هاودەنگ فارووق
– 1 –
لەم هەفتەیەدا بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لەهەولێر كۆنفرانسی ئافرەتانی كوردستان، بە هەوڵی بێوچانی خاتوو ئامینە زكری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و چەندین سەركردەو كەسایەتی دیكەی ئافرەت و سەركردایەتی پارتی، بەڕێوەچوو.
ڕاستییەكەی لە كولتووری كۆمەڵگەی كوردیدا، ئافرەت پێگەیەكی گرنگ و هەستیار و زۆرجاریش دەوری سەركردایەتیی كارای هەبووە، كورد بەشێوازێكی جیاواز لە گەلانی دەوروبەر سەیری ژنی كردووە. ئافرەت لای كورد، وەك مرۆڤ، وەك دایك و نیوەی نیشتمان و پەروەردەكار و، كۆڵەكەی بنیادنانی كۆمەڵگەی نەتەوەی كورد بووە.
گرنگیی ئەم كۆنفرانسە لەوەدایە، بەر لە هەموو هەنگاوێك بۆ پێشەوە، كولتوورێكی دەوڵەمەندی مێژوویی كوردی و ئینسانی مەزنی لەنێو كۆمەڵگەی كوردستان، نەك هەر زیندووڕادەگرێت، بەڵكوو دەیەوێت بیگونجێنێ و بە میتۆدی سەردەمییانە لەگەڵ پێشكەوتنی مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ و مافی یەكسانیی هەردوو ڕەگەز لە كایەكانی ژیانی سیاسی و چڤاكی و ئیداری و پێشكەوتنەكانی ئەمڕۆ بەرخوردی لەگەڵدا بكرێت. هەروا پێویستە هەموومان هاوكارو پشتگیری ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیە بین، پیاوان هاوكاری باشتربن لە ڕەخساندنی زەمینەی فكریی و كرانەوەی دەرگاكان بەڕووی تواناوداهێنانی ژن، ئەمەش بە باوەڕبوون بە مافی یەكسان و نەرم بیركردنەوەی عەقڵی پیاو دەكرێت، ژن دەبێ ڕۆڵی زیاتر هەبێت چ لە ناو حزب و حكوومەت و پێگەی سیاسیی كوردستان و لە پلەو پایەی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان.
دەبینین لەكولتووری بەشێك لە نەتەوەكانی سەردەستەی خاوەن دەوڵەتی دراوسێی كورددا، پرسی ژن لێوان لێوە لەدیدگای شەهوانی و، دەركردنی ژن لەكایە بەشەریی و كۆمەڵایەتییەكان. ئاخر ئەم بابەتە پەیوەندی بە بونیادی نەتەوەوە هەیە، پەیوەند بە بەشداری كارای خودی ژنەوە هەیە لە كایەكانی ژیاندا. بەڵام لەكۆمەڵگەی كوردیدا، ژن شانبەشانی پیاو، لە دەشت و شاخ بە یەكسانی حزووری هەبووەو بەردەوام دەستی لەناو ئیشدابووە. لەكشتوكاڵ و ئاژەڵداریدا، بەشداربووە، بەبێ ژن هیچ كایەیەكی ژیان باش نەگوزەراوە. سەرجەم بەروبوومەكان و داینەمۆكانی ژیان و پەروەردەو ڕاگرتنی ستوونەكانی پێكهاتەی خێزان لە كۆمەڵگەی كوردی، لەسەر شانی دایكان و ، بەدەستوپەنجەی ژن گەڕاون. بەبێ ژن كشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەوستا.
لەسەردەمی نوێشدا، ژن پێشمەرگە بووە، زیندانی سیاسی و ڕێكخستن بووە، میر و سەركردە بووە، سەرۆكی دامەزراوەی پایەبڵندو تاكو حاڵی حازریش، كەسایەتی كاریگەرو، دكتۆروهونەرمەند و سیاسی و خەڵكی ڕیزی پێشەوەیە.