حەمەسەعید حەسەن
قورئان وەک سەرچاوەی سۆفیگەری
دین دەستوورێکە، دەسەڵات لە هێزێکەوە وەردەگرێت کە لەسەروو سروشتەوەیە، ئەگەر بڕوات بەو هێزە نەبێت، بڕوات بە دەستوورەکەیش نابێت.
بە چیدا دەزانیت، بڕوات بە ئایینێک پتەوە و بە یەقین گەیشتوویت؟ بەوەدا هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیاییی ڕۆحی بکەیت.
Gerald Gould
(١٨٨٥ – ١٩٣٦)
خوا لەکن ڕابیعەی عەدەوەییە و مەعرووفی کەرخی، خوایەکی تۆڵەسێن نەبوو، ڕەمزی جوانی و خۆشەویستی بوو، لە دڵی باوەڕداردا نیشتەجێ بوو. باوەڕدار لە خوا نەدەترسا، بەڵکوو ئەوەندەی خۆش دەویست، لە زەریای عیشقیدا فانی دەبوو، (فەنا)بوونێک کە (بەقا)ی بەدوادا دەهات. باوەڕدار بە بادەی ئەڤینی خوا سەرمەست دەبوو، مەستییەک، هۆشیاریی بەدوادا دەهات. باوەڕدار دەیزانی ویستی ڕاستەقینە، ویستی خوایە، بۆیە دەستی لە ویستی خۆی هەڵدەگرت و خۆی دەدایە دەست ویستی خوا.
سۆفی چونکە دڵی تژییە لە ئەڤین، ڕقی لە کەس نابێتەوە. ڕابیعەی عەدەوییە گوتوویەتی: دڵم پڕە لە خۆشەویستیی خوا، جێیەکی چۆڵی تێدا نەماوەتەوە، تا بۆ هەڵگرتنی ڕق لە کەس تەرخانی بکەم. کە سۆفی هاوزەمان خوا و پەیامهێنیشی خۆش دەوێت، لەوەوە هاتووە کە موحەممەد گوتوویەتی: ئەوی خوای خۆش بوێت، منیشی خۆش دەوێت. چونکە پەیامهێن خۆشەویستی خوایە، ناکرێت سۆفی بیت و پەیامهێنیشت خۆش نەوێت. عەتتار گوتوویەتی: ئەگەر کەسێک لە خەونیدا خوای دیتبێت، ئەوە بە کۆمەکی نووری پەیامهێن بووە. لە ڕۆژی حەشردا، ئەوە پەیامهێنە بۆ موسوڵمانان دەپاڕێتەوە، ئەوەیش پاساوێکی دیکەیە، بۆ ئەوەی موسوڵمانان، سۆفی بن یان نا، موحەممەدیان خۆش بوێت. ئەبوو عەبباسی قەسساب گوتوویەتی: (موحەممەد نەمردووە، ئەوەی مردووە توانای بینینە بە چاوی دڵ لە تۆدا، ئەگەرنا دەتبینی.)
(سۆفی: کەسێکە نە هیچ موڵکێکی هەیە، نە موڵکی هیچ شتێکە، ڕووی لە خوایە و پشتی لە دونیا، وەکوو زەوی وایە، شتی ناشیرینیشی تێ فڕێ بدرێت، هەر شتی جوانی لێ دەڕوێت. سۆفی ڕۆژێکە، تیشکی خۆری لێ نابڕێت، شەوێکە تریفەی مانگ و جریوەی ئەستێرەی لێ نابڕێت و عەدەمێکە وجوودی لێ نابڕێت. سۆفی کەسێکە چی شک دەبات دەیبەخشێت، هیچی بۆ خۆی ناوێت.) دەشێت سۆفی لە (صفاء)ەوە هاتبێت و مەبەست لێی ئەو کەسانە بێت کە خوا دڵێکی ئەوەندە سافی پێ بەخشیون، جێی ڕق و گومانی تێدا نابێتەوە، بەڵام ئەوەیان زیاتر ڕێی تێ دەچێت، سۆفی لە (سەوف)ەوە هاتبێت، ئاخر پۆشاکی پەیامهێنان و (وەلی)یانیش لە خوری بووە.
بۆچی لە ناوی پەیامهێندا دوو میم هەیە؟ سەرهەندی دەڵێت: (چونکە محمد هاوزەمان دوو مەخلووقە، یەکێکی جەستەیی و یەکێکی ڕۆحی، چونکە هەم پەیامهێنە و هەم مەلائیکەتیشە. بە تێپەڕینی وەخت، میمی یەکەمی ناوەکەی، جێی بۆ ئەلفی حەرفی خودایی چۆڵ کردووە و بووە بە أحمد.) سەرهەندی کە خۆیشی ناوی أحمد بوو، دەیگوت: (دەستی من جێگرەوەی دەستی خوایە.) قوتب کە باڵاترین پلەیە لای سۆفییەکان، سەرهەندی پێی وابوو لە قوتبی تێپەڕاندووە، بە پلەی (قەییووم) کە یەکێکە لە ناوە جوانەکانی خوا، گەیشتووە. قەییوم زاتێکە حەوجەی بە هیچ کەسێک نییە و ئاگاداری هەموو شتێکە.
موسوڵمان سۆفی بێت یان نا، ڕێزێکی زۆری بۆ موحەممەد هەیە و بە مەزنی دەزانێت، بەڵام سۆفی وێڕای ڕێزی زۆر، خۆشەویستییەکی زۆریشی بۆی هەیە، خۆشەویستییش لای سۆفی تا بزربوونی عاشق لەناو مەعشووقدا دەڕوات، بەتایبەتی خۆشویستنی موحەممەد کە هەڵگری نووری خوایە، نوورێک کە دوای خۆیشی لەم یان لەو وەلیدا دەردەکەوێتەوە و تا ڕۆژی حەشر درێژەی هەیە. جیاوازیی موحەممەد لەگەڵ پەیامهێنانی دیکەدا هەر ئەوە نییە کە دوا پەیامهێنە، ئەوەیشە خوا چی گەنجینەی نهێنییشی هەبووە، بەوی سپاردووە.
شیعە بڕوایان وایە، ئیمامی عەلی (عیلمی باتین)ی لە پەیامهێنەوە بۆ ماوەتەوە، بەگوێرەی ئەو (زانست)ەیش، کە وەک میرات بۆ شیعە ماوەتەوە، هەر گوتەیەکی قورئان بگرین، مانایەکی شاراوەی هەیە و لێکدانەوەیەک هەڵدەگرێت کە تەنیا عاریفانی شیعە پەی پێ دەبەن، ئەوەیش کاتێک بە وەجد دڵیان ڕۆشن دەبێتەوە. بەپێی ئەم تێزە، نەک هەر ناکۆکی لە نێوان، ئیسلام و سۆفیگەریدا نییە، بەڵکوو قورئان خۆی سەرچاوەی سۆفیگەرییە. بۆچی گەلێک ڕێبازی سۆفیگەری هەن؟ چونکە لێکدانەوەی جیاواز بۆ قورئان و فەرموودە کراوە. جیاوازیی نێوان عیلمی باتین و عیلمی زاهیر ئەوەیە، دووەمیان لەڕێی خوێندن و خۆماندووکردنەوە فێری دەبین، بەڵام یەکەمیان بەهرەیەکە، خوا بە کەسانی تایبەت و دەگمەنی ڕەوا دەبینێت.
بەپێی لێکدانەوەی سۆفییەکان، کرۆکی سۆفیگەری کە بریتییە لە یەکێتیی بوون لە قورئانیشدا هاتووە: (بۆ هەر کوێ بچن، بەرەو ڕووی خوا دەبنەوە. فأینما تولوا فپم وجە الـلە. بەقەرە ١٠٩) (فەناء و بەقاء)یش لە قورئاندا هەیە: (چی لەسەر زەوی هەیە لە بەین دەچێت، تەنیا خوا دەمێنێتەوە. کل من علیها – فان ویبقی – وجه ربک ذوالجلال و الإکرام. ئەلڕەحمان ٢٦ و ٢٧) یان: (هەموو شتێک دەفەوتێت، خوا نەبێت. کل شیء هالک إلا وجهە. القصص ٨٨) هۆمیرۆسی گەورەشاعیری گریک کە هەشت نۆ سەدەیەک پێش زایین ژیاوە، گوتوویەتی: (جیاوازیی نێوان خوا و ئینسان ئەوەیە، خوا ئەزەلییە، ئینسان تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە.) زۆر لە سۆفییان لە ئەنجامی وەجدەوە دەرکیان بە یەکێتیی بوون کردووە، نەک بەهۆی لێکۆڵینەوەی فیکری یان فەلسەفییەوە. غەزالی دەیگوت: (عەبد عەبدە و خوا خوایە، کەسیان نابن بەوی تریان.)