شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی*
پرسیاركردن رێوشوێن و ئەتەكێتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بزانین كەی و چۆن و لە كوێ پرسیار بكەین. گومانیش لەوەدا نییە هەموو كەسێك دەتوانێ پرسیار بكا، وەلێ چەند كەس لە ئێمە بە پێی قەبارە و پێویستی شتەكە یا شوێنەكە یا ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە پرسیارەكەی بە راست و دروستی ئاراستە كردووە؟
پرسیار هەیە ماقووڵ و بەجێیە، لەو سۆنگەوە لەمپەڕ و كێشەیەكی گەورەی چارەسەر كردوە كە بەهۆی پێدانی زانیاری باش و بەرچاوڕوونی و ئەو تێگەیشتنەی لەرێی كەسی بەرامبەرەوە وەڵامێك دەدرێتەوە بەتایبەت ئەو مەتەڵ و گرێكوێرانەی لە هزر و زەینمان شتەكان بەنیوەچڵی و ناكامڵ و بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و تامەزرۆی زانینی راستیەكانین، ئەمەو پرسیاریش هەیە ئەوەندە قێزەونە سەر بۆ گیروگرفت و گۆبەندی لابەلا رادەكێشێ كە دوودڵی و رارایی و گومانی قووڵ و زیاتر بە دوای خۆیدا بێنێ و، دواجار بارودۆخەكە بە ئاقارێكی دیكە ببات لەكاتێكدا كەسی بەرامبەر وەكو فیشەكە شێتە بە روویدا بتەقێتەوە و ئەو پرسیارەی پێ هەزم نەكرێ و بە هەڵچوونەوە بابەتەكە شەنوکەو بكات.
ئەگەر ئەوە بۆ گەوران بێت، هەمان شت بۆ چكۆلان راستە بەلام ئەوان چونكە لە دنیایەكی جیاواز و بیركردنەوەیەكی جیاواز گوزەر دەكەن ناكرێ بە هەمان چاو و هەمان پێوەر سەیر بكرێت.
لەم روانگەوە ئەگەر گوزەرێ بەنێو پرسیار بەو جیهانە ئەرخەوانیە بكەین دەبێ بزانین منداڵ مافێكی رەوای خۆیەتی بۆ شتە شاراوەكان یا ئەو شتانەی پێی ئاشنا نییە و ئەو شتانەی دێنە پێشی پرسیار بكات، لەوەشدا ئەركی دایك و باوك (دایباب)ـانە بزانن چۆن وەڵامی پرسیارەكانی دەدەنەوە ئەگەر ئەو پرسیار زۆر تەنگەتاو و نەشیاویش بێت چونكە بە دنیای شتەكان شارەزا نییە حەز بەزانینی دەكات و هەر وەڵامێك بۆ ئەو منداڵە دەبێتە وەڵامێكی یەكلاكەرەوە كە ئەو وەڵامە تەواو راست و دروستە با بە هەڵەیش وەڵام درابێتەوە ((مەترسی هەڵە بۆ هەندێ جار لەوەدا سەرچاوە دەگرێ ڕەنگە هەمان پرسیار لە كەسانی تر بكات ئەو ساتە متمانە بەبیروڕا و سەرنج پێشبینیەكانی تۆ ناكات)) نەك دەمكوتكردن و بێدەنگ بوون و فەرامۆشكردنی. بۆیە ئەركی دایبابە بتوانن بە زیرەكی و تێگەیشتنی جوان و بەوریاییەوە لەوپرسەدا بەنموونەی زیندوو، بەنموونەی ئەو شتانەی لەو ژینگەیە بەردەستە لێكچواندن بكەنە بنەما تا لەو رێیەوە وەڵامێكی پڕ بەپێستیان پێ بدەن و ناچاریان نەكەن بكەونە گەڕان بە دوای وەڵامێكی دیكە و بۆ هەمان پرسیار رووی دەمی خۆیان ئاراستەی كەسانێك بكەن كە مەرج نییە بەلایەنە ئەرێنییەكە تێنوێتی ئەو منداڵە بشكێنن. تەنانەت ئەگەر پرسیاری منداڵەكە تەم و مژو ئاڵۆز بوو نەیزانی وەڵامی بداتەوە ئەوە ئاساییە پێی بڵێ كاتێكی تر وەڵامت دەدەمەوە گرنگ ئەوەیە نابێ وەڵامی هەڵەی بداتەوە.
هەڵبەتە بۆ تاو و توێ و كاروباری رۆژانە نەخاسمە ئەو مندالانەی چوونەتە بەر خوێندن و لەناوەندەكانی خوێندن تێكەڵ بەكۆمەڵێ كەسی راجیا بوونە، گرنگە دایك و باوك بزانن چۆن پرسیار ئاراستەی منداڵەكەیان دەكەن، لەنموونەیەكی بچووكدا وەك پەیامێك گەورە بۆ ئەوەی منداڵەكەی وابزانێ بەدواداچوونی بۆ دەكەیت و گرنگی پێ دەدەی، دەبێ هەوڵ بدەیت پرسیارەكان لەجوغزو سنوورو بازنە وچوارچێوەیەكی تایبەت دەرنەچێ و پەل بۆ شتە گشتیەكان نەكێشێ، بۆ وێنە دەكرێ لەخانەی دروستكردن و بنیاتنانی متمانەوە پێی بڵێی: ئەرێ بۆ بەیانی بەتەمای چی؟ ئەمرۆ چیتان خوێند؟ بەشداری چ وانەیەكت كرد؟ مامۆستاكەت چی پێ وتن؟ مامۆستاكەت چی وت؟ هاوڕێكەت لەگەڵت چۆن بوو؟
بۆ هەر كارێكی باش لەوەرگرتنی وەڵامەكان دەستخۆشیی لێ بكە تا درێژەی پێ بدات و لەسەری بەردەوام بێت. وەلێ بەردەوام دووبارەكردنەوەی ئەو پرسیارە جۆرێ لە بێتاقەتی و بێحەوسەڵەیی لە لای منداڵەكە دروست دەكات بۆیە دەبێ ماوەماوە بێ و پرسیارەكان هەرهەموویشی بەسەریەكەوە نەبێت وابزانێ تۆ ئەزموونی دەكەی و دەیخەیە بەردەم تاقیكردنەوەیەك كە نەتوانێ وەلامی هەموو پرسیارەكان بداتەوە، جگە لەمەیش پێویستە ئەوە ئەو كاتە بڕەخسێنێ كە بۆ پرسیاركردن لەبار و گونجاو بێ و بە زمانێكی شیرین و بە روویەكی گەش و كراوەوە ئەو پرسیارانەی ئاراستە بكات هەست بە بوونی خۆی بكات وابزانێ كە تۆ بایەخی پێ دەدەیت، لەوەشدا كە وتمان پێویستە ئەو كاتە بڕەخسێنێ كە بۆ پرسیاركرن لەبار و گونجاو بێت، لەوەدا كات بایەخ و گرنگی خۆی هەیە بۆ نموونە كاتێك منداڵەكە برسییەتی، خەوی دێ، خەریكی یارییە، سەیری تەلەڤیزیۆن دەكات و، هتد لەو كاتانە حەوسەڵەی وەڵامدانەوەی نییە ئەگەر هەر رژد و سوور و پێداگر بی ئەوە بۆ لەكۆڵخۆكردنەوە، منداڵەكە بە دڵی تۆ قسە دەكات كە رەنگە قسەكانی لە راستیەوە دوور بن یان ئەو وەڵامەت نەداتەوە كە دڵت پێی ئۆقرە بگرێ و ئاو بخواتەوە.
منداڵ لە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێ و پرسیار زۆر دەكات و هەموو شتێكی چواردەورەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بێگومان پرسیارەكانی ئەوەندە زۆرن هەندێ كات گەورەكان بەتایبەت دایبابان بەدەستیەوە جاڕس و وەڕس و بێزار دەبن چونكە ئەوە سروشتی منداڵە چەند بەرەو سەرەوە هەڵكشێ ئەوەندە پرسیار لە مێشك و دڵ و دەروونی دەورووژێ و بە دوای وەڵامی پڕ لە مانا و بەرئاماژە (مەدلوول) و کاکڵە (مەغزا) عەوداڵ دەبێت تا زانیاری زۆرتر پەیدا بكات. بە دووبارە بوونەوەی پرسیار ناڕەحەت مەبن و رووی خۆتان گرژ مەكەن، هەمیشە منداڵ ڕابهێنن و گۆشیان بكەن كە بوێر و چابوك و ئازا بن ئەگەر پرسیارێكیان هەبوو با پرسیار بكەن نەك شەرم ناخیان بتەنێ و خۆیان بخۆنەوە چونكە شەرم هۆكارە كە بە هۆیەوە دووچاری گرێی دەروونی ببێت.
كەواتە پێویستە منداڵ هان بدرێ پرسیار بكات و بەشێوەیەكی ڕێك و پێك و بەگوێرەی ئەقڵ و بیروبۆچوونی وەڵام بدرێتەوە نەك دەمبەستن و دەمكوتكردنی؛ پێویستە فێری خووڕەوشتی جوان بكرێ و ئامادە بكرێ كە گەورە بوو لە شتەكان تێبگات و چاكە و خراپە لەیەك جیا بكاتەوە؛ ئەگەر بە بچووكی دارێك بە خواری گەورە بوو بە گەورەیی راست نابێتەوە؛ بۆیە زۆر ئەستەمە لە كاتی گەورەبووندا بە ئاسانی مل بدات و ملكەچی ئەو فەرمانانە بێت كە پێویستە پیادەی بكات.