ئاڤێستا لە فرمێسک و کلتووری بەرزی بارزانییەکان

عومەر ئەرگوشی
لەو کاتەی بیستنی ژێر ئاوکەوتنی ئاڤێستا لە دەڤەری بارزان ،کاریگەریەکی دەرونی زۆری لەسەر خەڵکی دەڤەرەکە هەبووە ،بەڵام کاتێک خەڵکەکە زانیان لە پێناو ڕزگارکردنی براکەی گیانی خۆی کردووەتە قوربانی کاریگەریە دەرونیەکە دە هێندە کاریگەرتر بوو، چونکە ئەمە یەکێکە لە گرنگترین رەوشتەکانی تابعەکانی بارزان کە لە ژیانیان دا بەوە پەروەردەکراون کە هەمیشە ئامادەبن گیانی خۆیان بکەنە قوربانی بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی تر، ئەوەی لە شۆڕشەکانی بارزان و ژیانی ڕۆژانەی پێشمەرگەکانی بارزانی بەدی دەکرا تێکڕای قوربانیدان بوو بە گیانی خۆیان بۆ پاراستن و ڕزگار کردنی خەڵکی تر ،ئەوەی ئاڤێستا نواندی بۆ ڕزگار کردنی براکەی وەفا و بوێری و گیانفیداییەکە کە لە کولتوری بارزانیەکانەوە تێکەڵی روح و ژیانی بارزانیەکان بووە تەواو لەگەڵ ئەو کولتورە جووت و هاوتایە کە ئاڤێستا پێی پەرەوەردە بووە، کە گیانی خۆی بکاتە قوربانی ئەوکەسانەی ژیانیان لە مەترسیدایە و پێویستی بە قوربانیدان بە روح و جەستەی ئەو هەیە، ئەو جورئەتەی لەم شێرە ژنە بەدی کرا لەم تەنگانەی براکەی تێکەوتبوو بووە بە چیرۆکی ناو ماڵی هەموو ماڵەکانی دەڤەری بارزان. ئاڤێستا بووە بە کچی هەموو ماڵەکان و تازیە و ماتەمینی خستۆتە هەموو ماڵێک،لە قەراخ رووبار هەموو بارزانیە چاو بە فرمێسکەکانن ،پیر و گەنج هەموویان ڕژێنەی فرمێسکیان دەخەنەوە گەرو ناهێلن چاوەکانیان لە فرمێسک زها ببن، کە دەڵێم لە هەموو ماڵەکانی ئەم دەڤەرە خەڵکی چاو بە فرمێسکن چونکە هیچ ماڵێک نیە لەم دەڤەرە باب یا برا یا مام و خاڵێکی گیانی لەدەست نەدابێت کاتێک کە وەک ئاڤێستا خەریکی پاراستن و ڕزگارکردنی خەڵکی تر بوون، ئەم چیرۆکانەی گیان فیدایی و قوربانیدان بە جەستە لە پێناو ڕزگارکردنی خەڵک لەم دەڤەرە بە هەزارانن، سەد ساڵی رەبەقە لەم دەڤەرە خەڵک مژیل و سەرقاڵی گیان بەخشینن لە پێناو پاراستنی کورد و زورلێکراوانی کوردستانن ،کەس نیە ئاگای لە گازی و گریانی ئافرەتانی بارزانی نەبووبێت کەلە سەر گۆری ئەو شەهیدانە دەلاوێننەوە کە بە بەردەوام و بێ دوودڵی خەریکی گیان بەخشین بوون لە پێناو ڕزگارکردنی کورد و کوردستان، هێشتا لەم دەڤەرە چاوەکان لە فرمێسک زها نەبوون، ئەگەر بۆ ئاڤێستا حەفتەیەک بێ چاو لەڕێبن گیانی پاکی بدۆزنەوە ئەوا لەم دەڤەرە دەیان ساڵە گەورە و بچووک چاو لەڕێنە گیانی پاکی ئازیزەکانیان لە گۆڕە بە کومەڵەکان لە بیابانەکانی عیراق بدۆزنەوە و لە رۆخی ئەو شەهیدانە بە خاکیان بسپێرن کە خۆیان کردە قوربانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆیان دروست کرد، ئەم رەوشتە بەرزەی ئاڤێستا لە گەلی کوردستان پیرۆز بێت ئومێد دەکەین نموونەی ئەم ئافرەتە چەلەنگە لەناو گەلی کوردستان دا زۆر بن.
ئیتر دوو ئومێد دەکەم
یەکەم: ئاوەکە زوڵاڵ بێت بۆ ئەوەی ئاڤێستا هەرچی زووە بدۆزرێتەوە
دووەم :راستیەکان زیاتر زوڵاڵ بن بۆ ئەوەی زیاتر بۆ خەلکی کوردستان روون ببێتەوە کە ئەم دەڤەرە چەند قوربانیان بە جەستە داوە لە پێناو ڕزگاری کردنی گیانی کورد.