ئەگەر ڕێز لە ئینسان نەگرین، ناتوانین ڕێز لە خوا بگرین

حەمەسەعید حەسەن
جیاوازیی سەرەکی نێوان سەلەفیزم و سۆفیگەری ئەوەیە، ئەمیان بانگەشە بۆ توندڕۆیی دەکات و ئەویان بەگژیدا دەچێتەوە و پەیامی لێکدی بوردن و پێکەوە ژیان بڵاو دەکاتەوە. سەلەفییەکان لێکدانەوەیەکی وشک بۆ ئایین دەکەن، دیوی دەرەوەی گوتەکان دەبینن، هەر تێروانینی خۆیان بە دروست دەزانن و ئایین بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان وەگەڕ دەخەن. زەبروزەنگ نواندن هەر لە کوشتوبڕدا چڕ نابێتەوە، کافراندنی نەیاریش کە سەلەفییەکان لەسەری ڕاهاتوون، دەکەوێتە خانەی توندوتیژییەوە. سەلەفیزم ستەم بڵاو دەکاتەوە، بەڵام زوهد کە وێستگەی یەکەمی سۆفیگەرییە، لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا، لە دژی ستەمی دەسەڵاتداران سەری هەڵداوە. بە پێچەوانەی سەلەفیزمەوە کە سیاسەت دەیجووڵێنێت و بە هیوای سامان و هێزە، سۆفیگەری چاوی لە بەرژەوەندیی دونیایی نییە. سەلەفییەکان ڕقێکی ئەستووریان، لە موسیک و گۆرانی و سەمایە، بەڵام سۆفییەکان لەڕێی ئەو هونەرانەوە خۆشەویستی بڵاو دەکەنەوە. سەلەفی، کەسێکی ڕووگرژە، هەر باسی سزا و ئەشکەنجە و توندوتیژی دەکات، بەڵام سۆفی باسی خۆشەویستی نێوان تاک و خوا دەکات.
لای سۆفی، خۆشەویستی کلیلی ژیان و نهێنیی وجوودە و گەیشتن بە خوا کە هەم ئاشکرا و هەم نادیاریشە، ئامانجە. سەلەفی کە هیچی نوێی پێ نییە و ئیشی گوتنەوەی گوتراوەکانە، گاڵتەی بەوانە دێت کە پردی خۆشەویستی دەیانبەستێتەوە بە خواوە. لای ئیبن عەرەبی کە ڕێبەری هەرەگەورەی سۆفییەکانە، ئایین سەرچاوەی خۆشەویستییە، بەڵام لای ئیبن تەیمییە کە نموونەی باڵای سەلەفییەکانە، ئایین کارگەیەکە ڕق و تۆڵە بەرهەم دەهێنێت. لە کاتێکدا سۆفیگەری لە هەوڵی چەسپاندنی لێبوردەییی دینیدایە و دژی زۆرەملێیە لە ئاییندا، سەلەفیزم بە زمانی شمشێر دەپەیڤێت. لەکن سۆفیگەری جیاوازییەکان هەوێنی لە یەکدی نزیکبوونەوەن و فرەیی و یەکێتی، دوو باڵن بۆ هەمان فڕین، بەڵام سەلەفیزم ئەوانی دیکەی، مەگەر وەک کۆیلە و کەنیزەک قەبووڵ بێت.
سۆفی دەروێشێکی قژنی چڵکنی جلشڕ نییە، وەک عەوام بۆی دەچن، کەسێکی سەر بە بژاردەی خاوەن ئەزموونی ڕۆحییە، دیوی دەرەوەی دەقی پیرۆزی بەجێ هێشتووە و بە ناخیدا شۆڕ بووەتەوە. سۆفیگەری بریتییە لە هەڵکشان بەرەو باڵایی، لەڕێی بەگژدا چوونەوەی نەفسی بەد و جڵەوکردنی ئارەزووە جەستەیییەکانەوە. سۆفیگەری هەم لە فیکر و فەلسەفەدا خۆی نمایش دەکات و هەم لە شیعر و گێڕانەوەدا. سۆفی لە هەوڵی کردنەوەی دەرگای لە یەک تێگەییشتنە لەنیوان دینەکاندا و هاوسۆزی بڵاو دەکاتەوە. سۆفی کە لە ڕوانگەی سەلەفییەوە زەندیقە، خۆشەویستی بە ئایین و باوەڕی خۆی دەزانێت و بڕوای بە کرانەوە بە ڕووی ئایینەکانی دیکەدا هەیە. ئەوەی گوایە سەلەفی هەقی بەسەر سیاسەتەوە نییە، بۆ فریودانی عەوامە، ئاخر خۆگرێدان بە دەقی دێرینەوە، بێدەنگبوون لە ئاستی ستەمی دەسەڵاتدار و کافراندنی نەیار، هەڵوێستی سیاسیین.
لە ڕوانگەی سۆفیگەرییەوە، گوتاری ئایینی، وەک هی شیعر، پشتی بە میتافۆر قایمە، ئەمەیش وا دەکات، هەم دەق کراوە بێت و لێکدانەوەی جیاواز هەڵبگرێت، هەم سۆفی بۆ دەربڕینی هەستی خۆی هانا بۆ شیعر ببات. لێکدانەوەی دەق، ئیدی لە شیعردا بێت، یان لە شەرعدا، ئەوەیە: مانای دیوی دەرەوە و ئاشکرای گوتەکان فەرامۆش بکەین و بۆ مانای ناوەوە و شاراوەیان بگەڕێین. حەللاج و ئیبن عەرەبی و مەولانا، بەر لەوەی شاعیر بن، سۆفی بوون، جوبران خەلیل جوبران و سەلاح عەبدولسەببوور و ئەدونیس، لەڕێی شیعرەوە لە سۆفیگەری نزیک بوونەوە. ئەوەی لای سۆفی ئەزموونێکی ڕۆحییە، لای شاعیر دونیابینیی پێ دەڵێن، سۆفی و شاعیر لەوێدا یەک دەگرنەوە. لەوێشدا لە یەکدی دەچن، کە سۆفی شەیدای توانەوەیە لە خوادا، کە حەنینە بۆ سەروەختی بەر لە خەلق، شاعیریش نۆستالجیای بۆ ڕابردوو هەیە. مێ لە غەزەلی سۆفییانەدا، ئاماژەیە بۆ منداڵدانی گەردوون، کە ژیان لەوێوە دەستی پێ کردووە و لە کۆتاییشدا بۆ ئەوێ دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە سۆفییەکان لە موسوڵمانانی دیکە ئینسانیترن، بەڵام هێشتا لە ئیسلامدا ڕێبازێکی مرۆڤدۆستانە سەری هەڵنەداوە، ئینسان تێیدا وەک تاک بکەوێتە سەنتەرەوە. لە ئیسلامدا ئینسانی باڵا پەیامهێنە کە ئاوێنەیەکە بۆ نمایشکردنی تواناکانی خوا، نموونەیەک نییە لە توانای مرۆڤی ئاساییدا هەبێت لاسایی بکاتەوە، یان خەون بەو مافانەوە ببینێت کە خوا بەوی ڕەوا بینیون. خوا لە فەرموودەیەکی قودسیدا گوتوویەتی: (بۆ من زەمین و ئاسمان کە خۆم خوڵقاندوومن تەنگەبەرن، بەڵام جێم لە دڵی عەبدێکی باوەڕداردا دەبێتەوە.) کەواتە (عەبد)ی خوا، باڵاترین پلەیە کە ئینسانی ئاسایی لە ئیسلامدا پێی دەگات. لە ئایینی ئیسلامدا چەمکی (کەسایەتی) نییە، تازەکی لە کولتووری ئەورووپایییەوە بۆ وەڵاتانی ئیسلامی پەڕیوەتەوە. یولیوس ڤێڵهاوزن (١٨٤٤ – ١٩١٨) پێی وابووە: ئەگەر ڕێز لە ئینسان نەگرین، ناتوانین ڕێز لە خوا بگرین.