هاودەنگ فارووق
سەرۆك بارزانی وەكوو ڕابەری نەتەوەیەكی بێدەوڵەت و، كاریزمایەكی سیاسی، پلەبەندی ئامانج و هەنگاوەكانی كوردی فەرامۆش نەكردووە، بەڵكوو قۆناغ بەقۆناغ لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا هاتووەتە پێشەوەو، بۆ هەر ئاڵنگاری و قۆناغێك، دەستپێشخەری و چارەسەر و پرۆژەی هەبووە.
سەنگ و قورسایی سەرۆك بارزانی، وایكردووە هەمیشە هێزە كوردستانییەكان لەدەوری پرۆژە و دیدگاكانی ئەو كۆبوونەتەوەو، لەوەشدا كۆی گەلی كوردستان قازانجی كردووە، بێگومان، بڕیار بەدەستەكانی ناوچەكەش، تێگەیشتوون لەوەی كوردیش توانای یاریكردن و مانۆڕی سیاسی هەیە، لە سۆنگەی ئەو تەگبیرانەی سەرۆك بارزانی لە كوردستان پێشكەشیكردوە، زلهێزەكان و تەنانەت وڵاتانی داگیركەری كوردستانیش، توانیویانە سودمەند ببن بەوەی بزانن لەگەڵ كام لایەنی كوردی گفتۆگۆ بكەن و، كێ تەعبیر لە خەبات و ماف و داخوازییەكانی كورد دەكات.
ئاخر دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانی، وایكردووە كورد لە چاوی ئەوانیتردا، ببێتە نەتەوەیەكی یەكگرتووی موخاتەب، كە بەرانبەرەكانی دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن ، دەكرێت وەكو قەوارەیەكی سیاسی، مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئەم قەوارە سیاسییە، ئەگەرچی تازەیە لەناوچەكەدا، بەڵام توانای دانوستان و بەرگری و بەستنی هاوپەیمانی و بەرێوەبردنی هەرێمەكان و گەشەكردن و هێنانە پێشەوەی دیموكراسی و پاراستنی مافی ئایین و پێكهاتەكان و ژنانی هەیە و، دەتوانێت ببێتە هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو، هەر لەبەر ئەوەیشە، هیچ هێزێك ناتوانێت فەرامۆشی بكات.
لەڕۆژئاوای كوردستاندا، هەر لەگەڵ یەكەم پریشكی شۆڕشی گەلانی سورییە لە 2011، سەرۆك بارزانی بەپەرۆشەوە، لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و هێزە كوردییەكانیش لەسەر خەت بووە، دوای تێپەڕینی چەند مانگێكی كەم بەسەر شۆڕشەكەدا، سەرۆك بارزانی لایەنە كوردییەكانی لەهەولێر كۆكردەوە، ئەوكات لە 2012 “ڕێككەوتنی هەولێری یەك” ی لێكەوتەوە، دواجار هەولێری دوو، ئینجا دهۆكی یەك و، دوایەمین ڕێككەوتنیش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، لەمانگی كانونی دووەمی ئەمساڵی 2025 دابوو، كە ئیدی خەباتی كورد و یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان نەك هەر لەڕۆژئاڤا، بەڵكوو لەپارچەكانی دیكەیشی خستە سەر سكەی خۆی. كۆنگرەی یەكڕیزیی كورد لە قامیشلۆ، بەڕوونی پێیگوتین: سەرۆك بارزانی توانی ئاڵوگۆڕێكی چۆنایەتی و مێژوویی لە خەباتی نەتەوەی كورددا بكات. ئێستا ئیتر نەتەوە سەردەستەكان و زلهێزەكانیش دەزانن كورد قەوارەیەكی شارستانی و سیاسییە.
لەو سۆنگەیەشەوە، ڕەنگدانەوەی بیروڕاكانی سەرۆك بارزانی لەناو بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەی قامیشلۆدا، ئەوەندەیتر نەخشەڕێگەی مافەكانی كوردی ڕۆشن و گەڵاڵەكردوە، هەر لەیەكڕیزیی كوردەوە لەناو ماڵی كورد خۆیدا، تاكو دەگاتە بەڕێوەبردنی سورییە بەشێوەی نامەركەزی، لەگەڵ پاراستنی ئایینەكان و ئایینی ئێزدی بەتایبەتی.
هەروەها سەرنجدان لەسەرجەم ئایین و ئایینزاكان لەیەك مەسافەوە لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە. پاراستنی مافی پێكهاتەكان و سەلماندنی مافەكانیان بەپێی دەستور.
كۆنگرەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد كە دوێنێ 26/5/2025 لە قامیشلۆ بەڕێوەچو، یەكێكە لە بیرۆكەو پێشنیازەكانی سەرۆك بارزانی، كە هەر لە سەرەتاوە داوای یەكڕیزیی و پێكەوەیی لایەنە كوردییەكانی دەكرد، هەروەك مەترسییەكانی پەرتەوازەیی كوردییشی ئاشكرا دەكرد، سەرۆك بارزانی لە وێستگە گرنگەكانی خەباتی كورد لە ڕۆژئاڤای كوردستاندا بەردەوام چاودێری دۆخی كوردەكانی كردوە، ئێستایش ئیتر بەرچاوی هەمووان ڕوونە، دەزانن كورد چی دەوێت، تێدەگەن سەرۆك و ڕابەری كوردان و سیاسییە بەسەلیقەكانی چۆن هێڵەكانی بەرژەوەندیی كورد دیاریدەكەن و دەیانپارێزن.