ڕاگەیاندن و بانگەشەی دروست

شێرکۆ حەبیب
لە کۆتایی مانگی سێ سۆشیال میدیا ئەو بایەخەی بە مووچە نەدا، چونکە تا ئەو کاتە مووچە وەرگیرا بوو، لەم ماوەیە هەڵبەتە بانگەشی مووچە هات و نەهات دەست پێ دەکاتەوە و هەر یەکە بە ئاوازێک بۆی دەخوێنێ، ڕاستە مووچە مافێکی سەرەکی مووچە خۆرانە و ئابووری دەبوژێنێتەوە، بەڵام نەک وەک هەندێ میدیا باسی لێوە دەکەن و خاتوو تەیف سامی جۆن ئارەزووی هەبوو خەرجی بکات، ئەم ماوەیە جگە لە مووچە بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتیشی هاتە سەر کە هەر یەکە و بە شێوازی خۆی و زانیاری خۆی باسی دەکات، بێ گوێدان بەوەی کەوا لێژنەیەک لە لایەن پارتی و یەکێتی پێکهێنراوە بۆ ئەو بابەتە، کە ئەوان زانیاری وەردەکارییەکان لە هەموویان باشتر دەزانن، بەڵام هەر بەرپرسێک لەم حزب و ئەو حزب لێدوان دەدات بێ بنەما.
لە ڕاستیدا پێکهێنانی حکوومەت کە کاتێکی زۆرە هاووڵاتیان چاوەڕوانن، پێویست نەبوو ئەوەندە کاتە و تا ئەم ساتە درێژە بکێشێت. نەخاسمە لە کات و ساتێک کە ناوچەکە ئەگەری گۆرانکاری زۆری لێ چاوەروان دەکرێت، لە وڵاتانی دیموکراسی لە دوای ٢٤-٤٨ کاتژمێر دوای بەکۆتا هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن حکوومەت پێکهاتووە، هەڵبەتە بارودۆخی کوردستان جیاوازە بەڵام ئەوە ناگەیەنێ بەوشێوەیە دوا بکەوێت، دیارە بە گوێرەی ئیسیحقاقی هەڵبژاردن پۆستەکان دابەش بکرێت، نەک ئەو لایانەی دەڵێ نابێ حسابی کورسی بکرێت، کورسییەکان مانای دەنگ و قەبارەی ئەو حزب و لایانە دەردەخات، بۆیە گرنگە پابەند بوون بە ئاکامی هەڵبژاردن ئەگینا بۆ هەڵبژاردن بکرێت، خۆ مەرجیش نییە هەموو لایانەکان بەشداری حکوومەت بکەن با ببن بە ئۆپۆزسیۆنێکی سەردەمیانە، خۆ مەرج نییە هەمیشەش هەردوو حزبی براوە لە دەسەڵاتدابن، با ئەوەی کورسی کەم هێناوە ببێتە ئۆپۆزسیۆن بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی سەردەمیانە، نەک هەندێ لایان خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن بەوەی بەهۆی زوڵم و ستەم و نادادییەوە ناچنە نێو حکوومەت و پۆستی گەورەیان پێ نادرێت. ئەوەی ئەوان باسی دەکەن تەنیا فریودانی دەنگدەرانی خۆیانن تا هەست بە شکستی هەڵبژاردن نەکەن. پارتی لە هەڵبژاردندا هێزی یەکەم بووە و بێ ڕکابەرێکی نزیک زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی هێناوە ئیتر چ پێویست بە بانگەشی ساختەی میدیایی ناکات لە بارەی پێکهێنانی حکوومەت و شایستەیی پارتی بۆ بەدەستهێنانەوەی جومگە سەرەکییەکانی حکوومەت.
لێرە ئەوەی گرنگە تا زووە کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت و هەر لایانە پێ بەقەدەر بەڕەکەی خۆی رابکێشێ و رێز لە ئیرادە و دەنگی میللەت بگرن، و مەرج نییە لە رێگای فلان وەزارەت و پۆست تەنیا خزمەتی میللەت و وڵات بکەن، ئەوەی خزمەتی وڵات بکات لە هەر پۆست و پایەک بێت دەتوانێت خزمەت بکات
بۆیە گرنگە داواکاری لایانەکان بە گوێرەی قەبارە و دەنگ و کورسییەکان بێت نەک کورسیەک و دەیان کورسی هەبێت هەمان ئیستحقاقیان هەبێت، بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان لەسەروی هەموو بەرژەوەندییەکانە.