عومەر چنگیانی
وەك بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، پێشنیازمان كردبوو، زۆرێك لە مامۆستا بەڕێزەكانی مزگەوتەكانی كوردستان، بابەتی سەردێڕیان كردە توێشووی گوتاری هەینی ڕابردوو و ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجە كوبرا ٩/٥/٢٠٢٥ كردمانە گوتاری زنجیرە 292مان كە سەرەتا بە ئایەتی 180ی سوورەتی (البقرە)وە دەستمان پێكرد كە ڕووی گوتاری دەكاتە مسوڵمانان و دەفەرمێ: (بەپێویست گێڕراوە لەسەرتان ئەوكاتەی یەكێك لەئێوە دەگاتە سەرەمەرگ، گەر زانی لەدوای خۆی سامان و داهات و ماڵێك جێ دەهێڵێت، كە وەسیەت بكات بۆ دایك و باوك و خزمە نزیكەكانی بە چاكە و ڕەچاوكردنی هەڵسوكەوتی باوی دروستی نێوانتان، كە ئەمەیش ئەركە لەسەر ئەوانەی ترسی خوایان لەدڵدایە و، عەوداڵی خۆپارێزی لە تووڕەیی و خەشمی خوان).
ئیسلام بایەخێکی زۆری داوە بە بابەتی وەسیەت، چونکە یەکێکە لە گرنگترین ئەو کارانەی کە بەندە دەتوانێت لە ڕێگەیەوە خۆی لە خوا نزیک بکاتەوە.
گرنگیی وەسیەت و حیکمەت لە دانانیدا:
بێگومان، یەکێک لەو کارە چاکانەی کە بۆ مرۆڤ دەمێننەوە لە دوای مردنی و تەرازووی چاکەکانی قورس دەکەن و لە دواڕۆژدا پلەکانی بەرز دەکەنەوە، وەسیەتە.
وەسیەت پەیوەندییەکی بەردەوامە لە نێوان مرۆڤ و ژیانی دنیادا.
مرۆڤ بە جەستە و لاشەی لە ژیان دەردەچێت، بەڵام وەسیەتەکەی وەک شوێنەوارێک لە شوێنەوارەکانی دەمێنێتەوە، کە پاداشتی لەسەر دەنووسرێت و گوناهی لێ دەسڕدرێتەوە و پلەی پێ بەرز دەکرێتەوە.
لەئیسلامدا زۆر جەخت کراوەتەوە لەسەر وەسیەتکردن و، لە قورئانی پڕ لەبەخشش و سوننەتی پێغەمبەریشدا – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – بەگرنگی باسکراوە.
تەنانەت نابێت مسوڵمان بمرێت و وەسیەت بۆ ئەوانەی دوای خۆی بەجێ نەهێڵێت.
ئایینی ئیسلام وەسیەتی داناوە لەبەر چەند حیکمەتێک، لەوانە:
• لە ڕێگەی وەسیەتەوە مرۆڤ دەتوانێت ئەو کارە خێر و چاکانە ڕاست بکاتەوە کە لە دەستی چووە، کە بۆ خۆی و بۆ تاک و کۆمەڵگە خێر و سوودی هەیە.
• سوودی بۆ کۆمەڵگەی مسوڵمانان هەیە، لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پرۆژە خێرخوازییەکاندا.
• مسوڵمان مافی هەیە و ئەرکی لەسەرە و، لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت، ئەگەر نەیتوانی بە تەنیا بیکات، دەتوانێت کەسێکی تر جێگرەوەی بکات و، ئەمەش لە ڕێگەی وەسیەتەوە دەکرێت.
وەسیەت ئامادەکارییە بۆ دوای مردن:
هەندێک وەسیەت هەن کە نووسینیان واجبە و، هەندێکیان سوننەتن. ئەوەی کە نووسینی واجبە ئەوەیە کە پێویستە مرۆڤ وەسیەت بکات بە دانەوەی ئەو مافانەی کە لەسەریەتی، چ ئەو مافانە بۆ بەندەکان بێت، وەک قەرزەکان، هەروەها ئەوەی کە لەلای هەیە لە سپاردە و ئامانەت، یان مافەکان بۆ خوا بێت، وەک کەفارەتەکان، حەجی فەرز و زەکاتی نەدراو، ئەمەش بە نووسین تۆمار بکرێت، بۆ ئەوەی هەقی کەس نەفەوتێت. هەروەها ئەگەر مافی کەسێکی لەسەر بوو و، وەری نەگرتەوە و لێی خۆش نەبوو لە کاتی تەندروستیدا، ئەوا پێویستە تۆماری بکات، بۆ ئەوەی بۆ میراتگرانی نەفەوتێت.
هەندێک وەسیەتی بەنرخ پێش مردن.
• وەسیەتکردن بە دانەوەی قەرزەکانی ئەگەر لەسەری بوو.
• جێبەجێکردنی وەسیەتەکانی ئەگەر لە چوارچێوەی شەرعدا بوو.
• وەسیەتکردن بەوەی کە شیوەن نەکەن و سنگیان نەدڕێنن.
• وەسیەتکردن بە پاراستنی پارە و مڵکی وەقف و بەردەوامیدان پێی و، دەستدرێژینەکردنەسەریان و بەکارنەهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بە پێچەوانەی مەرجی وەقفکار.