دیسان هێمن

ڕەسووڵ سوڵتانی
ئێستە بۆ چاری خەمم گۆشەیی مەیخانەیە جێم
من کە ڕۆژێک دەمەویست میللەتەکەم بێخەم کەم
ئەم بەیتە شیعرەی هێمن جیا لە پەیامەکە، لایەنێکی پڕ وردەکاری و شاعیرانەی تێدایە، کە پێویستە وەکوو ڕەهەندێکی جوانیناسانە ئاوڕی لێ بدەینەوە. زۆرمان گوێ لێ بووە گوتراوە و دەگوترێتەوە کە سیاسەت لایەنی جوانیی ئەدەب ناهێڵێ. بەڵام کە ئاوڕ لە جیهانی هونەر و ئەدەب دەدەینەوە، سەیر دەکەین بەشێکی زۆر لە لووتکەکانی ئەو بوارە بەرهەمی سیاسەتن یان بە واتایەکی دی لەو سۆنگەیەوە بە لووتکە گەیشتوون چوونکە ئاوڕیان لە دۆخ و پرسێکی سیاسی داوەتەوە. نموونە لە جیهانی ئەدەبدا زۆر زۆرن کە دەکرێ لە ڕۆمانەکەی سولژ نیتسینەوە (ڕۆژێکی ژیانی ئیڤان دنێسفیچ)ـەوە تا سەگوەڕەکەی موکری و بەزمی تەگەکەی یۆسا و سەدان دەقی شیعریش بە نموونە بخەێنە ڕوو.
کەوابوو ئەو وتەیە دوو لایەنی هەیە، لایەنێکی مشوورخۆرانە کە دەڵێ ئەدەبیات با نەبێتە درووشمی ڕووتی ئایدۆلۆژیی سیاسەت و سیاسەتی ئایدۆلۆژی…
لایەنێکی ترسنۆکانە، کە بەشێک لە نووسەر و شاعیرەکان بۆ خۆدزینەوە لە هەموو بەرپرسیارەتییەکی مرۆیی ئەم وتەیان کردووەتە بنێشتەخۆشکەی سەر زاریان.
ئەم دوو دێڕە شیعرەی هێمن، ئاوێنەی دۆخی ژیانی نەک هەر هێمن بەڵکوو هەموو تێکۆشەرێکی کوردن، تێکۆشەرێک کە بۆ خەبات و بە ئاوات و خەونی ڕزگارکردنی میللەتە بندەستەکەی و ڕەواندنەوەی تەمی خەمی ژێردەستی چەکی خەبات و ژیانی چیایی هەڵدەبژێرێ، بەڵام لە ئاکامدا بۆ ڕەواندنەوەی خەمی خۆی پەنا دەباتە بەر مەی و مەیخانە،
لایەنی هونەری و جوانیناسانە و شاعیرانەی ئەو شیعرە کە نەیهێشتووە ببێتە درووشم و قسە و دەبڕینێکی ڕووتی خەفەت و خەم، لە پاتەبوونەوەی پیتی (م)ـدایە. لەو دوو دێڕەدا ئەو پیتە دە جار پاتە دەبێتەوە. پیتی (م) لێرەدا دۆخی مرۆڤێکی خەمبارمان بۆ وێنا دەکات کا سەری داخستووە و لەبەرخۆیەوە دەڵێم ئمممممممم ئم ئم
دووبارەبوونەوەی پیتەکان لە شیعردا جیا لە دەوڵەمەندکردنی لایەنی مۆسیقایی دەق، مانای دەقەکەش بەرجەستەتر دەکاتەوە.
وەختێک نالی دەڵێ:
بگاتە ئاسمانی بێستوون فەرهادی هاوارم
شەش جار پاتەکردنەوەی پیتی (ا) وێکڕا هەم دووریی نێوان زەوی و ئاسمانی بێستوون(چیا) و بێستوون(بێ کۆڵەکە)مان بۆ وێنا دەکات، هەم بەرزیی هاوارەکە.
لێرەدایە لووتکەی خوڵقاندنی جوانی و واتا.