ئاشنا بابان
ئافرەت ڕۆڵیکى گرنگ و بەرچاوى هەیە لە بنیاتنانی شارستانیەتدا، هەر بۆیە دەوترێت “ئەگەر دەتەوێت شارستانیەت لەناوببەیت، دەبێت خێزان لەناوببەیت، خێزان بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگایە، ژنان ناوەکی کۆمەڵگان و ئەگەر بتوانین ڕەفتاری ژنان پەرەپێبدەین یان بیگۆڕین، دەتوانین ڕەفتاری خێزان و لە ئەنجامدا کۆمەڵگاش بگۆڕین. ژن لە ڕاستیدا یەکەم قوتابخانەیە کە کەسایەتی مرۆڤ تێیدا دروست دەبێت و کۆمەڵگایەک کە منداڵەکانی لە باوەشی ژنێکی نەزاندا بەجێبهێڵێت، ناتوانێت چاوەڕێی خزمەتێکی دروست یان حوکمدانی دروست لە ئەندامەکانی بکات.
ژنان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر خیزان و پەروەردەى نەوەکانى دوا رۆژدا هەیە ،هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و شارستانیدا، بەشداری دەکەن لە پێشخستنی بەهاکانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام ، دەوڵەتی مەدەنی دەوڵەتێکە کە لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوونی یەکسان و سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دامەزراوە و بەشداریی ژنان بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی و گشتگیری زۆر پێویستە. لە دیارترین ئەو کارگەریانە ڕۆڵی ژنان لە بنیاتنانی دەوڵەتی مەدەنیدا کە ئەوانیش، پێشخستنی هاووڵاتیبوون و مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆیان و مافەکانی ئەوانی دیکە بۆ یەکسانی و دادپەروەری بەشداری دەکەن لە بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ. جگە لەوەى بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن ژنان کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری بە هەموو جۆرەکانییەوە، جا لەسەر بنەمای ڕەگەز، یان ئایین بێت، بەمەش بەهاکانی هاووڵاتیبوونی یەکسان بەرەوپێش دەبات.
هەروەها کارلەسەر بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتى و نێوەندگیری و چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەرەوپێشبردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە چارەسەرکردنی ململانێکان و ئاشتەوایی نیشتمانیدا، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە لە قەیراندان. هەروەها نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە بەشداری سیاسی و سەرکردایەتی و نوێنەرایەتی لە دامودەزگا سیاسییەکاندا دەکەن ،لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پەرلەمان و حکوومەت و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان بەشدارن لە بڕیاردانی سیاسیدا، کە ئەمەش دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرەوپێش دەبات و پاڵپشتی پرسی ژنان و خێزان دەکات.
ژنان و ئافرەتان بەشداری لە گەشەی ئابووریدا دەکەن لەڕێگەی دامەزراندنی و بەڕێوەبردنی کارگەی بچووک و مامناوەند، ئەمەش هەلی کار دەڕەخسێنێت و پاڵپشتی ئابووری نیشتمانی دەکات.کارکردن لە کەرتە جیاوازەکاندا ژنان بەشێکی زۆر لە هێزی کار لە بوارەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، و خزمەتگوزارییەکان پێکدەهێنن، کە ئەمەش گەشەپێدانی بەردەوام بەرەوپێش دەبات و بەشداری لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری، و بیرکاری (STEM) دەکەن، کە داهێنان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بەرز دەکاتەوە. سەرەراى هەمو ئەوانەى سەروە باسمان کرد هیشتا ئافرەتان وەک پێویست نەمانتوانیوە لە ئاستى پیوست بیت ئەوەش بە هۆکارى جۆراو جۆر کۆمەڵە تەحەددیاتی بەردەم ژنان و ئافرەتان جا جیاکاری ڕەگەزی نایەکسانی دەرفەتەکانی نێوان ژن و پیاو یان بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بێت ،کە لە هەندێک داب و نەریت بەشداریکردنی تەواوی ژنان لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنیدا سنووردار دەکەن.
دەبێت ژنان بە توخمێکی جەوهەری دابنرێت و زیاتر گرنگى پیبدرێت و بوار و زەمینەسازى بۆ بڕەخسنرێت لە پیناو بنیاتنانی دەوڵەتی مەدەنیدا، بەو پێیەی بەشداری لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا دەکەن. بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و بەهێزکردنی ئەوان هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و بنیاتنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوونی یەکسان و سەروەری یاسا.