شێرکۆ حەبیب
مزگەوت شوێنێکی پیرۆز و پەرستگایە و بە ماڵی خودا ناودەبرێت، واتە گەورەیی و رێزی تایبەتی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن ئەگەر ماڵ پێی بوێت لە مزگەوت حەرامە، کاتی خۆی وەک ئیستا نەبوو، ساتێک مزگەوتێک لە گەڕەکێک گوندێک بونیاد دەنرا خەڵکەکە بەپێی توانا هەر کەسە و شتێکی دەبردە مزگەوت وەک حەسیر – فەرش … لەو بابەتانە بەڵام هەندێ ماڵ کەم دەرامەت بوون خۆیان پێویستیان بەهاوکاری بوو، بۆیە دەڵێن ئەگەر ماڵ پێویستی بێت لە مزگەوت حەرامە، شکور بۆ خودا ئەمڕۆ مزگەوتەکان پێویستیان بە کۆمەک کۆکردنەوە نییە.
مەبەستم لێرە ئەوەیە کاتێک خودی میللەتی کورد پێویستی بەنزا و دووعا بێت بۆ بۆغەیرە کوردی بکەم، بۆ نموونە حزب و لایەنە ئیسلامییەکان کە دەبووایە هەموویان پەیڕەوی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر (د خ) بکردبایە و هەموویان یەک گوتار بوونابایە نەک هەر یەکە و لەسەر مەزهەبێک بێت، من ڕێزم بۆیان هەیە، ئەگەری چی حزب و لایەنە علمانیەکان ئاساییە بیروڕاو و بۆچوونیان جیاواز بێت لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی کۆیان دەکاتەوە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتییە، حزبە ئیسلامییەکان هەر یەکەیان بە بیر و تێروانینێک دەڕوانێتە گرفتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، دوعا و نزا هەندێکیان دەکەن و دەڵێن خاکی داگیر کراوە بە هەموو شێویەک تەعەدایان لێدەکرێت، میللەتی کورد خۆی لە خۆیدا هاو سۆزە لەگەڵ میللەتانی چەساوە چونکە خۆی چەوساوەیە هەست بە ئازاریان دەکات و هەردەم لەگەڵ مافی هەموو گەلان بووە، ئەمرۆ کە داوای کۆمەک و هاوکاری بۆ خەڵکی دیکە دەکەن خەڵکی کوردستانیش پێویستی بە نزا و کۆمەک هەیە و ئاوارەی هەیە، ساتێک گەلی کورد دووچاری ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و پەلاماری داعش هات ئەوانەی ئەمڕۆ نزایان بۆ دەکەن تا ئەمڕۆش دوژمنانی کورد بە پاڵەوان و شەهید هەژمار دەکەن و پاڵپشتیان لە تاوانەکانیان دەکرد، زۆرینەیان کورد بە غەیرە دین دەزانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشد هەندێ لایەنیان پەیوەندی تۆکمەیان لەگەڵ کورد هەبووە و تاوەکو ئیستاش بەردەوامە، دەڵێن خاکیان داگیر کراوە بەڵێ دەڵێن تەعدایان لێکراوە بەڵێ ڕاستە، ئەی کورد خاکی داگیر نەکراوە؟ ئەی مادەی ١٤٠ دەستووری عێراقی بۆ چییە؟ ئەی کورد زوڵم و ستەمی لێ نەکراوە؟ بۆ نزای بۆ ناکەن؟ تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانی کە مافی سەرەتایی مرۆییە بەهەزار ناڵەی عەلی دێت، چەند هەزار گوند و شارۆچکەی کوردستان وێران و خاپور نەکران؟ هەزارن کورد زیندە بەچاڵ نەکران؟ ئەوانەی ئەمڕۆ نزا و کۆمەک کۆدەکەنەوە بە وشەیەکیش هاوسۆزی خۆیان دەربڕی بۆ کورد؟ شام شەکرە وڵات شیرینترە، و هەردەم کورد پشتیوانی لە مافی هەموو گەلانی جیهان کردووە و دژی زوڵم و ستەم و زۆرداری بووە بەرامبەر هەر گەلێکی دونیا، بەڵام تا کوردستان پێی بووێت لە شوێنی دیکە حەرامە.