عومەر چنگیانی
فەلسەفەی (میكاڤیلی)یەت، كە باس لەوە دەكات، نیازپاكی بەسە تا ببێتە پاساو بۆ هەركەسێك كە بیەوێت بگات بە ئامانجێك كە خۆی بەڕەوای بزانێت با ڕیگاكەی بۆی دەچێت چەوت و نابەجێ و پێشێلكردنی مافی خەڵكیشی تێدا بێت، كە زۆر بەداخەوە ئەم بۆچوونە لارە، زاڵ بووە بەسەر زۆرینەی گفتار و كردار و هەنگاوەكانی تاكدا، نەخاسمە سیاسەتمەدارەكان! لە سەروبەندێكی وادا كە مرۆڤی سەردەمی تێكەوتووە، مامۆستایان لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بەئەركمان زانی بابەتی سەردێڕ، یەكێك بێت لەو دوو ناونیشانەی كرانە توێشووی گوتاری هەینی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان و ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجە كوبرا 2ی5ی2025 كردمانە گوتاری زنجیرە 291مان كە سەرەتا بە ئایەتی 162ی سوورەتی (الانعام)ـەوە دەستمان پێكرد كە لەمیانەی پەروەردەیەكی قورئانی دا بۆ محەمەدی دوایین پەیامگەیێن – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – دەفەرمێ:
(پێیان بێژە كە بەڕاستی نوێژكردن و ئەنجامدانی و جێبەجێكردنی سەرجەم ئەركە ئایینیەكانی سەرشانم، نەخاسمە ئەركەكانی حەج و عەمرە، ژیان و مردنم هەر هەمووی بە تەنها بۆ پەروەرێنی هەمووجیهانیان و گشت بوونەوەرە). كە بێگومان نیەت نهێنیی عیبادەتە و، کلیلی قبوڵبوونە، بەهۆی نیەتەوە کارەکانمان بۆ ئاسمان بەرز دەکرێنەوە و، بەنیەتی چاکەوە عادەتەکان دەگۆڕێن بۆ عیبادەت و، مرۆڤی ئیماندار پاداشت وەردەگرێت لەسەر نیەتی لە کار و عیبادەتەکاندا، ئەگەر نەشتوانێت بەهۆی عوزرەوە ئەنجامیان بدات.
نیەت لە شەرعدا: بریتییە لە بڕیاردانی دڵ لەسەر ئەنجامدانی عیبادەت بە مەبەستی نزیکبوونەوە لە خوای گەورە و، مەرجە بۆ دروستیی عیبادەتەکانمان، پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – فەرموویەتی: (بەڕاستی كردەوەكان لەسەر بنەمای نیاز سەیر دەكرێن). كەواتە هەر كردار و گفتارێك چەند باش و لە ڕواڵەتیشدا خزمەتی تێدا بێت – لە ڕوانگە شەرعییەكەوە – پێویستە لەودیو ئەنجامدانەكەیەوە نیازپاكی و لەبەر خوا بێت.
بەهۆی نیەتەوە جیاوازی دەکرێت لەنێوان عیبادەت و نەریت و عادەتەکاندا و، جیاوازی دەکرێت لەنێوان هەندێک عیبادەت لەگەڵ هەندێکی تردا و، نیەت بنەما و ڕۆحی کارەکانە.
نیەتی پاک کلیلی خێرە:
نیەتی باش و چاک ڕێگایە بۆ هەموو خێر و چاکەیەک لەم ژیانەدا و، دەروازەی سەرکەوتن و ڕۆزییە و، یەکێکە لە عیبادەتە شاراوەکان، هێندەی ناخی مرۆڤ پاکتر بێت ئەوەندە نزیکتر دەبێت لە خوای گەورە و، دەرگاکان بە ڕوویدا دەکرێنەوە و، ناڕەحەتییەکان ئاسان دەبن و، دڵەکان مەیلی بۆ دەکەن.
پێویستە مرۆڤی مسوڵمان هەمیشە ڕۆژەکانی بە دوو کلیل دەست پێبکات: یەکەمیان نیەتی چاک، ئەوە کلیلی سەرکەوتنە، دووەمیان وشەی چاک، کە کلیلی دڵەکانە.
نیەت نهێنی و ڕۆحی عوبودییەتە:
نیەت لە کارەکاندا وەک ڕۆح وایە لە جەستەدا، نیەتی چاک ڕۆحی عیبادەتە، بە پێچەوانەی نیەتی خراپ و گەندەڵ کە پەتاو ئافەتێکە کارەکان تێکدەدات، با هەوڵ بدەین نیەتەکانمان لە نیازی خراپ پاک بکەینەوە و، هەمیشە نیەتەکانمان تەنها بۆ خوای گەورە بێت، كە دەزانین خوای گەورە لە ئایەتی 5ـی سوورەتی (البینە)دا، زۆر بەڕوونی ڕێنماییمان دەكات بۆئەوە و دەفەرمێت هەرگیز فەرمان بەوان نەكراوە ئەوە نەبێت كە ئەرك و فەرمانە لەسەریان كە دەبێ بە ئەو پەڕی ئیخلاس و لەخۆ بردنەوە خوای بێ هاوتا و بی یاوەر بپەرستن و ئەو ئایین پەروەرییەیان هەر بۆ ئەو بێت.)
دەبێ نیەتی ڕاست چەند مەرجێکی تێدا بەدی بێت، لەوانە:
1. دڵسۆزی بۆ خوا: واتە بەندە بە کارەکەی تەنها ڕەزامەندیی خوای بوێت نەک زاهیری نیشاندان و ناوبانگ دەرکردن.
2. هاوشێوەی سوننەتبێ : ئەویش ئەوەیە کە نیەتەکە ڕێک بێت لەگەڵ ڕێنماییەکانی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ.
3. پابەندی بە ڕێنمایییە شەرعییەکانەوە .
4. دوورکەوتنەوە لە ڕووپامایی (الریاء)، كە ڕیابازی چاکەکان لەناودەبات، هەروەک چۆن ئاگر دار دەسووتێنێ و لەناوی دەبا.
ڕاستکردنەوەی نیەت:
پێویستە مرۆڤ پێش ئەنجامدانی کار نیەتەکەی ڕاست بکاتەوە و، ڕاستکردنەوەکەش بەم شتانە دەبێت:
یەکەم: محاسەبەکردنی نەفس پێش کارەکە.
دووەم: پاڕانەوە بە ئیخڵاسەوە .
سێیەم: گەورەیی خوامان لەبیربێ: بیشبزانین کە خودای گەورە لە کارە نهێنی و ئاشکراکانماندا چاودێرە بەسەرمانەوە .