د. نه‌هله ئه‌فه‌ندی
زۆر ده‌مێك بوو چاوەڕێ بووین به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر روون و ساده‌مان ده‌ست كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بەو ڕاستییه ئاشنا بن كه له به‌غداوه گیروگرفتی سیاسی رووبه‌ڕووی موچه‌خۆرانی كوردستان ده‌كرێته‌وه، باشترین به‌ڵگه‌ش دواخستنی مووچه‌ی مانگی رابردوو بوو به‌بێ هیچ بیانوو و هیچ گرفتێكی دارایی و ته‌كنیكی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه 20 رۆژ مووچه‌ی مووچەخۆرانی كوردستانی دواخست. ئەو قسانەی دەكران، گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیست نانێرێ و كەمتەرخەمیی دەكرێ و بابەتی تەكنیكیی هەیە، كه‌چی ده‌ركه‌وت 20 رۆژ بوو بەبێ هیچ كەموكورتییەك له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه لیست ره‌وانه كرابوو، بەڵام جارێكی دیكە مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان دوا خست.
به‌داخه‌وه هیچ هۆكارێك نه‌بووه كه وه‌زاره‌تی دارایی پێمان بڵێت بۆ مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی دواخست، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بڕیاره تێبینییان له‌سه‌ر لیست، یان ناو، یان هه‌ر شتێك هه‌یه، ناكرێت له‌كۆتایی مانگ تێبینی و ره‌خنه بخه‌نه روو، ده‌بێت له‌ناوه‌ڕاستی مانگ ئه‌و بابه‌تانه چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كارنه‌كاته سەرئهوهی له‌كۆتایی مانگ یاریی به مووچه‌ی مووچەخۆرانی كوردستان بكرێت و شتێكی سه‌یری له دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگی رابردوو هه‌یه، نه گۆڕانكاری له كوردستانه‌وه روویداوه، نه به‌غدا داواكاریی هه‌بووه، كه‌چی خۆیان بڕیاری خه‌رجكردنیان دا، له‌كاتێكدا ئێستاش نازانین پاساوی نه‌ناردنی مووچه چی بوو.
ئه‌م سیاسه‌ته دواجار له پێگه‌ی عێراق و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ش ده‌دات كه پێشووتر له‌وباره‌وه كراون، جارێكی دیكە مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دوا كه‌وت، بەبێ هیچ پاساوێك و بەبێ ئەوەی بگوترێت بۆ نانێردرێت، به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێ بكرێت به‌م كام هۆكاره نانێردرێت، دواییش نێردرا، ئه‌مه ته‌واوی متمانه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا ناهێڵێت و جارێكی دیكه ناتوانرێت به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كان بكرێت.
به‌شێكی دیكه‌ی گرفته‌كانیش له‌وه‌دایه كه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه تائێستا ده‌ستی ده‌ستی ده‌كرێت و رێگا نادرێت رێككه‌وتنی نه‌وتی كوردستان هه‌نارده بكرێت، ئه‌مه‌ش هه‌م گیروگرفت بۆ یاسای بودجه‌ی عێراق و هه‌م بۆ مووچه‌خۆرانی كوردستانیش دروست ده‌كات.
ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، درێژكراوەی ئه‌و پێشێلكارییە دەستوورییانهیه كه به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ئه‌مه كوشتنی نیازپاكی و سفركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ی،ه كه له‌پێناوی نه‌هێشتنی ئاسته‌نگ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌نرێت. ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگادار بین، چه‌ند جارێك له‌سه‌ر خودی ئه‌و پێشێلكارییانه به‌غدا ئاگادار كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه دیاره هه‌وڵێك له به‌غداوه هه‌یه كه كه‌س خۆی نه‌كات به خاوه‌نی دواخستنی مووچه و هه‌مووشیان خاونداریی سزاكانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ده‌كرێت پێشێلكاریی ماده‌كانی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراقە كه مافی به هه‌رێمی كوردستان داوه نه‌وت ده‌ربهێنێت و ته‌واوی شایسته‌ی دارایشی له به‌غداوه بۆ بێت، نه‌ك ته‌نیا پاره‌ی مووچه، به‌ڵكوو پاره‌ی وەبه‌رهێنان و پاره‌ی بودجه‌ی سیادییش، له بودجه‌ی ساڵی 2026دا ئێمه داوای بودجه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین له بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، چی به ئێمه دراوه؟ هیچ نه‌دراوه. له بودجه‌ی سیادی چی دراوه؟ دیسان هیچ نه‌دراوه. له بودجه‌ی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 له عێراقدا یه‌ك ملیۆن كه‌س دامه‌زراون، یه‌ك كه‌سیان له پشكی هه‌رێمی كوردستان دانه‌مه‌زراندووه.
ئێستا له عێراقه‌وه ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فهرمانهرانیش بۆ كوردستان نادرێت، له‌كاتێكدا دامه‌زراندنی لای خۆیان به‌رده‌وامه. درێژه‌دان به‌م سیاسه‌ته دواجار زیان به پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت و خه‌ریكه متمانه نامێنێت. له كوردستان چه‌نده ئاماده‌كاری بكرێت بۆ لیستی مووچه و گرفته‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێن، دواجار له به‌غداوه ئاسته‌نگ و گرفتی بۆ دروست ده‌كرێت و ئه‌مه‌ی ده‌كرێت به‌پێچه‌وانه‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵیشه كه دادگا رایگه‌یاندووه مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان نابێت تێكه‌ڵی هیچ بابه‌تێكی دیكه بكرێت، پێویستە به بێ هیچ بیانوویه‌ك مووچه بدرێت.