌ستم به ڕوومه‌تمه‌وه گرتووه
بیر ده‌که‌مه‌وه چی بنووسم
(سێرڤانتس)
ساتیر سه‌ره‌تا به شیعر له دژی جه‌نگ و ژنی جادووباز نووسراوه و دواتر په‌ڕیوه‌ته ناو هه‌موو ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانه‌وه، به تایبه‌تی شانۆنامه و ڕۆمان. به‌ده‌گمه‌ن ڕۆمانێک هه‌یه، ساتیری تێدا نه‌بێت. ساتیر: کاریکاتێره به وشه و باس له بهدڕهوتاری ده‌کات و ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر پێوه‌ندییه نه‌گونجاوه‌کان. یۆڤهنالیس که پێش له دایکبوونی مه‌سیح ژیاوه و ده‌شێت یه‌که‌مین ساتیرنووس بووبێت، ده‌یگوت: (ئه‌سته‌مه له‌م سه‌رده‌مه‌دا بژیت و ساتیر نه‌نووسیت.) له هیچ سه‌روه‌ختێکدا ساتیرنووس له‌سه‌ر بابه‌ت په‌کی ناکه‌وێت. ڕۆمه‌کان سه‌د ساڵێک پێش له دایکبوونی مه‌سیح ساتیریان نووسیوه. دێرینترین ساتیری سوێدی، له سه‌ده‌ی پازده‌یه‌مدا دژی جیاوازیی ئاستی ژیانی هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان نووسراوه.
ساتیر له بنه‌ڕه‌تدا فۆرمێکی ئه‌ده‌بیی لاتینییه به نێوه‌ڕۆکی جیاواز که ده‌شێت بریتی بێت له فه‌لسه‌فه‌ی مۆراڵ، سه‌فه‌رنامه، یان گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی که‌سانی ناودار به شێوه‌ی گاڵته‌جاڕی. تیۆریی ئه‌ده‌ب، ساتیر ده‌باته‌وه سه‌ر کۆمیدیا. ساتیر له فۆرمێکی ئه‌ده‌بیدا به شێوازێکی گاڵته‌جاڕییانه‌ی بریندارکه‌ر، ڕه‌خنه له دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و که‌سایه‌تییه سیاسی و کولتوورییه‌کان ده‌گرێت.
ساتیر به باڵی ته‌وس و لاقرتێ ده‌فڕێت، بێ سڵکردنه‌وه، ڕاستی ده‌ڵێت، تیرێکه ڕووی له سینگی جه‌للاده و ده‌ستێکه ته‌وقه له‌گه‌ڵ دیکتاتۆردا ناکات. ساتیر خوێنشیرینانه باس له لایه‌نه تاڵه‌کانی ژیان ده‌کات و گاڵته‌ئامێزانه ئاوڕ له کاره‌سات ده‌داته‌وه و خوازیاره لێوی خوێنه‌ر به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ته‌وساوی بگه‌شێنێته‌وه. ساتیر مه‌رج نییه شیعر بێت، وه‌لێ یه‌کێک له ڕه‌گه‌زه هه‌ره گرنگه‌کانی شیعر که ڕاستگۆیییه، خوێنه و به ده‌ماریدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر بۆیه خوێنه‌ری ئاسایی به تامه‌زرۆیییه‌وه و به ئاشکرا، له ئامێزی ده‌گرێت و هه‌ڵبژارده‌یش به نهێنی ده‌م به پلووسکییهوه ده‌نێت.
ساتیر گاڵته‌ئامێزانه باس له شته هه‌ره بایه‌خداره‌کان ده‌کات، ئه‌وه نییه گه‌لێک جار له‌سه‌ر شانۆی ژیانیش، ڕاستی له ڕێی قۆشمه‌وه ده‌درکێنین و که گوێگر مه‌به‌ستی قسه‌که ده‌ناسێته‌وه و گرژ ده‌بێت، وا ڕاهاتووین بڵێین، شۆخی بوو. داریۆ فۆ ده‌ڵێت: (ساتیر به کلیلی پێکه‌نین ده‌رگای مێشک ده‌کاته‌وه، تا هۆش بچێته ژووره‌وه.) ساتیر بتی داب و نه‌ریتی دێرین ده‌شکێنێت، ئاوڕووی پارێزه‌رانی ڕه‌وشتی زاڵ ده‌ڕووشێنێت و بۆ ئه‌وه کۆشش ده‌کات، ئینسان سه‌ر بۆ فیکری سه‌روه‌ر و واقیعی باو نه‌وی نه‌کات.
گاڵته
باشترین جۆری نواندن، ئه‌وه‌یه بینه‌ر هه‌ست نه‌کات ئه‌کته‌ر سه‌رقاڵی نواندنه، به‌ڵکوو پێی وابێت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆ ڕوو ده‌دات، ژیانیکی ڕاسته‌قینه‌یه. باشترین جۆری وه‌رگێڕان، ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر هه‌ست نه‌کات ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه وه‌رگێڕانه، به‌ڵکوو به ئۆرجیناڵی تێبگات. باشترین جۆری ساتیریش ئه‌وه‌یه، نووسه‌ر هه‌ست نه‌کات خه‌ریکی نووسینه، به‌رهه‌مێک وه‌ها خۆڕسکانه له دایک ببێت، ڕاستگۆیی لێ ده‌تکێت.
ئه‌بوو جه‌عفه‌ری مه‌نسوور ده‌یگوت: (خه‌ڵکینه! خودا منی کردووه به خاوه‌نی سامان و گیانی ئێوه، ئه‌گه‌ر بمه‌وێت هه‌ردووکیتان لێ زه‌وت ده‌که‌م.) هه‌نووکه‌یش ویلایه‌تی فه‌قیه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، (فه‌رمان بدات ماڵی پیاوی موسوڵمان کاول بکرێت و ژنیشی پێ ته‌ڵاق بدرێت.) گوێنته‌ر گراس پێی وایه، (هیچ شتێک هێنده باڵا نییه که نه‌توانین گاڵته‌ی له‌ته‌کدا بکه‌ین،) بۆیه ده‌شێت ئه‌و گوته (پیرۆز)انه ببنه که‌ره‌سه‌ی ساتیر. میلان کوندێرایش ده‌ڵێت: (ساتیر هونه‌رێکه له ڕێی گاڵته‌کردن به بیر و کرده‌وه‌ی که‌سانی ناخپووتهوه، په‌یامی خۆی ده‌نێرێت.)
بایه‌خی رۆمانی (یێڤگێنی ئۆنێگین)ی پوشکین، به‌و زمانه شیعرییه‌وه به‌نده که پێی نووسراوه. زمانی ڕووسی مردبوو، پوشکین به‌و ڕۆمانه گیانی به به‌ریدا کرده‌وه. ساتیر ئه‌گه‌ر به زمانێکی ئاسانی قووڵ نووسرا، چونکه خوێنه‌رێکی زۆری هه‌یه، ڕۆڵێکی گرنگ له خاوێنڕاگرتن و گه‌شه‌پێدانی زماندا ده‌گێڕێت. ساتیر به زمانێکی ئه‌ده‌بیی گاڵته‌ئامێزی ڕه‌وان و شیرین، ڕاستییه‌کی تفتوتاڵ به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه. ساتیرنووسین کارێکی گه‌لێک دژواره، ئاخر ساتیرنووس، بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر هانای بۆ ژانری چیرۆک برد، ده‌بێت وێڕای ڕه‌چاوکردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ساتیر، وریای ئه‌وه‌یش بێت، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت مه‌رجه‌کانی چیرۆکیشی تێدا بێت. کارێکی ئاسان نییه، تاڵترین ڕه‌خنه، به شیرین‌ترین شێوه بدرکێنیت، ئاخر عه‌لی ئیسماعیلزاده گوته‌نی: (ساتیر کاکڵه‌یه‌کی تاڵه، له‌نێو توێکڵێکی شیریندا و نامه‌یه‌کی ته‌وساوییه له که‌سێکه‌وه که ده‌زانێت به‌ڵام ناتوانێت، بۆ که‌سێک که ده‌توانێت به‌ڵام نازانێت.)
زۆر جار ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ونه به‌ر هێرشی ساتیر و ده‌بنه که‌ره‌سه‌ی قۆشمه، هاوسه‌نگییان تێکده‌چێت. دۆریس لیسینگ ده‌ڵێت: (بۆ داکۆکیکردن له بیروڕا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هیچ فاکته‌رێک ئه‌وه‌نده‌ی پێکه‌نین کاریگه‌ر نییه.) تیری ساتیر ده‌شێت هێنده به ئازار بێت، که‌سی ئه‌نگاوته هیچ خۆشییه‌کی لێ نه‌بینێت، ئاوه‌ز له ده‌ست بدات و بیر له تۆڵه بکاته‌وه. جێی سه‌رنجه، د. موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: (ئه‌وانه‌ی به‌ر پلاری شێخ ڕه‌زا ده‌که‌وتن، نه خۆیان و نه که‌سوکاریان زویر نه‌ده‌بوون و له ڕووی هونه‌رییه‌وه ته‌ماشای ئه‌و شیعرانه‌یان ده‌کرد.) به هۆی شیعری جوانی شێخ ڕه‌زاوه، ناوه‌یلی ده‌یان که‌س به نه‌مری ماونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ساتیره‌شیعری شێخ ره‌زا نه‌بووایه، بۆ نموونه، کێ (حه‌مه‌ی وه‌ستا فه‌تاح)ی ده‌ناسی؟
ئامانجی ساتیر هه‌ر ورووژاندنی پێکه‌نین و به‌خشینی چێژ و خۆشی نییه به خوێنه‌ر، به‌ڵکوو هاندانیشییهتی بۆ ڕامان و پرسیاری قووڵ کردن. ساتیر پشت به (ئایرۆنی)(*) ده‌به‌ستێت، شتێک ده‌ڵێت و مه‌به‌ستی پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی. ساتیرنووس شتی ئاسایی به شێوه‌ی سه‌یر که مایه‌ی پێکه‌نین بێت، نیشان ده‌دات. نووسه‌ری ساتیر به ڕێگه‌یه‌کی خاوێن، چێژ و خۆشی به خه‌مباران و ناڕازییان ده‌به‌خشێت، ڕه‌گه‌زی مێ، خێڵێک، میلله‌تێک یان خه‌ڵکی شارێکی دیاریکراو بریندار ناکات.
کۆمیدیا
خه‌ڵکی ساکار پێیان وایه، کۆمیدیا پێوه‌ندیی به ئازاره‌وه نییه، وه‌لێ له ساتیردا، له‌ودیو هه‌ر قاقای پێکه‌نینێکه‌وه، قوڵپی گریانێک خۆی مات داوه. پێکه‌نین پێوه‌ندیی به پاشخانی ڕۆشنبیریمانهوه هه‌یه و له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت که دنیای پێ ده‌بینین، ئاخر به‌هۆی پێکه‌نینیشه‌وه ده‌توانین هه‌ست و بیروڕای خۆمان ده‌رببڕین. بینینی لایه‌نی قۆشمه له ڕووداوێک یان دیارده‌یه‌کدا، پێویستی به ئاستێک له زیره‌کی هه‌یه. پێکه‌نین به‌گژ ئه‌وانه‌دا ده‌چێته‌وه که نابینایانه داکۆکی له بیروباوه‌ڕێک ده‌که‌ن. پێکه‌نین نه هه‌رگیز ئامێرێک بووه به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه بۆ سه‌رکوتکردنی بێده‌سه‌ڵاتان، نه قه‌ت دۆگمای خوڵقاندووه. ئه‌وی له خۆی و له ده‌وروبه‌ر ڕازی بێت و قه‌ت پیشی نه‌خواردبێته‌وه، به‌های گاڵته نازانێت و چونکه پێویستیشی به خه‌م بهبادادان نییه، ده‌شێت هیچ قۆشمه‌یه‌ک نه‌یهێنێته پێکه‌نین.
کۆمیدیایش وه‌ک تراژیدیا، یاریده‌ی پاکژکردنهوهمان ده‌دات، ئاخر پێکه‌نین زه‌بروزه‌نگ له ناو ده‌بات. فرۆید پێی وایه، قۆشمه ئینسان خاوێن ده‌کاته‌وه و پێکه‌نین ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئامێزی منداڵی. تراژیدیا له ڕێی ورووژاندنی به‌زه‌یی و ترسه‌وه، ئینسان پاکژ ده‌کاته‌وه، کۆمیدیا به‌هۆی نیشاندانی هاوسۆزی و پلار تێگرتنه‌وه. خوێنه‌ر به‌زه‌یی به دۆنکیخۆته و سانچۆدا دێته‌وه، له‌کن بینه‌ری هه‌ستناک (پیسکه‌ی ته‌ڕپیر)ی (مۆلێر)یش شیاوی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌یه. مۆرالیسته‌کان پێیان وایه، ته‌نیا تراژیدیا هونه‌رێکی باڵایه و کۆمیدیا به‌هێند ناگرن. کۆمیدیا بۆ نموونه لای مۆلێر، کارێک ده‌کات خۆمان بناسین، ئاخر ڕووپۆشه ساخته‌کان لا ده‌دات و ڕووخساره‌کان وه‌ک خۆیان نیشان ده‌دات.
جۆک
ساتیر ئیسفه‌نجێکه زووخاو هه‌ڵده‌مژێت، بۆ ئه‌وه‌ی ساتیر دروست ببێت، پێویسته لای که‌م گه‌وجێک و فێلزانێک هه‌بن، ساتیر زاده‌ی پێوه‌ندیی نێوانیانه و قاره‌مانه‌که‌ی هه‌میشه گێله. فرۆید ده‌ڵێت: (جۆک پێویستی به سێ که‌سه، یه‌کێک که ده‌یگێڕیته‌وه، یه‌کێک که نوکته‌که‌ی لێ قه‌وماوه و یه‌کێک که گوێی لێ ده‌گرێت. جۆک که هه‌ر یه‌که‌م جار گوێگر ده‌بزوێنێت، گێڕانه‌وه‌ی جۆرێکه له هونه‌ر، وه‌لێ ئه‌وی له کاتی په‌یڤیندا نوکته دروست بکات، بلیمه‌ته. جۆک یان خاوێنه یان بریندارکه‌ر، نوکته‌ی بریندارکه‌ر مه‌به‌ستێکی ئاوڕووبهرانهی له هه‌ناودایه و له ساتیر نزیک ده‌بێته‌وه. قۆشمه هه‌یه سه‌رچاوه‌که‌ی شیرینه و هه‌یه له سه‌رچاوه‌یه‌کی تاڵه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌و نوکتانه‌ی مه‌به‌ستێکیان له ناخیاندا حه‌شار داوه، کاریگه‌رترن.
نوکته ته‌نیا پشت به گاڵته ده‌به‌ستێت، به‌ڵام ساتیر له‌سه‌ر بناغه‌ی گاڵته و به‌زه‌یی ڕۆده‌نرێت. پیاوێکی پیر که به شێوه‌یه‌کی ناشیرین، قژی بۆیه کردبێته‌وه، له نوکته‌دا مایه‌ی پێکه‌نینه، له ساتیردا، جێی پێکه‌نین و به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه‌یه. ڕووداوێک بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئاستی ساتیر، پێویسته ناکۆکی یان پارادۆکسی له‌نێو خۆیدا هه‌ڵگرتبێت و ئاماژه بۆ تابوو بکات. به پێجه‌وانه‌ی چیرۆکه‌وه، له ساتیردا پشت به ڕێکه‌وت به‌ستن، خاڵێکی لاواز نییه، به‌ڵکوو له خزمه‌تی دروستبوونی گاڵتهدایه، ئه‌وه بۆیه چیرۆکه‌کانی عه‌زیز نه‌سین تژین له ڕێکه‌وت.
گاڵته ده‌شێت به مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه له به‌های شتێک یان که‌سێک بخرێته گه‌ڕ، یان ئامانجی تێرکردنی ئاره‌زوویه‌ک بێت، یان بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوکێ هانای بۆ ببرێت، یان ته‌نیا بۆ چێژ لێ وه‌رگرتن، له ڕێی گه‌مه‌کردنه‌وه له‌ته‌ک وشه‌دا. شه‌مران ئه‌لیاسری ده‌یگوت: (إن ألإمبریالیە المسلحة بالدجاج،) له‌بری (المدججە بالسلاح.) المتشائل، ڕۆمانێکی (ئه‌میل حه‌بیبی)یه که هه‌ر له ناونیشانه‌که‌یه‌وه، گه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وشه‌ی متشائم (ڕه‌شبین) و متفائل (گه‌شبین)دا کردووه.
پێکەنین
ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (ناوی گوڵەباخ)ی ئێمبێرتۆ ئێکۆ که به پازده ساڵ نووسراوه، میلان کوندێرا ده‌ڵێت: (ناوی گوڵەباخ بۆ داکۆکیکردن له پێکه‌نین نووسراوه.) که (بۆرگۆ) ئه‌و پیاوه‌ی له ڕۆمانه‌که‌دا داکۆکی له ئایین ده‌کات، ده‌ڵێت: (پێکه‌نین جه‌سته دێنیته سه‌ما، سیما ده‌شوێنێت و کارێک ده‌کات ئینسان له مه‌یموون بچێت،) قاره‌مانی ناوی گوڵەباخ دژی ئه‌و بۆچوونه ده‌وه‌ستێت و ده‌بێژێت: (مه‌یموون پێناکه‌نێت، له‌نێو هه‌موو زینده‌وه‌راندا ته‌نیا ئینسان ده‌توانێت پێبکه‌نێت.) ڤاتیکان زۆر سه‌غڵه‌ت بوو به‌وه‌ی (داریۆ فۆ)ی ساتیرنووس ١٩٩٧ نۆبڵی وه‌رگرت و گوتی: (به‌داخه‌وه دوای پراندیللۆ، قۆشمه‌چییه‌کی وه‌ک داریۆ فۆ نۆبڵ وه‌رده‌گرێت.) له تورکیا تیپێکی شانۆیی، کاتێک سه‌رقاڵی نمایش‌کردنی پییهسێکی داریۆ فۆ بوون، بۆمبێکی ئیسلامییه توندڕۆ‌کان له‌نێوانیاندا ته‌قییه‌وه.
پێکه‌نین که له ڕوانگه‌ی (میخاییل باختین)ه‌وه، له‌به‌ر ڕۆشنایی لۆگیکدا لێک نادرێته‌وه، جگه له‌وه‌ی (مه‌شقه بۆ گه‌لێک ماسولکه و ته‌کنیکێکی هه‌ناسه‌دانه،) گه‌لێک سوودی دیکه‌یشی هه‌یه، وه‌ک:
* ئینسان له ژاراویبوونی جه‌سته‌یی و مه‌عنه‌وی ده‌پارێزێت.
* مێشک (مه‌ساج) ده‌کات و له بواری سێکسیشدا وزه‌به‌خشه.
* کاریگه‌رییه‌تیی گوشاری کار که‌م ده‌کاته‌وه و به‌ری گۆلی پیشخواردنه‌وه به‌ره‌ڵا ده‌کات.
* یارمه‌تی دڵ و خوێنبه‌ره‌کان ده‌دات، تا جوانتر ئیشی خۆیان بکه‌ن.
* له ڕووی ده‌روونییه‌وه ئینسان چالاک ده‌کات، ئاخر وه‌رزش له‌ش خاوێن ده‌کاته‌وه، پێکه‌نینیش گیان.
* ئینسان له‌به‌رده‌م خه‌مۆکی، بێخه‌وی، دڵه‌راوکێ و ترس‌دا به‌هێزتر ده‌کات.
* خه‌فه‌ت له بیر ئینسان ده‌باته‌وه و وا ده‌کات پته‌وتر خۆی له‌به‌رده‌م ئازار و نه‌خۆشیی جه‌سته‌ییدا ڕابگرێت.
کلۆدیا سییه‌س که ده‌روونناسێکی ئه‌ڵمانه، ده‌ڵێت: (پێکه‌نین و گاڵته‌کردن به هه‌ڵه‌ی که‌سانی دیکه، دیارده‌یه‌کی شارستانییه، ده‌بێته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و گوشاره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵک هه‌یه و شه‌که‌تی له له‌ش و گیانیان ده‌رده‌کات، بۆیه ئه‌وی به هه‌ڵه‌ی که‌سانی دیکه پێبکه‌نێت، هیچ پێویست ناکات، سه‌رکۆنه‌ی خۆی بکات.)
ڤۆڵتیر ڕۆمانی دۆنکیخۆته‌ی (سێرڤانتس)ی که لوتکه‌ی ئه‌ده‌بی ساتیره، به ئۆدیسا به‌روارد کردووه، شیلینگ به نموونه‌ی باڵای ڕۆمانی زانیوه، ده‌ستۆیفسکی پێی وابووه، ڕۆمانی له دۆنکیخۆته قووڵتر و به‌هێزتر نه‌نووسراوه. هاینه، ستانداڵ، سانت بیف و هیگۆ دۆنکیخۆتهیان که ئاوێنه‌یه‌کی ڕاستبێژی سه‌رده‌مه‌که‌ی بووه، به هه‌موو شه‌رمه‌زاری و گه‌نده‌ڵییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانییه‌وه، به‌رز نرخاندووه. سێرڤانتس له ژیانیدا کوێره‌وه‌رییه‌کی زۆری دیتوه و له زیندانه‌وه ده‌ستی به نووسینی دۆنکیخۆته کردووه، هه‌ر بۆیه گاڵته‌جاڕییه‌که‌ی هه‌میشه خه‌مناکه.
(ژن وه‌ک شووشه وایه
نابێت تاقیی بکه‌ینه‌وه
بزانین ده‌شکێت یان نا)
سێرڤانتس به‌و زمانه شیعرییه، دۆنکیخۆته‌ی نووسیوه، ساتیری وا سه‌رکه‌وتوو، سنووری وه‌خت ده‌به‌زێنێت و له هه‌موو دونیادا خه‌ڵک ده‌هێنێته پێکه‌نین. ڤۆڵتیر، هۆڤمان، بیرنارد شۆ، گۆگۆڵ، ستریندبێری، توخۆلسکی، ئه‌ندریه ژدانۆڤ، کارڵ چاپیک، عه‌زیز نه‌سین، مروژیک، گوێنته‌ر گراس، ئێمیلی حه‌بیبی و داریۆ فۆ، له ساتیرنووسه به‌ناوبانگه‌کانی دونیان.
*
ژێده‌ره‌کان:
(1) Hans Lindström، Skrattet åt världen i litteraturen، Carlsson bokförlag 1993 Stockholm.
(2) Bengt Holmqvist، Satir från Aristofanes till Voltaire، Tidens förlag 1966 Halmstad.
(3) Bengt Holmqvist، Satir från Byron till Dagerman، Tidens förlag 1966 Halmstad.
(4) Peter Loewe، Vild glädje، D. N، kultur 11. 10. 1997 Stockholm.
(5) أریک بنتلی، الحیاة فی الدراما، ترجمة: جبرا إبراهیم جبرا، الطبعة الثالثة، المؤسسة العربیة للدراسات و النشر 1982 بیروت.
(6) ثربانتس، دون کیخوته، ترجمة: عبدالرحمن بدوی، دار المدی 1998 دمشق.
(7) د. غبریال وهبه، دون کیشوت بین الوهم و الحقیقة 1989 مطابع الهیئة المصریة للکتاب.
(8) ما بعد الحداثه، ترجمة: أشرف صالح، الثقافة العالمیة، 1997 عدد 83 ص137 الکویت.
(9) أدیب محمد الأشقر، الضحک هل نأخذه محمل الجد؟ العربی، عدد 511 ص96 یونیو 2001 الکویت.
(10) عه‌لی ئیسماعیلزاده، هه‌رێم و سنووری ته‌نز، مه‌هاباد، ژماره 2 ل32 بانه‌مه‌ڕی 1385
(11) د. مکرم تاڵه‌بانی، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، ل12 ده‌زگای ئاراس 2001 هه‌ولێر.
(*) irony