عومەر چنگیانی
لەم قەیرانی ڕەوشتی زمانپارێزییەی كە مرۆڤی سەردەمی تێ كەوتووە و، لەم پاشاگەردانییەی نێو سۆشیالمیدیا و، ئەم هەموو جڵەوشلكردنە بۆ ئەسپی زمان و لەژێر پەردەی ئازادیدا جوێنبارانكردنی یەكترییە بە ناوی ڕەخنەوە، مامۆستایان لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بەئەركمان زانی بابەتی سەردێڕ، یەكێك بێت لەو دوو ناونیشانەی كرانە توێشووی گوتاری هەینی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان و ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجە كوبرا ٢٥/٤/٢٠٢٥ كردمانە گوتاری زنجیرە 290مان كە سەرەتا بە ئایەتی 15ـی سوورەتی (نوور)ەوە دەستمان پێكرد كە لەمیانەی پەروەردەیەكی قورئانیدا و باسكردن لە ڕووداوێك لە وێنە هەردەم دووپاتەوەبوودا دەفەرمێت: (ئەوهەواڵە درۆیەی هەبوو یەك لەیەك وەرتان دەگرت و دەتان قۆزتەوە و بە بێ بەدووداچوون دەتان گوتەوە و دووپاتتان دەكردەوە و بەزارو بێ ئاگا و ویستی دڵەكانیشتان لە شتهایەك قسەتان دەكرد كە زانستتان لەسەری نەبوو! ئەو كارەیشتان بە كاریكی ئاسایی و بێئەرزش دەدا لەقەڵەم، لەكاتێكدا لای خوا زۆر بەهەند وەردەگیرا).
ئاخر بەپێوەری شەرع، یەکێک لەو شتە مەزنانەی کە مرۆڤ دەیپارێزێت زمانیەتی، کە یەکێکە لە نیعمەتەکانی خوای گەورە. ئەگەر مرۆڤ بزانێت کە چاودێریی و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و هەموو ورد و درشتێک کە زمانی دەریدەبڕێت لەسەری تۆمار دەکرێت، ئەوا دەزانێت کە زمان چەندە گرنگ و مەترسیدارە و، زۆر بیر دەکاتەوە پێش ئەوەی وشەیەک دەرببڕێ. زمان لە ڕۆژی قیامەتدا شایەتی دەدات لەسەر هەموو ئەوەی کە خاوەنەکەی کردوویەتی.
گرنگیی پاراستنی زمان: گرنگیی پاراستنی زمان لەوەدایە کە:
یەکەم: فەرمانێکی خودایی و وەسیەتێکی پێغەمبەرمانە.
دووەم: زمان دەرگای تاوانەکانە: وەکو غەیبەت و درۆ و جنێودان و قسەی ناشیرین و تۆمەتهەڵبەستن و ناوزڕاندن.
چۆنیەتیی پاراستنی زمان: بە ڕاستی زمان عەجولترین ئەندامی جەستەی مرۆڤە؛ گەورەترین ئامرازە کە شەیتان دژی مرۆڤ بەکاری دەھێنێت. دەتوانین زمانمان بپارێزین بەمانەی خوارەوە:
یەکەم: بێدەنگی، مەگەر لە خێردا.
دووەم: خۆبەدوورگرتن لە شوێنی هەڵدێر، وەک:
١- دوورکەوتنەوە لە مەجلیسی غەیبەت و قسەهێنانوبردن.
٢- گۆڕینی قسەی بێهودە بە زیکری خوا.
٣- داوای لێخۆشبوون لە کاتی خراپ بەکارهێنانی زمان: ئیبن قەیم دەڵێت: “هەرکەسێک زمانی ڕابهێنێت لەسەر داوای لێخۆشبوون، ئەوا هەڵە و خلیسکانی کەم دەبێتەوە”.
بەرھەمەکانی پاراستنی زمان:
یەکەم/ سەلامەتبوونی دڵ و زیادبوونی ئیمان.
دووەم/ بەدەستهێنانی بەهەشت.
سێیەم/ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا: پاراستنی زمان کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە متمانە و خۆشەویستی تێیدا باڵادەستە، ئەمەش پەیوەندییە ئیمانیەکان بەهێزتر دەکات.
بەڕاستی جوانیان گوتووە:
زمانت یەكە و گوێچكەت دوانە
یانی یەك بڵێ و دوان بزانە
خوێنەری بەڕێز!
دەكرا زۆرتر و وردتر بچوومایەتە نێو بابەتەكەوە، نەخاسمە كە لە نێو كتێبخانەی ئیسلامیدا وێڕای تەفسیرەكانی قورئانی پڕ لە بەخشش و كتێبەكانی فەرموودە، سەدان كتێبمان هەیە لەنێو زانستی (ئەخلاق و سلووك)ـدا كە باس لە ئافات و ئەو دەردە كوشندانە دەكات، كە زمان هۆكارە تێیدا، نەخاسمە كە دەچینە خزمەت كەسێكی وەك ئیمامی غەزالی، ڕەحمەتی خوای لێ بێ، لە دووتوێی كتێبی (احیاء علوم الدین)ـەکەیدا دەیان لاپەڕەی پر لە زانستیی تێدایە و، تاكەكان هەر هەموو پێویستمان بە شارەزابوون هەیە لێی، بە مەرجی ڕەچاوكردنی دووركەوتنەوە لەو بە ناو فەرموودانەی بەپێی زانست چەسپیون كە دوورن لە ڕاستی و سیحەتەوە.