سەرنووسەر
ڕۆژنامەگەریی كوردی خزمەتێكی زۆرو زەوەندی بە باری هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و سیاسی كورد و كولتوور و ڕۆشنبیریی گشتیی كۆمەڵگەی كوردستان كردووە، ڕۆژنامەگەریی كوردی لە ساتەوەختێكدا لەدایكبووە، كە نقومبوونی نەتەوەی كورد لەناو شەوەزەنگی لەبیرچوونەوەو سڕانەوەدا لە ئانوساتدا بوو.
هەر لە شەوەزەنگی بێ ئومێدیدا، ناوی ڕۆژنامەی كوردستان، بەهەموو جیهانی گوت: كوردستان وەك نیشتمان و نەتەوە هەرە زیندوون و هەڵگری فەرهەنگ و زمان و تایبەتمەندیی خۆیانن .. ئیدی كوردستان لەبری ئەوەی بكەوێتە بەر ڕەحمەتی سڕینەوەو لەناوچوون، كەوتە قۆناغی ململانێ و شەڕی پیرۆزی خەبات و دەنگی ئێمەو هەرمان.
لە مێژووی شۆڕشی بزافی ڕزگاری كورد بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی، هەمیشە ڕۆژنامەگەریی شاخ، جێگەی بەهێز و پێگەی بەرزی خۆی هەبووە، شانبەشانی فیشەكی پێشمەرگە، وشەی ڕۆژنامەنووسی شاخ و، هەواڵی پڕ لەورەی میدیاكانی شۆڕش، پەیامی مانەوەو بەرقەرای و بەرخۆدانیان دابەشدەكرد، بە داگیركەرانی كوردستانیان دەگوت: ئەستەمە نەتەوەی كورد ملكەچ بكات و خۆی بچەمێنێ.
ئێستا كە ئێمە لەسەردەمێكی زۆر تازەی میدیای ئەلیكترۆنی و سۆشیالمیدیاو فەزای ئیعلامیدا دەژین، كایەی ڕۆژنامەنووسیش وەكو زۆربەی كایەكانی دی لەبەردەم مەترسی جیدیدایە، ئەو هەڕەشەیە یەكێك لەو تەحەدا گەورانەیە كە تەكنەلۆژیا و فەزای ئازادی بێسنووری ڕادەربڕین و، نەبوونی یاسایەكی ڕوون و مولزەم بۆ دیسپلینكردنی كایەی ڕۆژنامەگەری هێناویەتییە كایەوە.
ئێمە لەدوای 127 ساڵ ئەزموون، نەمانتوانیوە كێشەكانی ڕۆژنامەگەری چارەسەر بكەین، بەڵكوو لە هەر وێستگەیەكی مێژوویدا، شان و ملی ڕۆژنامەگەری بە كێشەی زیاتر و پرسیاری گەورەی بێ وەڵام، قورستر دەكەین. نەمانتوانیوە، پێناسەیەكی پیشەیی و چوارچێوەیەكی ورد بۆ كایەی ڕۆژنامەگەری و ئیتیك و بنەمای یاساو ڕێسایی كردەیی و، ئامانجی دەستەجەمعی بۆ ڕۆژنامەنووس دیاری بكەین. تا ئێستا بەوردی نازانین كێ ڕۆژنامەنووسە؟ كێ خۆی هەڵواسیوە بەكایەكەدا؟ پێوەرمان بۆ سەركەوتن و شكستی ڕۆژنامەنووس نییە. بەگوێرەی یاسا ئەوەمان دیاری نەكردووە كە چ بابەتێك ئازادی ڕۆژنامەگەرییەو، چ بابەتێك پەیوەستە بە ئاسایشی كۆمەڵگە و ئاسایشی نەتەوەییەوە.
ڕاستییەكەی لەئێستادا زۆر ڕەخنەی جیدی لەمیدیاكان و ڕۆژنامەنووسان دەگیرێن. بەشێكی بەرچاو لەمیدیاكان بەتەواوی چوونەتە سەنگەری دوژمنانی كورد و، ئاو لەئاشی نەیاران دەكەن. هیچ حسابێك بۆ ئاسایشی دەرونی و ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان ناكەن و، بەناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە، هەموو هێڵە سورەكانی پیشەی ڕۆژنامەگەری دەبڕن و، بەئاشكرا لەدژی كوردستان كاردەكەن.
بەشێك لەڕۆژنامەنووسان، بەبێ ئەوەی هیچ باكگراوندێكی پیشەیی و مەعریفییان هەبێت، یان لە پەیمانگا و سكوڵێكی تایبەت دەرچووبن، یان ئەزموونێكی كاركردنی تێروتەواویان هەبێت، لەناكاو وەكو قارچك لە زەوی بەیارەوە هەڵدەتۆقێن و، بەمایكێكەوە دەردەكەون و، دەكەونە تێكدانی میزاجی كۆمەڵگە و، یاریكردن بەو ژێیە هەستیارانەی كە خەڵك لە یەكتر بەدگومان دەكەن و، دیواری لێكترازانی نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە فراوانتر دەكەن. ئێمە بۆچی واین؟ بۆچی پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و سۆسیالمیدیا و سەردەمی كرانەوەی گەردوون، بۆ هەموو میللەتانی دنیا نیعمەتە و بۆ كورد و ڕۆژنامەگەری كوردی، نەگبەتییە؟ كێ بەرپرسە لەم دۆخە؟ كێ دەبێت دیسپلینی بكات؟ وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، گرنگە ستۆپێك بەم فەوزایە بكەن و سنوورێك دابنێن؟