چرۆ عهبدوڵا
ئافرەت و کۆمەڵگە پەیوەندییەکی گرێدراوو دانەبڕاویان هەیە، بێگومان ئافرەتانیش هەمیشە پێشەنگ بوون لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و لە بوارە جیاوازەکاندا کاریگەری و ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
لە ئێستادا زەمینەیەکی لەبارتر ڕەخساوە کە ئافرەتان دەتوانن باشتر تواناکانی خۆیان بسەلمێنن و لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا جێ دەستیان دیار بێت، دەبینین ئافرەتان لەناو خێزانەوە کە گرنگترین یهكهی کۆمەڵگەیە، ئەرکی پاراستنی خێزان و پەروەردەی منداڵی لە ئەستۆیە و توانیویانە ڕۆلی سەرەکی ببینن لە پەروەردەی نەوەی داهاتوو و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست. لە لایەکی تریشەوە لە بواری ئابووری و گەشەپێدان ئافرەتان توانیویانە بەشێکی گرنگ بن لە بازاری کارو بەرهەمهێنان و داهات، هەروەها جێی خۆشحاڵییە جیا لەوەی شان بەشانی پیاوان کار دەکەن، خۆشیان توانیویانە چەندین جۆر کاری سەربەخۆ و پرۆژەی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت.
ئافرەتان لە بواری بەشداری سیاسی و حوكمڕانیشدا بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو توانیویانە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرچاو دروست بکەن و بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە ناوەندەکانی بڕیاردا. لە بواری پێشکەووتنی فەرهەنگی و زانستیشدا توانیویانە کاریگەرییان لەسەر کۆمەلگە هەبێت و چەندین ئافرەتی نوسەر و هونەرمەند و بەهرەمەند لە بواری زانستی و ئەکادیمی خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن.
بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ناتوانینن بڵێین ئافرەتان ڕوبەرووی گیروگرفت و پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان نابنەوە، هێشتا بەڕێژەی جیاواز نایەکسانی جێندەریی دەبینین، لە زۆربەی کۆمەڵگەکانیشدا ئافرەتان هێشتا ڕووبەڕوی سنوردارکردنی ژیان و چەندین جۆری جیاوازی توندوتیژی و ئازاردانی دەروونی دەبنەوە و هەمیشە بەشێکی سهرهكی قوربانییەکانی کۆمەڵگەن.
لەگەڵ هەبوونی ئەم کێشەو پێشهاتانە بۆ ئافرەتان ئێمە پێویستە وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە و لایەنی پەیوەندیدار بە ڕێگا چارەسەری گونجاو هەوڵبدەین بۆ زیاتر دەستەبەرکردن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی ئافرەتان، ئەوهش لە ڕێگای پەروەردەی زیاتر بۆ خانمان لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زانستی و کۆمەڵایەتی ئاشنا کردنی زیاتری خانمان بە خوێندن و ڕاهێنان لە بوارە جیاوازەکان، هەروەها بە یاسا کار بکرێت بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و لە ڕووی ئابووریشەوە زیاتر هانی ئافرەتان بدەین کە ببنە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان، ئەوەش لە ڕێگای پشتگیریکردن لە کارەکانیان و هاندانیان.
پێویستە لە ڕێگای میدیاوهو بهشێوهیهكی گونجاو، کار بکرێت بۆ گۆڕینی بیرۆکە چەق بەستووەکانی کۆمەڵگە بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ئافرەتان، چونكه ئافرەتان بەشێكی سەرەکی کۆمەڵگەن و بەهۆی یارمەتی و پشتگیری کۆمەڵگەشهوه دەتوانرێت ژینگەیەکی ئارام و یەکسان و پێشکەتوو دروست بکرێت.