د. شیرین فوئاد مەعسووم
بۆ ئەوەی شکۆمان پارێزراوبێت و کەڕامەتان نەڕووشێت، خەبات و قوربانیدانمان لەبیر نەکرێ، خوێنی شەهیدانی سەربەرزمان بەفیڕۆنەچێ، پێویستە هەمووان وەک چیا لە پشت سەرۆک مەسعوود بارزانی و هەڵوێستە جوامێرانەکانیان بین.
وتەکانی سەرۆک پەیامێکی ئاوا سادە نین، چونکە وتارەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی جەنابی سەرۆک بارزانی و کاردانەوە جیاوازەکانی وای کرد دەنگ هەڵبڕم و داواش لە هەموو تاک و لایەنێک بکەم لەم قۆناغە هەستیارەدا پشتگیری و پاڵپشتیی سەرۆکێک بن، کە لە خەمی گەلەکەی شۆڕشێکی نوێی بۆ گێڕانەوەی شکۆمان دەست پێ کردووە.
رۆژی پێنجشەمی ڕابردوو 15ی ئایاری 2025، بە بەشداری سەرۆک مەسعود بارزانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کونگرەکەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشکرد، بەڵام چەندان پەیامی گرنگی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و عێراقی تێدا بوو؛ لە نێویشیاندا:
خاڵی یەکەم: جەنابیان فەرموویان، “زۆر خۆشحاڵم، پێش چەند ڕۆژێك لەگەڵ سكرتاریەتی هەردوولا دانیشتم، بیستم نسبەتی ئافرەت زۆر بووە لە نێو قوتابیان و لاوان، بە مانای ئەوەیە كە لە ناو حزبیش زیاد دەبێت، ئەمە زۆر زۆر جێی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە و من تەوسیەتان دەكەم چەندی بتوانن نسبەتی ئافرەت زیاد ببێت.”
ئەمە پەیامێکی گرنگ بوو بۆ ئافرەتان بە گشتی و ئەندامانی پارتی بەتایبەتی، چونکە ئێستە جەنابی سەرۆک بە تەواوی پشتیوانی لە ئافرەتان دەکات و دەیەوێ خانمان هێزی سەرەکی سیاسی و دیپلۆماسی بن، کە ئەمەش بۆ کورد و ناوچەکە نوێیە و پەیامێکی تازەیە، ئەگەر چی کراوە، بەڵام پاڵپشتییەکە ئاوا ڕوون و ئاشکرا و بەهێز نەبووە، لە ماوەی ڕابردووش بە سەرپەرشتیی خاتوو ئامینە زکری یەکەم دەستپێشخەری بۆ یەکەمین کۆنفڕانسی ئافرەتان لە هەولێر ساز کرا، هەر ئەوکاتیش جەنابی سەرۆک بارزانی بەهەموو هێزییەوە پاڵپشت بوو.
خاڵی دووەم: لە درێژەی قسەکانی جەنابیان گوتیان، “شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا، شەڕی فڕۆكە و تانك و تۆپ و هەتا كیمیاباران و ئەنفال، بەڵام باوەڕ بكەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە، شەڕی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لەناو كۆمەڵگەی ئێمە، ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەكەن. شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە، شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە كە تاكی كورد ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختتر و مەترسیدارترە.”
چەندان جارە جەنابیان باسێکی مەترسیدار دەوروژێنێت کەم کەس هەیە درکی پێ کردبێ، ئەویش بەرەنگاربوونەوە و جەنگە دژی ماددەی هۆشبەر، لەڕاستیدا لە تەواوی دنیا و بەتایبەت ناوچەکەی ئێمە کە بەو ماددە ترسناکە دەور دراوە و بازرگانی پێوە دەکرێ، بابەتی ماددەی هۆشبەر بووە بە سەرەکیترین خەم بۆ سەرکردایەتیی ڕاستەقینەی کورد ئەویش بە فعلی جەنابی سەرۆک بارزانییە، چونکە لە خەمی ڕۆڵەکانیەتی و نایەوێت داهاتوویەکی تاریک ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دەزگا ئەمنییەکان دەبێ لە زاخۆ بۆ پێنجوێن، لەوێشەوە بۆ خانەقین زۆر وردتر و بەهێزتر و خەمخۆرانتەتر کارەکانیان بکەن، هەر سیاسیەک یان کەسایەتییەکیش لەناو هەرێمەکەمان دەیەوێ دەست بۆ ئەو بابەتە بەرن، باجەکەی زۆر بە ترسناکی دەدەن. بۆیە پێویستە دەست بەردار بن.
خاڵی سێیەم: جەنابیان ئاماژەیان دا، “دەبێ گەنجەكانمان پەروەردە بكرێن بە بیری ئینتیما بۆ نیشتمان. ئەگەر كەسێك هەستی ئەوەی نەبێت كە ئەم خاكە پیرۆزە، هەستی ئەوەی نەبێت كە چەند شەهید و قوربانی دراوە بۆ پاراستنی ئەم خاكە، میللەتێك ئەگەر خاكی نەبوو میللەتێكی بێ قیمەتە، خاكیش ئەگەر میللەتی نەبێ، خاكیش دیسان بێ قیمەت دەبێت، بەڵام چ خاكێك و چ میللەتێك، خەڵكێك كە ئەو خاكە بە پیرۆز بزانێت، خاكێكیش كە ئەو خەڵكە بە پیرۆز بزانێت، كوردستان وابووە و دەبێ وا بمێنێت، ئێستا دەیانەوێ نە پیرۆزیی خاكەكەمان بۆ بهێڵن و نە بیروباوەڕی خەڵكەكەمان بهێڵن، مەترسیی گەورە ئەمەیە.
نابێ ئێمە هیچ وەختێك بیر لەوە بكەینەوە وەكوو رەگەزپەرست و وەكوو خۆپەرست و ئەمانە بیر بكەینەوە، نەخێر، ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ هەموو نەتەوەیەك، بۆ هەموو تاكێك، بەڵام قەت و قەت نابێت تاكی كورد خۆی بە كەمتر بزانێت لە خەڵكی تر.”
ئەمەش پەیامێکی وردی جەنابیان بۆ بەتایبەت ئێستە زۆرێک لە گەنجان ئینتیما و خۆشەویستیان بۆ نیشتمان و خاک نەماوە، بۆیە بەرپرسیاریەتی ئەم دۆخە دەکەوێتە سەر شانی پەروەردە و ئەوقاف و ڕاگەیاندنەکان کە دەبێ بە ڕۆڵی خۆیان هەڵبستن و کەموکورتییەکان دەست نیشان بکەن و کار بکەن بۆ چارەکردنی ئەم خەمە گەورەیە کە لە داهاتوودا دەرهاوێشتەی زۆر دەبێ.