دیدگای سەرۆك بارزانی و پرسی ئافرەت

‎هاودەنگ فارووق
‎لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕۆژێکی مێژوویی و پڕشنگداردا (١٣ی نیسانی ٢٠٢٥)، چرای یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان داگیرسا. ئەم ڕووداوە گرنگە، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ڕەنگدانەوەی قووڵی ئەو گرنگییە بوو کە بەڕێزیان بە پێگە و تواناکان و هەیبەتی ئافرەتانی دەدەن.
‎جەوهەری وتارەكەی سەرۆک بارزانی، هەروا وتارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو هێزو وزەیەكی مەزن بوو بۆ تەواوی ژنی كورد، نەخشاندنی تابلۆیەکی شکۆدار بوو لە مێژووی خەبات و خۆڕاگریی ئافرەتی. ‎بەڕێزیان ئاماژەیان بە ڕۆڵی نەبڕاوەی ئافرەتان کرد لە مەکۆی شۆڕشەکاندا، لە ئەیلوول و گوڵانەوە تا داستانەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جەختیانکردەوە کە “ڕۆڵی ئافرەتی كورد قەت لە ڕۆڵی پیاو كەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێكجار زیاتریش نەبووبێت.” ئازایەتیی بێوێنەی کچانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا، وەک نموونەیەکی زیندووی ئەو شانازییە هێنایەوە.
‎ دیدگای سەرۆک بارزانی تەنیا ڕووی لە ڕابردوو نەبوو؛ بانگەوازێکی ڕوون و ئاشکرای ئاراستەی داهاتوو کرد، کە “پێویستە ئافرەت لە هەموو سێكتەرێكدا، ئەو بوارەی بۆ فەراهەم بكرێت، ڕۆڵی كارای خۆی ببینێت.” ئەمە بانگەوازێک بوو بۆ بەدیهێنانی دەرفەتی یەکسان و کردنەوەی تەواوی دەروازەکان لەبەردەم لێهاتوویی و تواناو داهێنانی ئافرەتان بۆ بەشداری كارامەیان لە بونیادنانی کوردستانێکی پێشکەوتوودا.
‎پشتگیریی بەهێزی سەرۆك بارزانی لە دروشمی کۆنفرانسەکە “بە تواناکانمان داهاتوو بنیاد دەنێین” و دڵنیایی دانەوەی “ئێمەش پشتیوانتانین”، تەنیا وشە نەبوون، بەڵکوو پەیمانێکی پتەو بوون بۆ ئافرەتان. ئەم پشتیوانییە لە کردەوەشدا بەرجەستە بووە، وەک زیادکردنی کۆتای ئافرەتان لە پلە باڵاکانی پارتیدا، کە نیشانەی باوەڕی قووڵی سەرۆک بارزانییە بە توانای هاوبەشی ئافرەت و پیاو لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا.
‎ئەم گرنگیدانە بەردەوام و ڕیشەییەی جەنابی سەرۆک بارزانی، وەک چرایەکی ڕووناک، ڕێگای بۆ ئافرەتانی کوردستان خۆشکردووە تا بە باوەڕبەخۆبوونێکی زیاترەوە هەنگاو بنێن و ڕۆڵی شایستەی خۆیان لە هەموو کایەکانی ژیاندا ببینن و ببنە نموونەی دیار و پێشكەوتوو بۆ میللەتانی ناوچەكە.