مەشخەڵ كەوڵۆسی
دوای كۆتاییهاتنی جەنگی سارد و داڕشتنەوەی سیستەمی تاك جەمسەری جیهان، بەردەوام ئەمریكا بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی، وەك میدیا و وەك تینك تانك و بەرهەمهێنانی فیكر، هەروەها وەكو سیاسەتی فەرمی دەوڵەت و فیكری سیاسیش، بەردەوام بانگەشە بۆ لیبراڵیزم و ئازادی ڕەهای بازاڕ و، هەورەها بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن كە بازرگانی لەدنیادا پێویستە ئازادبێت، دەوڵەت كەمترین دەستوەردان لەبازاڕ بكات.
بازاڕی ئازاد، ئابووری ئازاد، تەواوی جیهانی گرتەوە، لیبراڵیزم براوەی مێژووەو، خۆی بڕیار دەدات لەوەی بازاڕ چۆن دەجوڵێت. ئەمانە ئەو چەمكانە بوون كە پتر لە چوار دەیەیە، بەردەوام ئەمریكا بەرهەمی دێنێت و، فراوانترین ڕیكلامی بۆ كراوە لە سەرجەم سێكتەرەكانی ژیاندا.
بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە، چۆن ئیدارەی نوێی ئەمریكا، بەیەك بڕیار ستۆپی بە عەولەمەكرد؟ ئەگەر بنەماكانی عەولەمە، ڕێسا و فۆرمەكانی لەلایەن خودی ڕۆژئاواو ئابووری و سیاسەتی ڕۆژئاواوە داڕێژراون، چۆن بەرهەمەكەی بریتی دەبێت لەسەركەوتنی چین و، تەنگ هەڵچنین بە ڕۆژئاواو ئەمریكا؟.
قسەكە لەسەر ئەوەیە، یاریگاكە لەلایەن ئەمریكا و بیرمەندو تیۆریزەكارانی ئابووری و سیاسی و ستراتیژی ئەوەوە ڕەنگڕێژكراوە، لەخەیاڵدانی ڕۆژئاواوە هێنراوەتە بوون، بەڵام بۆچی خۆیان تیایدا شكست دێنن و بۆچی چین لەو یاریگایە سەردەكەوێت و، ئابووری چین دەبێتە ژمارە قورسەكە؟.
لەئێستادا جەنگی ڕاستەقینەی ئابووری و ململانێی جێوسیاسی هەقیقی لەنێوان چین و ئەمریكادایە و، سەرجەم بابەت و خاڵەداغەكانی دنیا دەرهاویشتەی ئەو ململانێ ڕاستەقینەیەن.
بیرمەند و بڕیار بەدەستەكانی ئەمریكا، بە ڕاگرتنی بودجەی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی، هەروەها بانگەشەكەی سەرۆك ترامپ كەبەئاشكرا گوتی: هەندێك لەدامەزراوە جیهانییەكان بۆ ئەم سەردەمە دەست نادەن. دیارە مەبەستی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی بوو.
ئەوەی ترامپ كردی، سەپاندنی باج بەسەر بەرهەم و كاڵای سەرجەم وڵاتانی جیهاندا، بەرلەهەرشتێك، كۆتاییهێنانە بە بابەتی عەولەمەی ئابووری و ئازادی بازاڕ. ئیدی بازرگانی دەگەڕێتەوە ژێر جەبری سیاسەتی خۆسەپێنانەی ئەمریكا. ئەوەش جگەلە ئاسەوارە خراپەكانی لەسەر ژیانی خەڵك لەسەر گۆی زەوی، بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان و، داڕووخانی ئابووری و دروستكردنی تەنگژە بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و بازاڕ و بازاڕی كار، دروستكردنی سەدان ملیۆن بێكار لە دنیادا.
بەڵام ئەو بابەتانە تاكە ئاسەواری نێگەتیڤی بڕیارەكەی ئەمریكا نین، بەڵكو ئەوانەی گوتمان دەرهاویشتەی هەنوكەیی و وردی ئەو بڕیارەن، ئەوەی كە مەترسی ڕاستەقینەیە، بریتییە لەشكانی “سەلاسلی تەورید” و سەپاندنی هەژموونی ئەمریكا بەسەر سێكتەری ئابووری و بازرگانی جیهانیدا، لەدیدگایەكی ئیمپراتۆرییەوە، بەبێ گوێدانە ڕێساكانی خودی بازاڕ.
هاوكات پاشگەزبوونەوەی ڕۆژئاوایە لە خوڵقاندنی دەرفەت و هەلی یەكسان بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانی و سنورداركردنی ئازادی بەكاربەرە لە هەڵبژاردنی كاڵای دڵخوازی خۆی. ئەوەش بەمانای داڕووخانی بازاڕ لەلایەك و فەلسەفەی عەولەمەش لەلایەكی ترەوە.
چونكە چیتر بەكاربەر ئازاد نیە لە ئەمریكا كاڵایەكی چینی بكڕێت، چونكە ترامپ بەڕێژەیەك باجی لەسەر كاڵای چینی و كاڵای هەموو وڵاتانی دنیا داناوە، كە بەكاربەر ناتوانێت وەك جاران بیانكڕێت و بەكاریان بهێنێت!.
بەهەموو پێوەرەكان ئێمە لەبەردەم كۆتایی عەولەمە و ئازادی بازاڕداین. ئەوەش مرۆڤایەتی دەخاتە بەردم بەرپرسیارێتی زۆر گرنگ و وجومگەیی. ئەگەر ئەم بابەتە بۆ وڵاتانی دواكەوتوو لەم گۆشەیەدا قەتیس ببێت، بەڵام بۆ وڵاتێكی گەورەی وەكو چین، دەبێتە دەرفەت لەدوو ڕووەوە:
یەكەم: لەلایەكەوە دەكرێت كار بكات بۆ دروستكردنی كوتلەیەكی بازرگانی جیهانی و دروستكردنی ئەلتەرناتیڤێك بۆ ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی و، دروستكردنەوەی بازاڕێكی نوێی جیهانی، ئەمەیان ئەگەرچی قورسە بەڵام بەهاوكاری وڵاتانی دیكە، ئەستەم نیە.
دووەم: چین دەتوانێت جاڕی بنەمای نوێی كرانەوەی چینی” لەبری عەولەمەی غەربی” بدات. لەوەشدا تیك تانك و میدیا و نوسەران و بیرمەندانی هەموو جیهان پێویستە بەشداربن لەتیۆریزەكردنی ئەم ئاڵوگۆڕە گەردوونییەدا.