بێدەنگی، سەرکەوتنە!

عوسمان ڕانیەیی
بێدەنگی، ئەو زمانەیە لە پۆلەکاندا فێر ناکرێین، میراتێکیش نییە لە باوانەوە لە بۆمان جێ مابێت، نهێنییەکە زۆر جار پیتەکانیش گوزارشتی لێ ناکەن، بەڵام هەمووان بە شێوازی جیاواز لێی تێدەگەین، چو5432ونکە بەرهەمی هزری مرۆڤە. بێدەنگی، چەکێکی نادیارە، لەوانەیە پڕیشکەکانی شەڕێک هەڵگیرسێنێ، بەپێچەوانەشەوە، دەتوانێ لە ڕێگای ئاگری ناکۆکیی و جەنگ خامۆش بکات.
هەندێ کات بێدەنگی دەبێتە قەڵغان و خاوەنەکەی دەپارێزێت، هەندێ جاریش دەبێتە زنجیر، دەنگەکان کۆتوبەند دەکات، لێرەوە دەپرسین ئایا بێدەنگی هێزە، یان هوشیارییەکی کەڵەکەبووە لەپشت هەیبەت و کەسایەتیی مرۆڤ؟
دەگوترێت؛ کەسی بێدەنگ زانایە و لە کاتی هەڵچووندا جڵەوی خۆی دەکات، تاکوو نەخزێتە ناو ژاوەژاوێکی بێبایەخەوە، بەوەش هەوڵ دەدا قسە و وشەکانی دانەبەزنە ئاستێکی نزم و نەچێتە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانێیەکی بێسوود، چوونکە دەزانێ هەندێک جەنگ بە هزر دەکرێ، نەک بە زمان، لێرەوە دەبینین کە بێدەنگی هێزە، بەڵکوو جۆرێکە لە سەرکەوتن، ئەمەش پێمان دەڵێ مەرج نییە ئەوەی هاوار و دەنگەدەنگ دەکا بەهێز بێت، مەرجیش نییە ئەوەی بێدەنگ بوو لاواز و بێهز بێت.
لە هەندێک دۆخدا مرۆڤ بێدەنگی هەڵدەبژێرێ، چونکە خۆی لەسەرووی ئەو شتانەوە دەبینێ کە دەگوترێن، ئەمەش بۆ ڕقلێبوونەوەی کەس نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆیەتی، ئەگەرچی هەموو کات بێدەنگبوونیش باش نییە و ئازایەتی نییە، کاتێک مرۆڤ لە بەرامبەر ستەم و ناحەقیدا بێدەنگ دەبێ، لەو کاتەدا بێدەنگبوونەکەی دەبێتە جۆرێک لە جۆرەکانی ناپاکی لەگەڵ خۆی و کەسانی دیکە. لێرەوە بێدەنگبوون دەگۆڕێ بۆ لاوازی، چونکە دەنگهەڵبڕین هەڵوێستە، ڕاوەستانە بەرامبەر خراپەکاری، ئەگەر بە کەمترین دەربڕینیش بێت، ئەمەش دەبێتە پەرچەکردارێک لە بەرامبەر ناڕەوایەتی.
لەوانەیە گرنگترین جۆرەکانی بێدەنگی ئەوە بێت لە ناخماندا هەڵمانگرتبێ، کاتێک کەسێک نییە گوێبیستت بێ و لێت تێ بگا، یان کاتێک بێزار دەبی لە باسکردنی کێشەیەک و چارەسەر نابێ، بۆیە ناچار دەبی قسەکانت بخەیەوە هەناوی خۆت، لەو کاتەدا بە بێدەنگی لەگەڵ خۆتدا دەدوێی و پەنا دەبەی بۆ یەزدان لەوەی لە هزر و دڵتدایە و بە بێدەنگی گفتوگۆی دڵی خۆتی لەگەڵ دەکەی.
ئەم بێدەنگبوونەی ناخت ڕاکردن نییە لە ڕاستی، بەڵکوو چرکەساتی پاککردنەوەی هزرەکانە، داڕشتنەوەی سەرلەنوێی ئایکۆنەکانی دڵ و ناخە، لەو کاتەدا ئەوە تێدەگەین کە خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزین بۆ دەربازبوون لەو دۆخە خراپ و دژوارە.

هەندێک جار بێدەنگی واتای گوێپێنەدانی کەسەکان نییە، بەڵکوو مانای ئەوەیە کەسی بێدەنگ ئەزمووندارە و زۆر حاڵییە، بۆیە پێویستی بە قسەکردن نییە، کەسانێکیش هەن بێدەنگی هەڵدەبژێرن، چونکە دەزانن لە هەندێ شوێن و کاتدا قسەکردنیانا هیچی لێ پەیدا نابێ، بەڵکوو لێدەگەڕێن داهاتوو ڕاستیی قسەکان بسەلمێنێ و سەبر و ئارامگرتنەکەی بەر بگرێت. بەکورتی، دەبێ فێری ئەو هونەرە ببین کە (بێدەنگی) حیکمەتە، نەک ڕاکردن لە مەیدان، بەڵکوو هەبوونی عەقڵە بەبێ هاتوهاواری ناڕەوای بێ سوود.