گەشبینی، نهێنیی سەرکەوتنە

بەكر كەریم حەسەن
(ویلیام جایمس) فەیلەسوفی ئەمریكی دەڵێ: “ڕەشبینی بەرەو بێهێزیت دەبات، بەڵام گەشبینی بەهێزت دەكات.”
بێگومان گەشبینی مەیل و حەز و ئارەووزیەكە وا لە مرۆڤ دەكات تێڕوانین و دیدگای هەمیشە بەرەو لایەنی باشە و چاكە بڕوات و، هەردەم لە هەرگرفت و كێشەیەكدا چارەسەر دەبینێ و تێڕوانینی بۆ گرفت و كێشەكان بەلای باشە و چارەسەردایە و ئەنجامەكان دەبینێت، بە ئارامی و دڵنیایی و ئەرێنی سەیری بابەتەكان دەكات و چاوەڕوانی ئەنجامە باشەكان دەكات و ژیان بە ئەرێنی دەبینێ و كەسەكانیش بەمەبەستی خراپە نابینێ لە هەر ڕووداو بارودۆخێكدا، بەردەوام بەرەو باشە و ئەنجامی باش دەگەڕێ لە كۆتاییدا.
لەبیرمان نەچێت كەسە گەشبینەكان هەمیشە توانا و هێزیان زیاترە بۆ سەركەوتن لە كەسانی تر، چونكە بەردەوام متمانەیان بە خودای گەورە هەیە و متمانەیان بە خودی خۆیان هەیە و هەردەم لە ناخیان لە دڵ و دەروونیان هێز و وزە و باوەڕ و متمانە هەیە ئەوەش هەمیشە ئەنجامی باش مسۆگەر دەكات، گەشبینی نهێنی سەركەوتنە. هەروەكو دەگێڕنەوە “سەرەڕای قورسی بابەتەكانی خوێندن، بەڵام ئادەم هیچ گومانی لەوە نەبوو كەوا دەردەچێ لە تاقیكردنەوەكان و ئەوەی دەیەوێ بەدەستی دەهێنێت. هەرگیز گوێی بە قسەی هاوڕێكانی نەدەدا كە دەیانگوت بابەتەكان قورسن و دەرناچین و ئەو ساڵ دەمێنینەوە لە هەمان پۆڵ.
ئادەم هەستی بە بێزاری زۆر دەكرد لە قسەی هاوڕێكانی كە هەمیشە وزەی نەرێنیان پێدەبەخشی پێیانی دەگوت ئەو جۆرە وشانە ناگونجێن لەگەڵ دەروونی كەسانی گەشبین، بۆیە ئادەم بڕیاری دا گوێ لە قسەی هاوڕێكانی نەگرێ و هیچ گرنگی و بایەخ بە قسەكانیان نەدات، چۆك نەدات و بێهێز و داڕماو نەبێت، بەڵكو بڕوا و متمانەی بەخودای گەورە و بە خودی خۆی هەبێت و لەوە تێبگات كە لە نێوان خودی خۆی و دەروونی گەشبینی هەیە، ئەوەش تاكە ڕێگای سەركەوتنە و هەمیشە گەشبینی پڕۆگرام و نیەت و پلانی كەسە سەركەوتووەكان بووە و هەردەم خودای گەورە خێر و چاكە و باشەی بەندەكانی دەوێت. ئەو بڕوا و نیەت و تێڕامان و تێگەیشتنە لای ئادەم جێگیر و نەگۆڕ بوو. لە تاقیكردنەوەكان و قورسی بابەتەكان نە دەترسا. بەوپەڕی هێز و ئیرادە و بڕوابەخۆبوون و هیوا و گەشبینییەوە چووە تاقیكردنەوەكان و پێشتریش بڕیاری دابوو كەوا سوور بێت لەسەر هەوڵەكانی خۆی ماندوو كرد و ئەوەی لە توانایدا بوو لە پێناو دەرچووندا بەخشی. تاقیكردنەوە تەواو بوو، ئەنجامەكان وەرگیرانەوە، ئادەم بە ئەنجامێكی زۆر باش لە سەرجەم بابەتەكان دەرچوو، چووە لای هاوڕێكانی و بەوپەڕی متمانەبەخۆبوون و بە گاڵتەجاڕیەوە پێیانی گوت كەوا هیچ هەوڵ و ماندوونێك بەفیڕۆ ناچێت ئەوەش ئەنجامی گەشبینی خۆیەتی، لە بەرامبەردا سەرجەم هاوڕێكانی لە بابەتەكان بە ئەنجامی زۆر خراپ دەرنەچوون و لە هەمان پۆڵ مانەوە كە ئەویش لە ئەنجامی بێ متمانەیی و ڕەشبینی خۆیان بوو كە خۆیان بەدەستەوە دا بوو، لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت مرۆڤ دەتوانێ‌ هیوا دروست بكات بۆ خۆی گەشبینی بنیات بنێ و هەردەم تێڕوانینی بەرامبەر خودای گەورە باش بێت و بڕوا و متمانەی هەبێت و گەشبین بێت. هەركاتێك مرۆڤ گەشبین بوو هەموو شتێك دەكرێ ببێت و ئەنجامی هەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی