‎مانگرتنی مامۆستایانی عێراق و ‎هەڕەشەی داڕمانی دەوڵەت

‎هاودەنگ فارووق
‎مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی عێراق، زەنگێکی به‌هێزی ئاگاداركردنەوەی جددییە بۆ قەیرانێکی قووڵی پەروەردەیی، کە ڕەنگدانەوەی شکستی گشتیی سیستەمی سیاسیی وڵاتە. ئەم جوڵەیە تەنها داوای مافی پیشەیی نییە، بەڵکوو نیشاندەری گرژییەکی کۆمەڵایەتیی قووڵە، بەرهەمی ساڵانێکە لە پشتگوێخستن و گەندەڵی و شکستی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی کارادا.
‎کەرتی پەروەردە لە عێراق بەدەست چه‌ندان کێشەی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت: ژێرخانی وێران، کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەكان، كه‌ (پێویستی بە نزیکەی ٨٠٠٠ قوتابخانەی نوێ هه‌یه‌) ‌، قەرەباڵغی پۆلەکان و لاوازیی کوالێتی خوێندن.
‎ئەم دۆخە کارەساتبارە، کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یونیسێف و بانکی نێودەوڵەتییەوە پشتڕاستکراوەتەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن، بێکاریی گەنجان و پەککەوتنی گەشەی ئابووری.
‎مامۆستایانی ئه‌وێ لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن و ڕووبەڕووی توندوتیژیی زۆر دەبنەوە، داوای باشترکردنی گوزەران، زیادکردنی دەرماڵەی پیشەیی، دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون و پەسەندکردنی یاسای پاراستنیان دەکەن. ‎ئەوان نادادپەروەرییه‌كی زۆر دەبینن کاتێک دۆخی خۆیان بە ئیمتیازاتی گرووپە چەکدارەکان بەراورد دەکەن.
‎حکوومەتی عێڕاق لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و گواستنەوەی بۆ کەرتەکانی دیكە ده‌سته‌وستان بووه‌، هەروەها ترسی لە دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانە به‌رفراوانه‌ جەماوەرییەکانی وه‌ك ساڵی ٢٠١٩ هەیە. پشتگوێخستنی داواکاریی مامۆستایان و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، نەک هەر هەڕەشە لەسەر داهاتووی نەوەکانی عێراق ده‌كات، بەڵکو مەترسیی داڕمانی زیاتری پایەکانی دەوڵەت و سەرهەڵدانی نائارامیی فراوانتری لێدەکرێت. چارەسەری ڕیشەیی و وەبەرهێنانی ستراتیژی لە پەروەردە و هه‌موو كه‌رت و داموده‌زگاكانی عێڕاق پێویستییەکی هەنووکەییە.ئەگەر بكرێت، بەڵام سەركردەكانی عێڕاق خەریكی ئیشی دیكەن!! نەك بنیاتنانی دەوڵەتێكی باش و حوكمێكی ڕەشید.