عارف ڕوشدی
گەلى کورد وەکو هەر گەلێکی دیکەى ڕەسەن ، (مێژوو ، خاک ، زمان ، دابونەریت و کولتوور)ی تایبەتی خۆی هەیە ، واتە هەموو خەسڵەتەکانی نەتەوەیی لە خۆی گرتووە ، ڕاستە ئەگەر بە شیکارییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبونى ورد کۆمەڵگای کوردی شیبکرێتەوە ، بێگومان دیاردەبێت هەر دەستەو گرووپێک دەگەرێتەوە بۆ زێدێک ( گوندێک) و خێڵێک ، بەڵام لە کەس شاراوە نییە سەدان ساڵە لە کوردستاندا شار و شاروچکە دروستکراون و گوندنشینان بە هوکارى جیا ڕوویان تێکردوەو بەڵکوو بەشدارییەکى بەرچاویان هەبووە لە ئاوادانکردنەوەیاندا، لە شارەکاندا بەپێی گەشەکردنى چەندایەتى و چونایەتىی خواستەکانی ژیان ، شیرازەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گوڕانکاریی بنەڕەتی بە خویانەوە بینیوەو،بنەماکانی ژیانێکی نوێی (کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، ڕوشنبیری و پیشەگەری) وەک چەکەرەبوونێکى بابەتیانە بونەتە بیچمی نوێ و جیاوازى پێکهاتەى کۆمەڵایەتی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوى ( شاری)دا پێداویستییەکانی خۆ گونجاندنیان سەپاندووە ، هەروەها، لە هەلومەرجى مێژوویی سەرهەڵدانی قوناغی دروستبونی شاردا ،((پەرەسەندنی پرۆسەی خوێندن و خوێندەوارى ، هوشیاری گشتی و سیاسی لە لایەک ، پەیدابوونی بازاڕ و گوڕانى شێوەکانى ژیان لە لایەکى دیکەوە ، گوڕانکارىی گەورەیان بەدیهێناوە لە هەموو سێکتەرەکان و پەیوەندی ریزبەندى کۆمەڵایەتیدا، وەک دەرەنجامێک و پێویستییەک : لەپێناوى خۆرێکخستنەوەو دابینکردنى مەرجەکانى بەردەوامى و پاراستنى بەرژەوەندییەکان ، کۆمەلانى خەڵک ڕوو لە دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی ، پیشەیی و ئابووری دەکەن و ، دەکرێنە جێگرەوەی دامەزراوە باوەکانى (کۆمەڵگای لادێی) وەک لانەى ئارام بەرگریکار ، بۆیە لە ژێر هەژموونى گورانکاریەکاندا ( هەستی نەتەوەیی نیشتیمانی) و ئازادیخوازى دەبێ سەردەمیانە لە برەودابێت .
بۆیە لە پێناوی گەشەپێدانی ژیان و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ، پێویستە چینوتوێژەکانی کۆمەڵگا بەشیوەیەک تەیاربکرێن هاوتەریبى هزرى نەتەوەیی و رێبازى کوردایەتى رەسەن ، چیتر لە چوارچيوەی ناسنامە لاوەکییەکاندا نەخولێنەوەو تەنها چەترى(( کوردستانى )) بوون ناسنامەى پیرۆز و کؤکەرەوەمان بێت .