میعراج بە ڕۆح

حەمەسەعید حەسەن
زاهید وەک ڕاهیب، بەرگی لە خوری بوو، خۆراکی دەبوو حەڵاڵ و بێمنەت بێت، هەیانبوو هەر نانی وشکی دەخوارد، گۆشتی لە خۆی حەرام دەکرد و تەنانەت توخنی خورمایش نەدەکەوت. زاهید پێی وابوو، ڕۆح بەوە گەشە دەکات، خۆت لە خۆراک بپارێزیت. سەهلی توستەری دەیگوت: (لە برساندا خواپەرستیت بۆ نەکرێت، لەوە باشترە بە سکی تێرەوە بیکەیت.) زاهید هەر دڵی بەوە تێرئاو نەدەبوو، پێنج فەرزە نوێژ بکات و تەواو، بەڵکوو زیکر و نزا و نوێژی غەیری پێنج فەرزەیشی دەکرد. لە سەرەتاوە، زیکر لە بەسرە برەوی هەبوو، بەڵام لە بەغدا بە پاساوی ئەوەی هەم گوتنەوەیەکی میکانیکی بوو، هەم (ڕێ)ی بۆ (ڕیا)یش خۆش دەکرد، هەواداری کەم بوو.

زوهد هەر ئەوە نییە، کەم بخۆین، ئەوەیشە کەم بخەوین، ئەوەیشە کەم تێکەڵی خەڵک ببین و کەم بدوێین و خۆمان لە خۆشییە بێگەردەکانیش بێبەش بکەین. زوهد پێوەندیی بە دڵەوە هەیە، نەک بە گەدەوە، ئاخر زوهد ئەوەیە، دڵمان لە غەیری خوا، بە هیچی دیکەوە سەرقاڵ نەبێت. زوهدی نەفس بریتییە لەوەی دەست لە ئارەزووەکانی خودی خۆمان هەڵبگرین و بە بەشی هەرە کەمی خۆمان ڕازی ببین. سەری ئەلسەقتی گوتوویەتی: (زوهد ئەوەیە، هیچ لە کەس وەرنەگریت، داوای هیچ لە کەس نەکەیت و هیچت پێ نەبێت، تا لێی بدەیت بە کەس.) لای نەقشبەندییەکان: زیکری ناوی خوا بە بێدەنگی دەکرێت، ڕۆحی پاکژ بە لایانەوە گرنگە، نەک چەپاندنی نەفس، بە پەروەردەکردنی دڵیانەوە خەریک دەبن، نەک بە کەویکردنی نەفسی بەدخووەوە.
تەوەکول: ئەوەیە نە خاوەنی ویست بیت، نە هیچ ئیشێک بکەیت، هەموو شتێک لێ گەڕێیت بۆ خوا و قایلیش بیت بە بەشی خۆت، ئاخر عەبد لەبەر دەستی خوادا، دەبێت وەک مردوو وابێت لەبەر دەستی مردووشۆردا. ئەوی بڕوای بەم لێکدانەوەیە هەبووایە، دەبوو هیچ هەوڵێک بۆ دابینکردنی بژێوی نەدات، چاوەڕێی خوا بێت کە خاوەنی گەنجینەکانی ئاسمان و زەمینە، بەشی بنێرێت. ئەم جۆرە لە زاهیدان ئەگەر بەرەو حەج بەڕێ کەوتبان، خۆراکیان لەگەڵ خۆیان نەدەبرد، دڕکێک بە پێیاندا چووبا، لێی دەگەڕان و کەوتبانە نێو بیرێکەوە، هاواری کۆمەکیان نەدەکرد. لە داخی ئەم چەشنە لە سۆفی، (سوفیانی شۆڕشگێڕ) گوتبووی: (ئەوی لە برساندا بمرێت و داوای خواردن لە کەس نەکات، خوا دەیخاتەوە دۆزەخەوە.)
ئایا دەوڵەمەندێکی سوپاسگوزار بین، باشترە یان هەژارێکی ڕازی؟ دەوڵەمەند یەکێکە لە سیفەتەکانی خوا و هەژار یەکێکە لە سیفەتەکانی عەبد. بەگوێرەی ئینجیل، (تێپەڕبوونی حوشتر بە کونی دەرزیدا، ئاسانترە لەوەی دەوڵەمەند بچێتە بەهەشتەوە.) بەپێی گوتەی پەیامهێنی ئیسلامیش، (هەژار پێش دەوڵەمەند بە بەهەشت شاد دەبێت.) دەشێت پەیامی ئەم دوو گوتەیە وا لێک بدرێتەوە کە بانگکردنی هەژارانە بۆ ئەوەی، بە بەشی کەمی خۆیان قایل بن، تا سامانی زۆری دەوڵەمەندان، هەر پارێزراو بێت.
ڕەبەنی ئەوەیە بە عەرەبی ڕەهبەنەی پێ دەڵێن، ڕاهیب کریستیانێکی ڕەبەنە، لە دێرێکدا خۆی دوورەپەرێز کردووە و بە خواپەرستی ژیان بەڕێ دەکات. حەسەنی بەسری گوتوویەتی: (ئەگەر خوا خێری عەبدی خۆی بوێت، بە ماڵ و منداڵەوە سەرقاڵی ناکات.) ئەبوو سولەیمانی دارانی دەیگوت: (ژنهێنان گەڕانەوەیە بۆ لای خۆشییەکانی دونیا.) ئەو تێزانە لەگەڵ ئیسلامدا ناکۆکن، ئاخر لای دینی موحەممەد، بایەخی ئەوەی پیاو ئەرکی سەرشانی بەرانبەر بە ماڵ و منداڵ جێبەجێ بکات، وەک بایەخی بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینییەکان وایە. ئەبوو تورابی نەخشەبی دەڵێت: (ئەوی خانەقا، یان مزگەوتنشین بێت، وەک ئەوە وایە دەرۆزە بکات، ئەویشی بە دەنگی بڵند قورئان بخوێنێت، هەر وەک ئەوە وایە سواڵ بکات.)
لە سەدەی پێنجەمی کۆچییەوە، ئەوە ئاساییبوو، چەندان مورید لە خانەقایەکدا لە دەوری شێخێک خڕ ببنەوە. لە ڕووی مەعنەوییەوە پێوەندیی مورید بە شێخەوە، وەک پێوەندیی کوڕ و باوک وابوو. مورید هێندە هۆگری شێخ دەبوو، مەگەر کۆرپە هێندە هۆگری دایکی ببێت. مورید لە دەستپێکدا لە خانەقادا خزمەتی دەکرد، ئەو خزمەتەی وەک خواپەرستی بۆ هەژمار دەکرا. دواتر کە دەچووە خەڵوەتەوە چل ڕۆژی پێ دەچوو، ئەو ماوەیە لە دونیا دادەبڕا، هەر خەریکی نوێژ و زیکر و نزا دەبوو، تەنیا بۆ کۆنوێژی هەینی دەهاتە دەرەوە. مورید لە خەڵوەتدا نەدەخەوت، مەگەر خەو زەفەری لێ هێنابا، دەستی لە زیکر بە زمان هەڵنەدەگرت، تا زمانی شل دەبوو، ئەوسا بە دڵ زیکری دەکرد. مورید نابینایانە گوێڕایەڵی شێخ دەبێت و هەر چی بە بیریدا بێت، شێخی لێ ئاگادار دەکاتەوە. بۆچی مورید سەروەختی زیکر، بێ بڕانەوە، ئەڵـڵای لەسەر زارە؟ بۆ ئەوەی دڵی پڕ ببێت لە مانای ڕاستەقینەی خوا و بۆ ئەوەیشی دڵی بە نووری خوا ڕۆشن ببێتەوە. مورید کە هەموو وێستگەکانی بڕی، وەک ئەوە وایە میعراجی ڕۆحیی کردبێت.