گەلێک لە خزمەت ئاڤێستادا

عەمەر ئەرگوشی
زور لەسەر چۆنییەتی ژێر ئاوکەوتنی ئاڤێستا و ڕۆڵی خەڵکی دەڤەرەکە وترا، بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام وتەکانی برای ئاڤێستا بوون بەتایبەتی کە باسی خەڵکی دەڤەری بارزان دەکات و دەڵێ (ئەوەی لێرە بۆمان کراوە لە ناو خانەوادەی خۆمان بومان نەکراوە..ئەوەی لێرە نیشانیاندا خوشەویستی و سۆزێک بوو کە دەکرێ هێشتا هەوڵی بۆ بدرێ، چ لە ڕووی دینیەوە بێ چ لە ڕووی گەورەیی خەڵکەکە بێت کە هێشتا باوەریان بە کەسانی لە خۆ گەورەتر و رێز لە گەورەکانیان دەگرن ..شتێکی نوێ یە بۆ خۆم کە لە سەردەمێکی مودێرن دەژيم ئەوەی دەیبینم ئێستا دەست خستنە سەر شوێنێکە کە بە جدی پێویستە هەموومان بیری لێ بکەینەوە ئەو خوشەویستیە بە ئاسانی دەست ناکەوێت. من ئەوەندە دەڵێم ئەوەی ئەو بەرێزە لەم ماوە کورتە هەستی پێکردووە لە خۆشەویستی ئەمە سەدەیەک زیاترە ئەم خۆشەویستی و ئەم تەباییە لەم دەڤەرە بەردەوامە. ئەوانەی کە تا ئێستاش هەستیان بەو ئەڤین و ئشقەی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ لە نێوان خۆیان و خەڵکی تردا نەکردووە گەلێ زۆرن وە ئەوانەی ئەڤین و تەبایی و هاوکاری نێوان تاکەکانی کۆمەڵ دا لەم دەڤەرەش هەستی پێکردبێت ئەوانیش گەڵیک زۆرن من دڵنیام بە تێپەڕبوونی کات وەک پێشتر وتم بە زوڵال بوونی ئاو دەرکەوتنی جەستەی پیرۆزی جوانەمەرگ ئاڤێستا ڕاستیەکانیش زیاتر زوڵاڵ دەبن و ئەوانەی هەستیان بەو ئەڤین و برایەتیەی دەڤەری بارزان نەکردبێت زیاتر بە ئاگادێن و ئەوکاتیش زیاتر نرخی ئەدای ئەم خەڵکە و نرخی قوربانیەکانی ئەم خەڵکە و نرخی جوامێری و لە خۆبوردەیی و مرۆڤ دوستی ئەم خەڵکە چاکتر تێدەگەن، ئەوەی برای ئاڤێستا بە قورگی وشک و چاوی پر لە فرمێسک و دڵی تەژی کۆڤان باسی دەکات کە ئەوەی ئەم خەڵکە بۆیان ئەنجامداوە خانەوادەی خۆیان بۆیان ئەنجام نەداوە ، هەر ئەوەندە دەڵێم لەم دەڤەرە خەڵکەکە هەموویان خۆیان بەیەک خانەوادە دەزانن وە خزمەتی هەموو مێوانێک و هەموو کوردێکیش وەک خێزانی خۆی بە ئەرک و پیشەی خۆیان دەزانن و منەتیش نیە بەسەر کەسەوە ئەمانە پەیڕەوی ڕێگای شێخی گەورە شێخ ئەحمەدی بارزانیین کە بێ سەرن لە خزمەتکردنی خەڵک و واش باوەڕ دەکەن کە خوا ئێمەی خولقاندووە بۆ ئەوەی چاکە بکەن دەستی یارمەتی درێژکەن و خودا پەرستی و مرۆڤ دۆستی لەم دەڤەرەی کوردان بکەنە رێگای پیرۆزی ژیانیان. ئەمانە بۆیە رێز لە گەورەکانیان دەگرن و رۆژێ سەد جار پێیان دەڵێن ئەزبەنی چونکە ئەم گەورانە رێگایەکیان پیشان داون کە شەرەف و سەربەرزی و کەرامەتی لێ دەبارێت وە وایان لێ دەکا کەسەربەرز و سەرفراز بن بەرامبەر بە تاک و بەرامبەر بە کۆمەڵ بەرامبەر بە هەزاران لێقەوماوان. ئیتر لە خوای گەورە دەپارێینەوە ئاڤێستای بێ مراد زوو سەرئاو بکەوێت بۆ ئەوەی دڵی شکاوی خانەوادەکەی و دڵی شکاوی بارزانیە مرۆڤ دۆستەکانیش ترپەیەکی ئارام لێبدەن و ئاڤێستای ڕەمزی قوربانیدان لە باوەش بکەنەوە ئەگەر بە ساردوسڕیش بێت.