حەمەسەعید حەسەن
سۆفییە گرینۆکەکان
(کە خوا دەپەرستیت، وەک ئەوە وایە، چاوت لێی بێت،
ئەگەر چاویشت لێی نەبێت، ئەو چاوی لە تۆیە.)
سۆفیگەری لە خوراسانەوە و لەو دەڤەرانەی تورکستانەوە کە شوێنی پێکگەییشتنی ئایین و کولتوورە خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتییەکان بوو، سەری هەڵدا. خەڵوەت و تەسبیح بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلام، لای ئایینە هیندییەکان هەبوون. وەک چۆن دانتی کاریگەریی فیکری مەعەڕی و ئیبن عەرەبیی لەسەر بووە، هەروایش فیکر و فەلسەفەی ئەورووپایی بۆ ناو ئیسلام پەڕیونەتەوە. سۆفیگەری لای ئیسلام، لەگەڵ ڕێبازی غەنووسی، فەلسەفەی یونانی، تەسەووفی مەسیحی، هیندی و فارسیدا، هەمان سەرچاوەیان هەبێت یان نا، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، کە لایەنی هاوبەش و لێکچوویان هێندە زۆرن، ناکرێت چاوپۆشییان لێ بکەین. زوهد لایەنێکی گرینگی سۆفیگەرییە، هەمان ئەو زوهدەی ڕابیعەی عەدەوی ڕەچاوی دەکرد، پێشتر لای کریستیان و بودایییەکانیش هەبووە. ئەوانەی سۆفیگەرییان هێنایە نێو ئیسلامەوە، بە بنەچە عەرەب نەبوون، وەک بەڵخی و بەستامی و ڕازی.
ناستیسیزم: Gnosticism عیرفانە، بەر لە کریستیانیزم سەری هەڵداوە، شوێنکەوتووانی پشتیان دەکردە دونیای ماددە و لە دونیای ڕۆحدا بزر دەبوون. ناستیسیزم گەییشتنە بە ڕۆشنبوونەوە، ڕزگاری، ئازادی و یەکگرتن لەگەڵ خوادا کە بە هۆی زوهدەوە فەراهەم دەبێت. لای غەنووسییەکان دونیای جەستە و ماددە کە کورتخایەنە، دونیای بنەوەیە، بەڵام دونیای خوا کە ڕۆح بۆ لای هەڵدەکشێت، دونیایەکی باڵایە و ئەزەلییە. زۆرێک لە باسکاران، ناستیسیزم بە یەکێک لە سەرچاوەکانی سۆفیگەری هەژمار دەکەن. ڕینۆڵد نیکڵسۆن پێی وایە، وێڕای غەنووسی، سۆفیگەریی لای ئیسلام، کەم و زۆر کاریگەریی فەلسەفەی یۆنانی، ئایینە فارسی و هیندییەکان، یودیزم و کریستیانیزمیشی لەسەر بووە. لای مەسیحییەکان جەستە خۆی بەد نییە، ئارەزووەکانی بەدن، بەڵام لای غەنووسییەکان جەستە خۆی لە خۆیدا بەدە. سۆفیی کریستیان چۆن لەگەڵ خوادا یەک دەگرێت؟ بە خۆ ڕزگارکردن لە گوناهـ، بە پاراستنی جەستە لە ئارەزوو، بە بێفیزی، بە پاکژکردنەوەی ناخ لەڕێی نوێژ و نزاوە، بە هەڵگرتنی شوێنپێی عیسا و بە نوقمبوونی تەواو لە زەریای خۆشەویستیی خوادا.
ئەوەی سۆفی خۆی ڕادەستی خوا دەکات و لەنێویدا فانی دەبێت، کەم و زۆر لە (نیرڤانا) دەچێت. کە بوودایی دوای ڕامانێکی درێژ و قووڵ، لە زەین و جەستەی خۆی و لە دونیای دەرەوەی خۆی جودا دەبێتەوە، ئیدی هەست بەوە ناکات، چی لە دەوروبەری ڕوو دەدات، ئەوسا ڕۆحی ڕۆشن دەبێتەوە، دەگاتە ئەوپەڕی ئاسوودەیی، هەست بە هیچ نیگەرانییەک ناکات و لە دەست ڕق، تووڕەیی، گومان، وەهم و هەڵپەکردن بۆ خۆشییەکانی دونیا، ڕزگاری دەبێت.
باسکردنی ڕاهیب لە (شیعری جاهیلی)دا، بەڵگەیە بۆ ئەوەی بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلام، بەهۆی مەسیحییەکانەوە، زوهد لە نیمچە دوورگەی عەرەبدا نامۆ نەبووە. لەڕێی زوهدی مەسیحییەکانەوە، لای عەرەب کە ئەوسا بتپەرست بوون، گومان لە بتپەرستی چەکەرەی کرد. هەرچەندە لە سەرەتای پەیدابوونی ئیسلامدا، موحەممەد و یاوەرانی، بەشێک لە شەویان بۆ خواپەرستی تەرخان دەکرد، بەڵام دواتر نە پەیامهێن و نە یاوەرانی بایەخیان بە زوهد نەدەدا و هێندەی بە گونجاویان زانیبا، چێژیان لە خۆشییەکانی دونیا دەبینی.
سۆفیگەری هەر لە سەدەی یەکەمی کۆچییەوە، بە زوهد سەری هەڵدا. زوهد زادەی هەستکردن بە ئازاری ویژدان و ترس لە ئەشکەنجەی قەبر و سزای ئەو دونیا بوو. پۆشاکی سۆفییەکان کە لە خوری بوو، هێندە هەژارانە بوو، ئاماژە بوو بۆ زوهد. ئەوسا خاڵی هاوبەشی سۆفییەکان ئەوەبوو، ویستی خۆیان دابووە دەست ویستی خوا و بە قەدەری خۆیان قایل بوون. مەعرووفی کەرخی یەکێکە لە سۆفییە ناودارەکانی سەرەتای سۆفیگەری، ئەوەندە تامەزرۆی خوابوو، بە ئەڤینی وەها مەست بووبوو، خۆی گوتەنی: تەنیا بە دیداری هۆشیار دەبووەوە.
لە قورئاندا باس لە هیچوپووچیی دونیا هەیە، بەڵام بەدەگمەن تووشی ئایەتێک دێین، تایبەت بێت بە زوهد. ڕۆژوو کە زوهدە، هەندێک جار، وەک سزایش بۆ پاکژکردنەوەی گوناهـ وەگەڕ خراوە. یەک جار لە قورئاندا ناوی زوهد هاتووە، ئەوەیش بە مانایەکی نێگەتیڤ و وەک سەرزەنشت، (وشروه بپمن بخس دراهم معدودە وکانوا فیه من الزاهدین. سوورەتی یوسف ٢٠) بەڵام گەلێک جار باس لە زیکر کراوە. ئەوە بەلای پەیامهێنەوە پەسەند نەبووە، ئینسان ئەشکەنجەی خۆی بدات، بەو ئومێدەی بەو جۆرە قەرەبووی کارە خراپەکانی بکاتەوە. ئەبووبەکر ئەو جۆرە تۆبە و پەشیمانبوونەوەیەی قەدەغە کردووە، کە حەج بە پێی پەتی بکرێت، یان حاجی سەروەختی تەواف ئەڵقە بکاتە لووتی، پەتی تێ بخات و وەک حوشتر کەسێک ڕایبکیشێت.
حەسەنی بەسری کە لە ١١٠ی هیجریدا کۆچی دوایی کردووە، یەکێکە لە زاهیدە ناودارەکانی سەرەتاکانی ئیسلام. بۆچی زوهد لە ئیسلامدا سەری هەڵدا؟ هەم کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو ترسەی قورئان لەبارەی ئەشکەنجەی قەبر و ئاگری دۆزەخەوە، خستییە دڵی موسوڵمانانەوە و هەم موسوڵمان هەستی بە ئازاری ویژدان دەکرد، ئاخر پێی وابوو کەم و زۆر سەرپێچیی لە فەرمانەکانی خوا کردووە، بۆیە هانای بۆ تۆبە دەبرد و سزای خۆی دەدا. (ترس لە خوا نەبووایە، خواپەرستی بە کەس نەدەکرا.) ئەم گوتەیە دراوەتە پاڵ (سوفیانی شۆڕشگێر) کە لە ١٦١ی هیجریدا، کۆچی دوایی کردووە. هەندێک لە زاهیدان، بەجۆرێک زەندەقیان لە سزای قەبر و قیامەت چووبوو، بارانی گریانیان خۆشی نەدەکردەوە و بە گرینۆکەکان ناویان ڕۆییشتبوو.