دڵنیام

عارف ڕوشدی
ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، پابەندبوون بە خواستەکانی جەماوەر و ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم، لە بواری پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قەبارەی پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە شارەکانی هەرێم و دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (لە لیست و پاڵێوراوانی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەگەیەنێتە ئەندازەیەکی پێوانەیی وەکو بەهێزترین حزبی گەل و نیشتمانپەروەر، چونکە هۆشیاریی خەڵک لە ئاستێکدایە ئاگادار بێت لە ورد و درشتیی هۆکارە گوماناوییەکانی دواخستنی هاتنە کایەی کابینەی نوێ. بەداخەوە بیانووەکان تەنها خەمساردیی لایەنەکانی دیکەی بەشداربووی پرۆسەی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و گرنگی نەدانە بە خواستەکانی گەل و کورتبینییە بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێویستیی بوونی هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوو.
دڵنیام
ئەگەر لایەنەکانی دیکە هاوشانی پارتی بیریان لە بەرژەوەندییەکانی گەل بکردایەتەوە، دوور لە خواستی بەرتەسکی حزبی و گرێی دەروونی، پرۆسەی دانوستانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئەو پەڕی لە (٢) مانگدا بە ئەنجام دەگەیشت. دەبێ هەموولایەک درک بەو ڕاستییە درەوشاوەیە بکەن (گەل و وڵات، بژێوی و ئازادیی خەڵک و هەڵوێستی کوردستانانە) سەرووی هەموو ئامانجێکی دیکەمان بێت.
دڵنیام
هەڵوێستی ستەمکارانەی حکومڕانانیی ئەمڕۆی بەغدا لە ئاستی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕەنگدانەوەی مەیل و خواست و بیرکردنەوەی ڕێگرانی دەستبەکاربوونی دەیەمین کابینەی حکوومەتی خەڵکی کوردستانە.