هاودەنگ فارووق
پارتی وەك سەركەوتووترین و درێژخایەنترین و تۆكمەترین و ئەهوەنترین پرۆژەی سیاسیی كوردستان، بەر لە هەر شتێك بووەتە میراتگری ئەم دیدە پۆزەتیفەی ئافرەت لەكۆمەڵگەی كوردیدا. پارتی وێڕای ئەوەی كە پلانی بۆ تەواوی كۆمەڵگەی كوردی هەیە، كەچی سەیر دەكەین بەتایبەتی بۆ ژن، كاڵا بەقەد باڵایە، پلانی هەیە، دیدگا و بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی ئافرەت بخاتە كارو ڕۆڵی پێبدات، ژن بكاتە میكانیزمی گۆڕانكاری و ڕێنیسانسی كۆمەڵایەتی و سیاسی.
بارزانیی نەمر، هەمیشە بەدیدگایەكی فراوان و بەشێوازێكی واقیعی، بەبێ زیادەڕەوی و كەمتەرخەمی سەیری سەرجەم ئەو دۆسییە و بابەتانەی كردووە، كەژن تیایدا تەرەفێك بووە. هەر لەبەر ئەوەشە كە دەبینین، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لەژێر بەیداخی پارتیدا، وەك ڕێكخراوێك كە گرەوی سەركەوتن و شكستی شۆڕشی كوردی لەسەر كراوە، هاتووەتە بوون!
هەبوونی ڕێكخراوێكی تێكۆشەری ئافرەتان لەژێر سایەتی ڕێبازی بارزانی و، لەژێر بەیداخی پارتێكدا كە بارزانیی نەمر دروستیكردووەو دایمەزراندووە، ئەو وێنەیە پێچەوانە دەكاتەوە كە بەشێوازێكی سەلبی لەسەر ئافرەت و ڕۆڵی ئافرەت لەسەر گەلانی شەرق هەبوون.
ئاشكرایە، پارتی لەسەرەتاوە قەت وەكو ئێكسسواری سیاسی سەیری پێگەی ژنی نەكردووە، بەڵكو ڕۆڵی سەركردایەتیكردنی پێداون، ئەوەتا ئێستا ئافرەتێكی خەباتكارو ڕێزدار ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیە، لە ڕوانگەی سیاسەتی دوێنێ و ئەمڕۆدا، ژنان خۆیان ڕێڕەوی شۆڕش و خەباتی پارتییان دیاریكردووە.
ئافرەتانی ناو پارتی، لەترۆپكی قوربانیدان بوون و، شەهید لەیلا قاسم باشترین و ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ژنانی گۆشكراو بە ڕێبازی بارزانی، خۆیان ڕەوتی خەباتیان دیاریكردووە.
سەرۆك مەسعود بارزانی لەبارەی لەیلا قاسم دەفەرموێت: چەندین جار داوایان لێكرد داوای لێبوردن لە ئەحمەد حەسەن بەكری سەرۆككۆماری ئەوكاتەی عێراق بكات، بەڵام لەیلا وەكو شاخ، ئەو داوایەی ڕەتكردەوەو، بەپێچەوانەوە گوتی: من داوای لێبوردن تەنها لە گەلەكەی خۆم دەكەم.
بیهێنە بەرچاوت، ئافرەت كە لە دیدگای گەلانی ئەم ناوچەیەدا بە لاواز ناسێنراوە، كەچی كاتێك دێتە ناو پارتی و بە ڕێبازی بارزانی گۆشدەكرێت، دەچێتەوە بەگژی مەرگدا و، نەك لاواز نییە، بەڵكو گاڵتەی بەهەموو دەزگا و سێدارەی داگیركەران دێت و، مردن لەبەردەمیدا چۆك دادەدات.
لەمەوە زۆر بەباشی بۆمان دەردەكەوێت، كە پارتی زیاتر لەوەی حزبێكی سیاسی بێت، قوتابخانەیەكی كۆمەڵایەتی و فیكری و دەروونیشە بۆ گۆڕینی سایكۆلۆژیای ژن، بۆ دروستكردنی ژنی خەباتگێڕ و سیاسی و سەركردەی بەئەزموون.
لەئێستاشدا، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، كە خێوەتی پارتییە بۆ كۆكردنەوەی ژنانی كاریگەر و خەباتگێڕ، لەژێر چاودێری و ڕێنوێنی سەرۆك بارزانیدا، كۆنگرەی خۆیان گرێدا. ئەم كۆنگرەیە كە زیاتر وەك ئەپدەیتی تواناكانی ژنانی پارتی دێتە بەرچاو، توانی زیاتر و زیاتر ڕۆڵی ژنانی سەركردەی بەهێز و كارزان دەربخات، كە بەشێوەیەكی كارا و كاریگەر توانیویانە سەكردایەتی ئافرەتان بكەن و، ببنە داینەمۆیەكی بەهێز بۆ وەگەڕخستنی تواناكانی ژن، بۆ تۆكمەتركردنی پارتی و، گرتنی كەلێنەكانی كۆمەڵگەی كوردی، بەتایبەتی لە بابەتی ژنانی سیاسیدا.
لەهەرچوار پارچەی كوردستان، خانزاد و مەستورەخانم و عادیلە خانم و سەدان ژنی گەورە و كاریگەرمان هەیە. مێژوومان پڕ پڕە لەم كەسایەتییانەی كە توانیویانە وێنە نەمەتییەكەی ژن تێكبشكێنن و، ئیدی ژن وەكو ئامرازێكی تەنیا جەستەیی سەیر نەكرێت، بەڵكو لەجوڵەی كۆمەڵایەتیدا، پێگە و ڕۆڵی سەركردایەتی هەبێت.