مەشخەڵ كەوڵۆسی
تێگەیشتن لەواقیعی سیاسی و سایكۆلۆژیای بڕیار بەدەستەكان و، دواتریش خوێندنەوەی ورد بۆ كارتەكانی بەردەستی خۆت، یەكێك لەهەرە پێویستییەكانی هەر كارەكتەرێكی سیاسییە.
واتە تۆ بۆ ئەوەی بتوانیت بگەیتە ئامانج، پێویستە زۆر بەوردی دیراسەی دۆخی هەنوكەیی سیاسەتی دەولی بكەیت” بێگومان تێگەیشتن لەسایكۆلۆژیای بڕیاربەدەستە گەورەكانی دنیاش، بەشێكە لەو دیراسەیە و زۆریش پێویستە” دواتریش پێویستە سەیری كارتەكانی بەردەستی خۆت بكەیت و، بەگوێرەی وشیاری و دیراسەی ورد و بابەتی، بڕیار بدەیت كام كارت لەكوێدا و كەی بەكاردەهێنیت.
بۆنمونە: تۆ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەڵمانیای سەردەمی نازیەت، ناتوانیت بەبێ تێگەیشتن لە ئەقڵیەت و سایكۆلۆژیای هیتلەر، یەك هەنگاو پێش بكەویت. یان بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا بچیتە پێشەوە، ناتوانیت هیچ هەنگاوێك بنێیت، ئەگەر فلادیمێر پۆتین وەكو خۆی كە هەیە نەناسیت.
دەبێت زۆر بەباشی باكگراوندی پەروەردەیی و بەهاكان و، ئایدۆلۆژیا و ئەولەویەتەكانی هەر سەركردەیەكی باڵا دیراسە بكەیت ، ئەوجا بڕیار بدەیت لێی بچیتە پێشەوە.
ئەمە وەكو پڕنسیپی بۆ هەموو جوڵە سیاسییەكان و ئامانجە ستراتیژییەكان و خواستی ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی هەنوكەیی و درێژخایەنیش ڕاستە. بێگومان بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی سیستەمی سەرۆكایەتییان هەیە، ڕاستەو دەگونجێت، بەئەمریكایشەوە.
ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر بڵێم: سەردەمی ترامپ، ڕوونترین سامپڵە لەسەر ئەوەی ئەم ڕێسایە لە جوڵەی سیاسی بەرقەرارە. تێگەیشتن لەسایكۆلۆژیا و ئامانجی ترامپ، مەرجی سەرەكییە بۆئەوەی بتوانیت پشتیوانی ئەو بەدەست بهێنیت، بەبێ خۆبەستنەوە بەوەی پێشتر چی بوویت و، دواتر دەتەوێت چی بیت.
لێرەدا ئاماژە بە مامەڵەی حوسییەكان لەگەڵ ترامپ، سودبەخش دەبێت بۆ ئەوەی تێبگەین لەوەی ترامپ تایبەتمەندی خۆی هەیە، حوسییەكان لەم پۆرتەوە چوونە ژوورەوەو، ئەگەرچی ئەمریكا بەوە ناسراوە كە لایەنگری ڕەهای ئیسرائیلە لە نوكە دەرزییەوە تاكو بۆمبی ئەتۆم، بەڵام حوسییەكان توانییان درز بخەنە نێوانی ئەمریكا و ئیسرائیل، بەجۆرێك بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل، ئەمریكا ئاگر بەستی لەگەڵ حوسییەكان ڕاگەیاند.
زۆر بەڕوونی ترامپ دەیەوێت زۆرترین پشتیوانی بۆ ئابووری ئەمریكا دروست بكات. سەرچاوەكانی وزە و، سەرچاوە و ڕەگەكانی بازرگانی و، توانای دۆلار، برەو پێ بدات و، ببێتە فریادڕەسی ئابووری ئەمریكا.
دەی ئەوە پۆرتێكی گرنگە و، زمانێكی ئەوەندە سادەی مامەڵەیە، كە هیچ ئیعتبارێكی بۆ هاوپەیمانێتی و تەنانەت بۆ یاسای نێودەوڵەتیش نەهێشتۆتەوە. بەڵكو دەكرێت بەسادەترین زمان سەودا و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
هەر لەم پۆرتەوە كورد دەتوانێت بچێتە ژوورەوەو، نەوت و سەرچاوەكانی گازی سروشتی و، ژێرخانی سامانی سروشتی كوردستان بخاتە سەرمێزی دانوستان و، بەڕوونی بەترامپ بگوترێت: سەرجەم نەوت و سامانی سروشتی كوردستان، لەبەرانبەر مسۆگەركردنی پاڵپشتی ئەمریكا بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
نەوت بەرانبەر سەربەخۆیی.. لەم دەرفەتە زێڕینەی سەردەمی ترامپدا، ستراتیژێكی گونجاوە بۆ سەردەمێكی دەگمەن كە چیتر دووبارە نابێتەوە.دواجار تەنها دوو خاڵ بەبیردەهێنمەوە:
1-لەسەردانەكەی ترامپ، بڕیاردراوە سعودییە ببێتە خاوەنی تەكنەلۆژیای ئەتۆمی.
2-لەسەردانەكەدا ئاسۆیەكی دروستكراوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی فەلەستین.
هەركام لەو دووخاڵە، زۆر گرنگترن و پڕمەترسیترن لەدروستكردنی دەوڵەتێك بۆ كورد.. بەڵام ترامپ ئەو دوو كارە لەبەرانبەر سەرمایەگوزارییەك دەكات كە سعودییەكان بڕیاریانداوە بەبەهای 600 ملیار دۆلار لەئەمریكا ئەنجامی بدەن. واتە سعودییەكان توانییان بە 600 ملیار دۆلار، ئەتۆم بۆ خۆیان و دەوڵەتی سەربەخۆیش بۆ فەلەستینییەكان لەترامپ وەربگرن.
ئایا كورد ناتوانێت بە بەكارهێنانی نەوت سەرچاوە سروشتییەكانی خۆی، بەڵێنی دروستكردنی دەوڵەتێك لە ترامپ وەربگرێت؟….