حەمەسەعید حەسەن
خۆشەویستی تاک بە خواوە گرێ دەدات
کۆتاییی ڕێ ئەو وەختەیە، خەسڵەتە خراپەکانی سۆفی فانی دەبن و ئیدی هەر بە خەسڵەتی چاکەوە باقی دەبێت. یەکگرتن لەگەڵ هەقدا دوو لایەنی هەیە، نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ: (فەناء، بزربوون و مەستبوون) لایەنە نێگەتیڤەکەیە، (بەقاء، وەجد و هۆشیاربوونەوە) لایەنە پۆزەتیڤەکەیە. کە سۆفی چی سیفەتی خەلقە لە دەستی دا، ئیدی بە سیفەتەکانی هەقەوە باقی دەبێت، ئەمەیش نیشانەی ئینسانی باڵا و تەواوە. بەڵام دواتر بۆیە بۆ لای خەلق دەگەڕێتەوە، تا بە هەقیان بناسێنێت. لەو قۆناغەدا کە تەنیا وەلی پێی دەگات، لەنێوان شەریعەت و حەقیقەتدا، دووەمیان پەسەند دەکات. لەناو سۆفییانیشدا کەسانی فریودەر پەیدا دەبن، کە ئارەزوو بە ئەڤین، گومان بە یەقین و وەهم بە زانست لە قەڵەم دەدەن.
مەلامەتییەکان سۆفیی سوننە بوون، دامەزرێنی ئەو ڕێبازە کە حەمدوون ئەلقەسساری ناوبوو، ٢٧١ی هیجری، کۆچی دوایی کرد. مەلامە: لۆمەیە، هەمیشە لۆمەی نەفسی خۆیان دەکرد، لایەنە جوانەکانی خۆیان پیشانی کەس نەدەدا، (خوا وەک پادداشت توانای ئاشکراکردنی نهێنی، شارەزاییی لە غەیب و پێشبینیکردنی پێ بەخشیبوون.). ئەوەی ڕێبازەکانی سۆفیگەری لە یەکدی ناچن، زیاتر پێوەندیی بە پیری ڕێبازەکانەوە هەیە، کە هەر یەکە و کۆمەڵێک ڕێسای خۆی هەیە. ئەوەی مورید خۆی برسی دەکات، دوورەپەرێز و بێدەنگ دەبێت، لای مەسیحییەکانیش هەبوو، (ڕێگای خۆپاکژکردنەوە)یان پێ دەگوت. مورید بە گشتی سەر بە هەر ڕێبازێک بێت، نە خۆی پێ گرنگە، نە چێژ و نە ماڵی دونیا، کەسێکە گوێڕایەڵ، ڕاستگۆ، جوانڕەوتار، ئارام، پشتی بە هەق قایمە، خۆی ڕادەستی خوا کردووە، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، ئەو خەڵکە ستایشی دەکەن، یان سەرکۆنە.
ئیبراهیم ئیبن ئەدهەم کە لە سەدەی دووەمی کۆچیدا ژیاوە، گوتوویەتی: (شەش کۆسپ هەن، ڕێبواری ڕێی هەق، ئەگەر لێیان تێپەڕ نەبێت، بە پیاوچاک هەژمار ناکرێت.) ئەو شەش کۆسپە کە لە ئارەزوو، ئیرەیی و هەڵپەکردن بۆ ماڵی دونیادا چڕ دەبنەوە، لای کریستیانیزم، حەوت دەرگان کە دوای پشتکردنە خۆشییەکانی دونیا، یەکە یەکە بە ڕووی خواناسدا دەکرێنەوە و بەرەو ڕزگاریی دەبەن. سەهلی توستەری گوتوویەتی: (ئەگەر ئازاریشمان بدەن، ئازاری کەس نادەینەوە.) ئەم گوتەیش کە لە قسەی مەسیح دەچێت، ڕەنگە بە بەڵگە بشێت بۆ ئەوەی سۆفیگەری لای ئیسلام، کاریگەریی کریستیانیزمی لەسەر بووە.
زوو ئەلنوون کە قیبتی بوو، ئاشنایەتیی لەگەڵ فەلسەفەی یۆنانیدا هەبوو، عەبدولڕەحمان جامی (١٤١٤ – ١٤٩٢) لەبارەیەوە دەڵێت: (یەکەمین کەسە بە ڕوونی باسی حاڵ و مەقامی کردبێت، هەر کەسێک دوای ئەو بووبێت بە سۆفی، شتێکی لێوە فێربووە.) بایەخی ئەم گوتەیە لەوەدایە، هی شاعیرێکی سۆفیی مەزنی فارسە، ئاخر فارسەکان، سۆفیگەری بە بەرهەمی عەقڵی خۆیان لە قەڵەم دەدەن. لەو دەڤەرانەدا کە سۆفیگەری تێیاندا سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە، وێڕای ئایینە دێرینە فارسییەکان، چەندان ئایینی دیکەی غەیری ئیسلام، وەک یودیزم، کریستیانیزم، سابیئە هەبوون. فەلسەفەی یۆنانی، بە تایبەتی ئیفلاتۆنیزمی نوێ، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆیەمی زایینیدا، بە زمانی عەرەبی هەبووە، بۆیە ناکرێت، چاو لە کاریگەریی دەرەکی لەسەر سۆفیگەریی ئیسلام بپۆشین. هەر ئەو سەروەختانە، کتێب لەبارەی میتیۆلۆجیای گریکەوە، بە زمانی سریانی، لە نێوان ڕووباری دیجلە و ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا، دەستاودەستی کردووە.
پێوەندیی نێوان خوا و هەر تاکێک، پێوەندیی نێوان یەزدان و خواپەرستێکە، پێوەندیی بەینی خولقاوێکەوە بە خالیقی خۆیەوە، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و تایبەتییە، پێویستی بە پردێک نییە و زۆرێک لەوانەی ڕۆڵی پردی نێوان تاک و خوایان بە خۆیان ڕەوا بینیوە، بازرگانی بە دینەوە دەکەن، ئاخر لە پێناوی پەیداکردنی پایەی کۆمەڵایەتی و بژێویدا ئەو ڕۆڵە دەبینن. بازرگانانی ئایین پێوەندیی تاک بە خواوە، وەک پێوەندیی نێوان کۆیلە و خاوەنکۆیلە پیشان دەدەن، خوایەکی ستەمکاری تۆڵەسێن و کۆیلەیەکی تۆقیوی ملکەچ، هەرچەندە ئەوەی تاک بە خواوە گرێ دەدات، دەبوو خۆشەویستی بێت، نەک ترس لە سزا. لە قورئاندا، باسی خۆشەویستی کراوە: (بڵێ: ئەگەر خواتان خۆش دەوێت، دوام بکەون، ئەوسا خوایش ئێوەی خۆش دەوێت و لە هەڵەکانیشتان دەبوورێت. ئال عمران ٣١) هەمان ئەم پەیامەی موحەممەد لای عیسایش هەبووە: (ئەگەر منتان خۆش بوێت، خوایش ئێوەی خۆش دەوێت.)