ئاری ئاغۆک
سێ وێنە بۆ سێ برای لەبیرنەکراوم
• تەماشای وێنەکانم دەکرد، ئەوكاتەی زۆر بچووک بوومە، ئەو لەسەر تەخت و سیسەمی زاوایەتی و نێو باوەش و سەرمل گرتوویەتی؛ سەرنجم داوە لە هەموو وێنەکاندا لێم ڕاماوە و بزە و خەندەیەکمان نیشان دەدات، ئەو پێکەنینە ببووە گرێکوێرە، چل ساڵ زێتر تێپەڕی و ئەو سەفەری ماڵئاوایی كرد، کەچی تازە لە حیمکەتی بزە و پێکەنینەکانی تێدەگەم، نەمزانی لە شکۆفەی تەمەنی بەهاری خۆی و لە تەمەنی چوارساڵانی مندا، ئەو جێمان دەهێڵێت و پاییزی ئەبەدی بۆ من و ماڵباتەکەم جێ دێڵێ؛ حەیف و مخابن! چەشنی ناوەکەی خۆی بەهاری ئازادی و ژینی ئازادی نەبینی، لەوکاتەوە کە دایکم جەمەدانی و پشتدێنی دەبینی، دەستی لە مەکینەی دروومانە پەپوولەکەی هەڵدەگرت و بێدەنگ ڕادەما.
• دەستم برد وەكو جاران بە گەرموگوڕییەوە تۆقەی لەگەڵ بکەم، بە ئاماژە پێی گوتم لەوەتەی ئەو سەرئێشەیەم تووش بووە تاقەتی گوشینی هیچ دەستێکم نەماوە، منیش بە زمانی دڵ پێم گوت دوای یەکەم نەشتەرگەریی دوورەوڵاتیت ترسم لە هەموو سەفەرێک هەیە، حەز ناکەم سەفەر بکەی، تکایە لە بەرچاومان بزر مەبە، بزەیەکی برایانەی کرد و گوتی: دێمەوە دەتبینمەوە.
کە بۆ چارەسەر ڕۆیی هەمدیس بە فڕۆکە سەفەری کرد، لەبەرئەوەی پەیمانی بە خاک دابوو بێتەوە کە گەڕایەوە نیشمان و هەولێر، لەنیوەی ڕێگا دیسان سەفەری کرد، ئەمجارەیان رۆحی بۆ ئاسمان هەڵفری!
لە یەکەم ڕۆژی پرسەدا کە برادەرەکانی دەدی، باوکم دەستەسڕی لە گیرفانی ئەو جلە کوردییە دەردێنا کە قوماشە باش و ڕەسەنەکەی مەعمەل نەسیجی لەلایەن (کاکم)ـەوە بە دیاری پێشکەش کرابوو، بە بێدەنگی فرمێسکە شاراوەکانی پێ دەسریەوە.
•گەرچی جیاوازیی تەمەنمان زۆر بوو، بەڵام وەک هاوتەمەن و ئاوزاوا و برادەر بە کڕوبێدەنگی برایەتیمان بۆ یەک دەسەڵماند، ئێستاش ئەو دەنگ و قیژە و هاوارەم لەبیرە، کە لە تەمەنی پێنج ساڵانم کاتێ بۆ پیاسە بە پایسکیلەکەت منت بردە گەڕان و پیاسە، لەناکاو پێم بەر تایەی پایسکیلەكە کەوت، ئەوکات هەم ئێشەکەی، هەم دەنگی ئیسیعافەکەی هێندە بەئازار بوو جگە لە خۆم، خۆیشت هەستت پێ کرد و گریای، زۆر گریای!
کەچی دوای چل ساڵ دیسان گریامەوە، ئەمجارەیان زۆرتر و جیاوازتر و منداڵانەتر بۆت گریام، لەنێو ئیسعاف لەسەر تەرمە ساردەکەت پڕ بەدڵ گریام، ئیدی لەوساوە من ڕقم لە دەنگی ئیسعاف دەبێتەوە، ماڵباتیشمان کە ساردوگەرمی کارەبایان شۆرت دەکات، كزە لە جەرگیان دێ.