بەكر كەریم حەسەن
(ستیڤ هارڤی) ئەكتەری ئەمریكایی دەڵێ “سەركەوتن لەناكاو نایەت، بەڵكو دەرئەنجامی كاری سەخت و بەردەوامە “.
زۆرجاران مرۆڤ خەیاڵ دەكات و بیر دەكاتەوە، كۆمەڵێ ئامانج و خەونی هەیە، لەوانەیە ژیانی بگۆڕێت، لەگەڵ هاتنەدیی خەون و ئامانجەكان. بەڵام لەگەڵ خۆی دادەنیشێ و بیر دەكاتەوە بە خۆی دەڵێ سبەی دەست پێ دەكەم، یانیش هەفتەیەك یان مانگێكی تر دەست دەكەم بە هەوڵدان بۆ هێنانەدیی خەون و ئامانجەكان. بەڵام ئەو سبەی و هەفتە و مانگە نایەت، ناكرێ چاوەڕێی دەستپێكردن بین و هەر چاوەڕوانی و خەیاڵكردنێك تەڵەیەكە بۆ خۆت لێی دەرباز نابی.
پێویستە زۆری لە خۆت بكەی و خۆت ناچار بكەی دەست بە هەنگاوەكان بكەی و ڕووبەڕووی كارەكان ببیتەوە؛ تا ڕووبەڕووی كارەكان ببیتەوە بەهێزتر دەبی و هیچ شتێ ناتوانێ ڕاتبگڕێ؛ هەموو دەستپێكردنێك بڕیاردانە و لە ئامانجەكانت نزیكت دەكاتەوە، لە هەمانكاتدا سەركەوتن و زاڵبوونە بە سەر تەوەزەلی و دواخستن و پاشخستن كە هەمیشە دەبنە ڕێگر و كۆسپ و ئاستەنگ بۆ پێشكەوتنەكان. بۆیە گرنگە لە هەر كارێكدا دەبێ كۆششی بۆ بكرێ و بە ڕاستی هەنگاوی بۆ بهاوێژرێ و هەرگیز دەستەوەستان نەبیت و خۆ بەدەستەوە نەدەیت، پەرۆشی و ئارەزوو و ڕاستكاری و كۆششكاری بەردەوام بنەما و بنچینەی سەركەوتنی هەموو كارێكن لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیان، پێویستە پەرۆشی ڕاستەقینەییمان هەبێت بۆ ئەنجامدانی كارەكان. كۆڵ نەدەین و دەستبەردار نەبین ئەوەش بە دڵنیاییەوە هێز و سووربوون و زاڵبوونمان پێ دەبەخشێ و لە ئەنجامەكان نزیكمان دەكاتەوە.
كۆششكاری و ڕاستكاری ناوەستێتە سەر ئەوەی زۆرترین كات لە كار و دەوام بین هەر بە تەنها، بەڵكو پێویستی بە بەخشینی وزە و تەقالای چڕ و هەوڵدانی بەردەوام و جێگیری و دەستبەرنەدان هەیە، پێویستی بە تێگەیشتنی ڕوون و پاڵپشت بە ئامانەتپارێزی و ڕەوشتبەرزییەکی قایم و داكوتاو هەیە. لەگەڵ تواناداری لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئاستەنگ و بەربەستەكان و، لە هەمان كاتدا ئامادەیی بۆ بەخشینی هەر قوربانییەك ئەگەر پێویستی كرد، گرنگ پابەندی و ڕێككاری و وردی و ڕاستی و ڕاستگۆیی و ئامانەتپارێزی لە كارەكان بە گشتی كە بنەمای سەرەكین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان. هەر بۆ نموونە (ئەبراهام لینكۆڵن) كە زیاتر لە (٣٠) سی ساڵ لە ژیانێكی پڕ لە شكست دەژیا و شكست لە دوای شكست لەگەڵی بوو بە درێژایی ساڵ و مانگ و ڕۆژ تا لە شەوانیش هەر لە خەیاڵی شكستەكانیدا بوو؛ ساڵی (١٨٣٢) دەرنەچوو لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی وەزیران؛ ساڵی (١٨٣٣) تووشی شكست بوو لە كارەكەی؛ ساڵی (١٨٤٣) ئەندامیەتی كۆنگرێسی لەدەست دا و، ساڵی (١٨٥٦) پۆستی جێگری سەرۆكی لەدەست دا، بەڵام سەرەڕای ئەو هەمووە شكست و دۆڕان و كەوتن و سەختیانە، بەڵام نەوەستا و بەردەوام بوو؛ ئاخری ئەوەی دەیویست بەدەستی هێنا؛ دوایی زنجیرەیەك بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە، هەڵبژێرا بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؛ سالی (١٨٦٠) بوو بە یەکێک لە سەرۆکە گەورە و سەرکەوتووەکانی ئەمەریکا. لەبیرمان نەچێت، ڕاستكاری و کۆششی بەردەوام، ئاخری خەون و خەیاڵ دەگۆڕێ و دەیکاتە واقیع و ئەنجام.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی