كارزان گلی – ههولێر
سیاسەتی دەم پارتی بەرامبەر بە حكوومەت و رەجەب تەییب ئەردۆغان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەتایبەت دوای ئەوەی دەرگای ئیمرالی كرایەوە و شاندی دەم پارتی سێ جار سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكەیان كرد و لە پەیامێكی مێژووییدا ئۆجەلان داوای لە پەكەكە كرد، خۆیان هەڵوەشێننەوە و چەك فڕێ بدەن. دەم پارتی نایەوێت، بەردەوام لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت و ئیدی بەدوای بەرژەوەندی خۆی و كورد دەكەوێت، ئەمەشی لە كاتی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆل نیشاندا، بەوەی تەنیا ئیدانەی كرد و یەك خۆپیشاندانیشی لە شارەكانی باكووری كوردستان ئەنجام نەدا.
لە ٢٠١٥ ئەو كاتەی هەدەپە توانیی سەدا١٣ـی دەنگەكان بهێنێت و بووە پارتی سێیەم لە توركیا، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، زۆر توند بوو بەرامبەر بە ئەردۆغان و پارتەكەی، تەنانەت لە میدیاكانی توركیا باسیان لەوە دەكرد، كە دەمیرتاش تاكە سەركردەیە لە توركیا توانیویەتی ركابەرییەكی سەرسەختانەی ئەردۆغان بكات و كەس وەكوو ئەو توند نەبووە بەرامبەری. بەڵام ئەوكاتەی دەمیرتاش و هاوڕێكانی كە ١١ پەرلەمانتار دەبوون خرانە زیندانەوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ هەڵوێستێكی نەبوو و تەنیا ئیدانەی كرد. جیا لەوەش، ئەوكاتەی سەدا٨٠ـی شارەوانییەكانی هەدەپە لە باكووری كوردستان قەیوم كرا، ئۆپۆزسیۆن هەر بێدەنگ بوو، ئەمەش دەم پارتی و لایەنگرانی ئەو پارتەی نیگەران كرد، بۆیە بیریان لەوە كردەوە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دوور بكەونەوە.
لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی سەرۆكایەتیی توركیا، دەم پارتی بەبێ مەرج پشتگیری لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن كرد، بەڵام كاتێك هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەم، كلیچدارئۆغڵو، چووە لای ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر و دژمنی كورد، بە نهێنی رێككەوتنی لەگەڵ كرد، كە ئەگەر دەنگی پێ بدەن و ببێتە سەركۆماری توركیا، ئۆزداغ دەكات بە وەزیری ناوخۆ و دەزگای هەواڵگرییشیان پێ دەدات، ئەمەش كوردی زۆر تووڕە كرد و لە گەڕی دووەم دەنگیان بە ئەردۆغان دا و كلیچدارئۆغڵو دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە. وەكوو ئەوەی رۆژنامەی (سۆزجو) باسی دەكات، ئەردۆغان بیر لەوە دەكاتەوە، دەم پارتی بهێنێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماری)ـیەوە، دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، زۆر نەرم بووە بەرامبەر بە دەم پارتی و تەنانەت سەردانی یەكتری دەكەن و بە تەلەفۆنیش لەبارەی پرسی چارەسەری ئاڵوگۆری بیروڕا دەكەن.
ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، پێویستی بە دەم پارتییە، تەنانەت لە هەڵبژاردنیش هەر پێویستی بە دەم پارتییە، چونكە بە گوێرەی ئەو راپرسیانەی كراون، دەنگی ئەردۆغان وەكوو پێویست نییە و ناتوانێت ئەمجارەیان لە بەربژێری جەهەپە بباتەوە، تەنیا كوردە دەتوانێت ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی توركیا بهێڵێتەوە، بۆیە لەرێگەی تیمێكی تایبەت دەستی بە لێكۆڵینەوە و راپرسی كردووە تا بزانێت ئەگەر دەم پارتی بهێنێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماری)، دەنگی ئەردۆغان دەبێتە ٥٠+١؟ بەڵام پرسیاری جیدی ئەوەیە، ئایا دەم پارتی دێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە؟ ئەگەر سەیری لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەو پارتە بكەین، مەیلیان هەیە بۆ چوونە ناو ئەو هاوپەیمانییە، بەتایبەت كاتێك دەمیرتاش لە پەیامێكدا گوتی ”ئاساییە بۆ پرسی كورد، دەست بخەینە ناو دەستی ئەردۆغان“، ئەم گوتەیەشی روونە، كە ١٠ ساڵە كورد هیچی دەست نەكەوت لە ئۆپۆزسیۆن، ئەمجارەیان پێویستە روو لە دەسەڵات بكات.
ئەگەر زۆرە لە ماوەیەكی نزیكدا دەمیرتاش ئازاد بكرێت، هەروەها چەند لیژنەیەك لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ چۆنیەتیی دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە پێك بهێنرێت و چەند هەنگاوێكی تریش بهاوێژرێت، ئەگەر ئەمانە روو بدات، ئەمە چوونی دەم پارتییە بۆ ناو هاوپەیمانیی كۆماری، چونكە ناكرێت لەلایەك پرسی چارەسەری لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە هەبێت، كەچی دەم پارتی، كە خاوەنی ٦١ كورسی پەرلەمانە دژی ئەو هاوپەیمانییە سیاسەت بكات.
گرنگە لەم كاتەدا، دەم پارتی داوا بكات، لە دەستووری توركیادا زمانی كوردی دانی پێدا بنرێت و كوردیش وەكو نەتەوە بناسرێت، چونكە هەلێكی زێڕینی بۆ هاتووەتە پێش، بەوەی ئەگەر دەم پارتی پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو بكات، حاڵی ئاكەپە و ئەردۆغان خراپ دەبێت، بەڵام پشتگیری نەكات، هاوكێشەی سیاسی لە توركیا گۆڕانی ئەستەم دەبێت.