شێرکۆ حەبیب
سەرۆک بارزانی ساتەوەختێ لە بۆنەیەک ئامادە دەبێ وتارێک پێشکەش دەکات، وتارەکە زۆر جار پابەندە بەو بۆنەوەیە، بەڵام هەندێ جار و لە هەندێ بۆنە وا دەخوازێ کە باس لە بابەتە هەنووکەییەکان بکات کە پابەندە بە کوردستان و ئەزموونە دیموکراسییەکەی، ساتێک هەست دەکات بە گوێرەی شارەزایی و کارامەیی خۆی و ئەوەندە ساڵە لە خەبات و سیاسەت، کە ئیستا وەک مەرجەع و ڕابەرێک ئاماژەی پێدەکرێت، و دید و تێروانینی ڕوون و ئەرێنی و خۆڕاگری و کاریگەری خۆی هەیە، و سەرکردەیەکە کە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و لە کاتە سەختەکاندا ژیرانە مامەڵە دەکات، و لە هەستی بەپرسیارێتی کە لە ئەستۆیەتی بۆیە بە ڕاشکاوی خاڵەکان دەخاتە سەر پیتەکان، هەروەک لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو یەکێتیی قوتابیان و لاوان، بەرێزیان ئاماژەی پێکرد.
ئەوەی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێکرد هەڵقوڵاوی ناخ و ویژدان و ئازاری میللەتێکە، و ئەوە داواکاری هەموو مرۆڤێکی ئەم کوردستانەیە کە خاوەن هەست و بیرو هزری نەتەوەیی و نیشتمانی بێ، ڕاستە مووچە داهات و بژێوی سەرەکی زۆربەی خەڵکی کوردستانە و هۆکاری جوڵاندنەوەی بازاڕە، بەڵام کەرامەتی مرۆڤ لەوە مەزنترە کەوا بەو شیوازە مووچە بنێرن و یاری بەهەست و سۆزی هاووڵاتیان بکەن، بەتایبەتی کەوا حکوومەتی هەرێم پابەندی سەرجەم رێککەوتنە دەستووری و یاساییەکان بووە، و بەغدا سەدەقە یا زەکات یا خێر بە گەلی کوردستان ناکات بەڵکو مافێکی یاسایی خۆیانە کە مووچە وەربگرن، بریندار کردنی هەستی هاووڵاتی و ناردنی مووچە بەم شێوەیە تەنیا بۆ شکاندنی کەرامەتی هاووڵاتی کوردستانە، بەڵام سەرۆک بارزانی کە هەر ئەو هەڵوێستە بەرزانەی لێ چاوەروان دەکرێت و قسەی دڵی هەمووانی کرد، کە گەلی کوردستان خاوەن کەرامەتە و لەکەس قەبووڵ ناکات یاری بە کەرامەتی بکات، هەروەک جەنابیان فەرمووی شۆڕش و هەزران شەهید و قوربانی لە پێناو مووچە، یا لە پێناو سەربەرزی وپاراستنی کەرامەت بوو؟ کاتی رژێمی پێشوو مووچە هەبوو ئەی بۆ شۆڕش و خەبات بەردەوام بوو؟
بەغدا گرنگە و کاتی ئەوە هاتووە بەراشکاوی دان بە هاوبەشی و شەراکەتی گەلی کوردستان دابنێ و بڕگەکانی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ جێبەجێ بکات و پابەند بێت پێیان، و چیتر لە هزر و تێروانینی هەندێ بۆچوونی شوڤێنی و ئەجندای دەرەکی مامەڵە لەگەڵ کوردستان نەکات، یا ئەوەتا (لکم دینکم و لی دین)، چونکە عێراق ئارامی و هێوری بەخۆوە نابینێ تا پابەندی دەستوور نەبێت و گرفت و ناکۆکییەکان لەگەڵ کوردستان لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە و لێکتێگەیشتنەکان چارەسەر نەکات.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم کرد، و گوتی پەنجا بە پەنجا قەبووڵ نییە، بێگومان ئەوەش داواکاری دیموکراتی خوزان و دڵسۆزانی کوردستانە، ئەگەر ئەو شێوازە جارێکی دیکە قەبووڵ بێت کە لە کات و ساتێک قەبووڵ کرا ئەوە بارودۆخەکە وای دەخواست و بینیمان ئاکامەکەی چی بوو، گەلی کوردستان نایەوێت ئەو ئەزموونە تاڵە جارێکی دیکە دووبارە بێتەوە، و لە لایەکی دیکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ؟ ئەگەر پۆستەکان لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا دابەش بکرێت ئەوە پێویست بە هەڵبژاردن ناکات.
هەڵبەتە هەندێک وتەکانی سەرۆکیان بەشیوازێکی چەواشەکاری لێکدایەوە کە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە و یا ئەوان هۆکاری ئەم بارودۆخەن، ئەگینا کەس هەیە پارێزگاری لە کەرامەتی نیشتمان و هاووڵاتی نەکات تەنیا ئەوانەی کەرامەتی خۆیان لەدەست دابێت و خاوەنی نەبن.
و ئەگەر بەرپرسێک لێرەو لەوێ بڵێ لە بری مووچە کەرامەتیان بۆ دەنیرین، ئەوە ئەگەر ئەوان خاوەن کەرامەت بان دەیانزانی کەوا ئەگەر ئێمە خاوەن کەرامەت نەبین بەو حاڵە رازی دەبووین، بەڵام ئێمە خاوەن کەرامەتین و خۆمان بۆ کەس ناچەمێنین تەنیا بۆ خوای مەزن و دلۆڤان نەبێ.
کاریگەری سەرۆک بارزانی تەنها لە بڕیار و کردارەکاندا نییە هەرچەندە ئەمە تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە – بەڵکو لە هەموو وشەیەکدا کە باسی بابەتێک دەکات، چونکە قسەکردن یەکێکە لەبەهێزترین چەکەکانی سەرکردەی کاریگەر لەگەڵیدا ئیلهام بەخشە وڕێنمایی دەکات و گۆڕانکاری دروست دەکات، وشەی دروست لەکاتی گونجاودا جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات.
یەک هەرێم یەک پەرلەمان یەک حکوومەت یەک پێشمەرگە…..