م.نێزگز بایز عبدالرحمن
پەرستار کێیە؟
پەرستار کەسێکە کە بەشی پەرستاری تەواو کردووە و بڕوانامەیەکی زانستی هەیە لەو بەشەدا و یاریدەدەری پزیشكە، لە زمانەوانیدا پەرستار بە واتای خەمخۆر و دڵسۆز دێت و کەسێکە کە ئاگاداری کەسانی دیکەیە، لە زمانی ئنگلیزیشدا کە پێی دەوترێت نێرس بەواتای گەورەکردن و خۆراک پێدانی کەسانی دیکە دێت، کەواتە پەرستار کەسێکە کە لە نەخۆشخانەدا چاودێری نەخۆش دەکات بەشێوەیەکی زانستی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، پەرستار دەبێت دەرچووی بەشی پەرستاری بێت و شارەزای کاری پەرستاری بێت.
م.نێزگز بایز عبدالرحمن پەرستاری ئافرەتان بۆ هێلین میدیا تایبەت بە ڕۆلی پەرستار تیشکی خستە سەرئەرک و ڕۆلەکانی پەرستار لە چەند لایەنێکەوە.
ڕۆلی پەرستار لر نەخۆشخانە:
پەرستار ئەرکی تەواوکردنی کاری پزیشک و چاودێری نەخۆشە و زیاتر لە پزیشک لەگەڵ نەخۆشەکاندا دەمێننەوە و بۆ هەر حاڵەتێکی نەخۆشەکە پێویستی بە پەرستار هەیە بۆ نموونە نەخۆش پێش نەشتەرگەری دەبێت چاودێری ورد بکرێت و کارە پێویستییەکانی لەلایەن پەرستارەوە بۆ بکرێت و بە هەمان شێوە لە کاتی نەشتەرگەر ییەکەشدا دەبێت یاریدەدەری پزیشک بێت و پاش هاتنە دەرەوەی نەخۆشیش لە ژووری نەشتەرگەری دووبارە کارە پێویستییەکان دەبێت پەرستار ئەنجامی بدات، جگە لە چاودێری تەندروستی جەستەی نەخۆش پەرستار چاودێری تەندروستی دەروونی نەخۆشیش دەکات و دڵیان دەداتەوە بە قسەی جوان هەڵسوکەوت دەکات بەتایبەتی پەرستاری بەشی نەخۆشییە دەروونییەکان.
ڕۆلی پەرستار لە کۆمەلگا:
ڕۆڵی پەرستار لە کۆمەڵگادا بریتییە لە پێشخستنی تەندروستی، ڕێگریکردن لە نەخۆشی، و باشترکردنی خۆشگوزەرانی تاک و خێزانەکان لە دەرەوەی شوێنەکانی نەخۆشخانە. پەرستارانی کۆمەڵگا سەردانی خەڵک دەکەن لە ماڵەکانیان، قوتابخانەکانیان، یان کلینیکەکانیان بۆ پێشکەشکردنی چاودێری وەکو بەستنی برین، کوتان، پشکنینی تەندروستی، و بەڕێوەبردنی حاڵەتە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە یان بەرزی پەستانی خوێن. هەروەها پالپشتی نەخۆشە بەساڵاچووەکان یان کەمئەندامەکان دەکەن کە پێویستیان بە چاودێری ماڵەوە هەیە..
پەرستارانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەروەردەی تەندروستیدا. خەڵک فێری پاکوخاوێنی و خۆراک و پلاندانانی خێزان و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان دەکەن. ئەوان لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و بەرنامەکانی تەندروستی گشتی کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی وەک نە خۆشیە بڵاوبووەکان، گەشەکردنی منداڵ، یان چاودێری تەندروستی دایکان.
ڕۆلی پەرستاری ئافرەت لە نەخۆشخانە:
پەرستاری ئافرەت وەک هەر پەرستاریکی تر ئەرکی خۆی هەیە بە بی گوێدانە رەگەز . بەلام پەرستاری ئافرەت شێوازی مامەلەکردنی جیاوازترە ئەتوانێ ڕۆلی دایک یا ن خوشک ببینێ بۆ نەخۆشەکان و پالپشتی و سۆزی تەواوی خۆی دەرببرێ بۆ نەخۆشەکان، کە ئەمەش وا لە نەخۆش ئەکات متمانەی تەواوی بۆ درووست ببێ و هەست بە ئارامی و ئاسوودەی زۆر بکات، ببێتە هۆی کەمبونەوەی ئازاری نەخۆشیەکەی.
لە زۆرێک لە کولتوورەکان و دامو دەزگا تەندرووستییەکان، پەرستارانی ئافرەت ڕۆلێکی بەرچاوییان هەیە لە چاودێریکردنی دایکانی دووگیان و پێدانی ڕێنمایی پێش منداڵ بوون و دوای منداڵ و پێشکەشکردنی ڕێنمایی سەبارەت بە شیرپێدان و چاودێری کۆرپە. سەرەڕای ئەوە، پەرستارانی ئافرەت زۆرجار ڕۆڵی سەرکردایەتی لەناو بەشی نەخۆشخانەکاندا دەگرنە ئەستۆ، وەک سەرپەرشتیاری، پەروەردەکار، یان ڕێکخەر کاردەکەن، هەم شارەزایی کلینیکی و هەم لێهاتوویی بەڕێوەبردن نیشان دەدەن.
کەسایەتیی پەرستار:
پەرستار دەبێت ڕێکوپێک بێت و ڕێز لە نەخۆشەکانی بگرێت و بەشێوەیەکی جوان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و لە کاتی قسەکردندا وشەی جوان بەکاربهێنێت و بزانێت چۆن دڵی نەخۆش دەداتەوە.
هەموو پەرستارێک دەبێت نهێنی پارێز بێت، نهێنی پارێزی ڕەوشتێکی جوانە لە هەموو کارێکدا بەڵام لە پیشەی پزیشکیدا زۆر پێویستە و جوانترینە، چونکە بەهۆی مامەڵەکردن و چارەسەری نەخۆشەوە زۆرینەی کێشەکانی نەخۆش دێنە بەردەست و زۆرجار بەشێک یان هەموو بەشی جەستەی نەخۆشەکە دەبینیت و نهێنییەکانی ژیان و جەستەی دەزانیت، بۆیە پێویستە کە هەموو نهێنییەکانی بپارێزیت و بۆ هیچ کەسێکی باس نەکەیت.
بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەگەڵ نەخۆش و کەسی لای نەخۆشەکەدایت پێویستە کەسێکی کۆمەڵایەی بیت و بتوانیت تێکەڵی خەڵکی ببیت و قسەیان لەگەڵدا بکەیت، پەرستارێکی گۆشەگیر ناتوانێت بەباشی خزمەتی نەخۆش بکات، هەروەها نەخۆشیش ئاسوودە نابێت لەگەڵیدا و بەباشی لێی تێ ناگات.
پیشەی پەرستاری ناخۆشی زۆری تێدایە بۆیە دەبێت پەرستار کەسێکی ئارامگر بێت و بە ئەوپەڕی توانایەوە دان بەخۆیدا بگرێت لە بارودۆخە ناخۆشەکاندا و زوو هەڵنەچێت، هەروەها زۆرجار تەواوی ڕۆژەکە کاری قورس دەکەیت و هیلاک دەبیت گرنگە لەم کاتەشدا ئارامگر بیت و ناڕەزایی دەرنەبڕیت
پیشەی پەرستاری ناخۆشی زۆری تێدایە بۆیە دەبێت پەرستار کەسێکی ئارامگر بێت و بە ئەوپەڕی توانایەوە دان بەخۆیدا بگرێت لە بارودۆخە ناخۆشەکاندا و زوو هەڵنەچێت، هەروەها زۆرجار تەواوی ڕۆژەکە کاری قورس دەکەیت و هیلاک دەبیت گرنگە لەم کاتەشدا ئارامگر بیت و ناڕەزایی دەرنەبڕیت.
پەرستارێکی لێهاتوو بەردەوام هەوڵ دەدات لە بوارەکەیدا خۆی دەوڵەمەند بکات و زۆرترین زانیاری وەربگرێت لەسەر کارەکەی و چارەسەر و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشدا و هەوڵی نوێخوازی دەدات.
کەسانی هەستیار بەگشتی لە کاری پەرستاریدا باشتر و سەرکەوتووترن، توانای دروستکردنی پەیوەندییان لەگەڵ نەخۆشدا زیاترە و زیاتر هەست بە ئازاری نەخۆش دەکەن و بەمەش خەمخۆرتر و دڵسۆزتر دەبن، هەڵبەتە دەبێت بزانیت چی کاتێک هەستیاربوون پێویستە و چۆن ئارامگر بیت کاتێک نەخۆشێک پێویستی پێتە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و میهرەبان بیت بەڵام لە کاتی مردن یاخود بینینی ڕووداوێکی نەخوازراو زۆر گرنگە دان بەخۆتدا بگریت و هەستیار نەبیت و نەگریت و نەشڵەژێیت بۆ ئەوەی بتوانیت بەباشی کارەکەی بۆ ئەنجام بدەیت.