دبلۆماسیەتی کورد بە قەڵەمی هەولێریەک

نازم دڵبەند
مرۆڤ لە رۆژی لەدایکبوونەوە، کە لە ساتی یەکەمدا چاوی بە رووی دنیای ژیاندا دەکاتەوە، هیچ ژیری و ناژیرییەکی پێوە دیار نییە، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی رۆژانەی تەمەنیدا، دەچێتە ناو ناخی هەستکردنەوە، لەگەڵ ڕێڕەوی ڕۆژگار و گەیشتن بە قۆناغێکی دیکەوە، هەڵسوکەوتی لە لا ڕوونتر دەبێت و بە دوای بەهرە و ئارەزوویەکدا دەگەڕێت، کە بتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە، ئەمەش بەشێکە لە سەرکەوتنی کەسەکە، ئەو هێنانەوەیەش بۆ بوونی کەسایەتیەکی هەولێری لەم جۆرەییە، کە نزیکەی پەنجا ساڵە لە بواری یاسادا کار دەکات و وەکو یاساناسێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر ناسراوە، ئەویش نووسەر و پارێزەری ڕاوێژکار (سابیر عومەر مامەسێنی)ـیە.
ئەو هەر لە هەڕەتی گەنجایەتییەوە لە میانی بنەماڵەکەیەوە هەستی کوردایەتی و نەتەوەیی لەگەڵ تەمەنی خۆی هەڵگرتبوو، وەک خۆیشی دەگێڕێتەوە:
باوکی زۆر بەئاواتەوە بووە، ئەو ببێ بە پارێزەر، ئاواتی هاتە دی و گەیشتە ئەوەش لە رۆژە سەختەکانی شۆڕشی کورد لە شاخ و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی یاساناسی دیکە پێکەوە دادگای باڵای شۆڕش لە ناوچە ئازادکراوەکان کە هاوشێوەی دادگای تێهەڵچوونەوە (تەمیز)ی ئێستا بوو دروست بکەن و ببێتە ئەندامێکی کارای ئەم دادگا باڵایە، لەم دادگایەدا سەرەڕای پیادەکردنی یاساکانی عێراق، بەندەکانی مافی مرۆڤیشیان تێدا ڕەچاو کردووە، بە پێچەوانەی دادگاکانی دەسەڵاتی (بەعس)، ئەو رۆڵە گرنگەی ئەویش لەم بوارەدا بۆ ئەوێ ڕۆژێ مێژوویەکی پڕ سەروەرییە، کە هەموو ژیانی خۆشی گەنجێتی شاری بردە شاخ و بە سەرما و برسیەتی، ژیانی بەڕێ دەکرد، چوونکە ئەوێی بە وڵاتی سەربەخۆیی خۆی دەزانی و کوردبوون و کوردایەتیی خستە سەر هەموو شتێکەوە.
دیارە ئەم یاساناسە هەر بەوەش نەوەستاوە، توانیویەتی هەر لە بوارە یاساییەکەی خۆیدا بچێتە ناو عالەمی نووسینیش، لەمەشیان سەردەستە بوو لە هەڵبژاردنی ئەو بابەتەی هەڵیبژاردبوو، ئەویش نووسینە لە بواری دیبلۆماسیەتی کورددا، کە لە ناو کولتووری نووسینی کوردی تا ئێستاکە کەم کەس بەلایدا چووە، بە کرداریش ئەوەی سەلماند و کتێبێکی بە ناوی (دبلۆماسیەتی کورد)ی بە چاپ گەیاند و بڵاوی کردەوە، لە کاتی نمایشکردندا مشتومڕ و بەدواداچوون و دەستخۆشییەکی زۆری لێ کرا، لەپای ئەوەی ئەو کەسی یەکەمە باس لە ڕەوشی دبلۆماسیەتی کورد بکات بۆ ئایندەی سەربەخۆیی کوردستان وەک بەڵگەنامەیەکی مێژویی بمێنێتەوە.
دیارە ئەم یاساناسە بەردەوامە لە نووسین، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر بابەتی پەیوەندییەکانی کورد و لە قۆناغی کۆتاییە بۆ تەواوکردنی کتێبێکی تازە بە ناوی
(کونسڵگەریەت لە کوردستان)دا، ئەمیشیان هەوڵێکی دیکەیەتی لەم بوارەدا، کە تا ئێستاکە هاوشێوەی لە کتێبخانە و چاپەمەنییە کوردییەکاندا نییە، چونکە مێژوونووسانی کورد نەپڕژاونەتە سەر ئەم بابەتە یاساییە و تا ئێستاکە شرۆڤەیەکی لەسەر نەکراوە، بۆیە وەک پێشنیارێکم بۆ لایەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا کتێبەکانی ئەم نووسەرە بخاتە پڕۆژەی خوێندن.
پارێزەر (سابیر عومەر مامەسێنی) لەبەر هەبوونی سیستەمی راستگۆیی و هەقزانی نەیتوانیوە بچێتە ناو هیچ وەزیفەیەک، سەرباری ئەوەی هەموو دەرگاکانی بۆ لەسەرپشت بوون، وەک خۆی دەڵێت:
(نەمتوانیوە بچمە ناو پرۆژەیەکەوە کە ناعەدالەتیی تێدا بێت).