بیرەوەریم لەگەڵ شێخ عوسمانی نەقشبەندیدا

خوسرەو جاف

 

ساڵ، ساڵی 1963ـی زایینییە؛ لەگەڵ دەوڵەتی بەعسدا شەڕ دەستی پێكردووەتەوە، ئاگر لە چوارتەنیشتەوە دەبارێ، ئێمەی پێشمەرگە خواردنی ڕۆژانەمان نان و دۆ بوو، ئەوەیش لە دێهاتەوە بۆمان دەهات، چەوریمان نەدەدی. لەگەڵ چڵكنی و پڵكنی ڕاهاتبووین، جاروبار جلەكانم دادەكەند و دەمدایە بەر تیشكی هەتاو، فانیلەی ژێر كراسەكەم ئەسپێیەكانی گەلێک باوەڕ بە خۆیانە ڕێچكەیان دەبەست و دڵنیا و فیززل، تاك‌تاك و جووت‌جووت، تەراتێنیان دەكرد. سەرەتا خۆخوراندن پەریشانی كردبووم، بەڵام زۆری نەكێشا بەو خۆخوراندنەیش ڕاهاتم.
وردەوردە هەستم كرد لە تاریكیدا چاوەكانم لێڵ دەبن، دواتر ئەو لێڵبوونە بوو بە زۆرتر و زۆرتر، ئیدی تاریك دادەهات چاوەكانم دەكوژانەوە، لەو ئاگربارانەیدا شەوكوێری و پێشمەرگایەتییان نەوتووە. هەواڵی وەزعی ناجۆری خۆمم گەیاندە “سەردار جاف”، ئەو دەم قوتابی كۆلیژی یاسا بوو لە تاران، گرفتی گەورە لەوەدا بوو پێشمەرگە لە ئێرانا قەدەغە و بە دژمن ناو دەبرا، ڕۆژێك كابرایەك هات و نامەیەكی دا بە دەستمەوە، ڕوانیم هی سەردار جافە، تیادا نووسیبووی هەڵگری نامە باوەڕپێكراوی ئێمەیە و باوەڕی پێ بكە و تا دەتگەیەنێتە كرمانشان، بە سبەینێدا لەگەڵ ئەو چاوساغەیدا كەوتمە ڕێ. ئەو كابرایە تەواوی كوێرەڕێ و بزنەڕی و ئەو دەڤەرە شارەزا بوو، دەمەوئێوارە گەیشتینە سەر جادەقیرەکەی باكووری شاری قەسرشیرین، لە دۆڵێكدا لەژێر درەختێكدا داینام و وتی: لەوێڕا نەجووڵێیتەوە تا دەڕۆم بۆ قەسر و ئۆتۆمبێلێك چاوەڕوانمان دەكات، ئامان و دەخیل نەكا بجووڵێیتەوە، ئەو نەیدەزانی شەوكوێرم، تاریك داهاتبوو، چاوی منیش كوژابوویەوە زیاتر لە سێ كاتژمێری خایاند، كابرا هات و وتی: زوو كە بڕۆین! وتم كاكە دەستم بگرە من بە شەو نابینم، وتی: ئەی داد و بێداد حەیف بۆ جوانخاسیت! دەستی گرتم و سواری دواوەی سەیارەی كردم و وتی: ئەگەر ژاندارم ڕامانیان‌گرت خۆت بكەرە نەخۆش…
كەوتینە ڕێ بەرەو شاری كرمانشان، ئەو دەم خێزانەكەم دەستگیرانم بوو، كە منی بەو شەوكوێرییە بینی، هاواری گەیشتە ئاسمان و ژیر نەدەبوویەوە.
دەی شەو خۆم شۆرد و جلوبەرگی پێشمەرگایەتیم داكەند و دەستێك جلوبەرگی شەهید سالار جافم لەبەر كرد و لەگەڵ ئەودا بەرەو شاری تاران بەڕێ كەوتم، یەكسەر بردمیانە ئاپارتمانێكەوە، بۆم دەركەوت ئەو وارخان (شوقە)یە هی شێخ ناسح و شێخ مادح نەقشەبەندییە، كە ئەوانیش قوتابی بوون، من لە ڕۆژدا دەمدی، لە رۆشناییدا دەمدی. كاتێك سەردار جاف منی بەم چەشنە بینی گەلێك دڵگران و ناڕەحەت بوو.
بەیانییەكەی منیان بردە لای پڕۆفیسۆر “شەمس” كە بە گەورەترین لێزانی نەخۆشییەكانی چاو دەناسرا، یەك مانگ لەژێر چاودێریی ئەودا بووم.
چەند هاوڕێیەكی سەردار قوتابی كورد بوون، پێشمەرگەیان نەدیبوو. دیارە بەندە بە یەكەمین پێشمەرگە دەژمێردرێم بەو شێوەیە ڕۆیشتوومەتە ناو ئێران، زۆریان لا خۆش بوو بۆ یەكەمین جار پێشمەرگە ببینن، لەوانە ناوی سەلاحەدینی موهتەدیم لەبیرە، هەروەها محەمەدئەمینی سیراجی.
یەك مانگی ڕەبەق لەژێر چاودێریدا بووم و گەڕامەوە سەرخۆم و جاران. دوای پێشمەرگایەتی بە چەند ساڵێك بوومە قوتابی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی تاران.
ڕشتەی تەلارسازیی كۆلیژم تەواو كرد و پیلانی جەزائیر ڕووی دابوو، بڕێك لە خزمانی تریشم ئاوارەی ئێران بوون.
ساڵ هات و چوو، مستەفا بەگی جاف، خاڵۆ قسەخۆشە و نوكتەبازە بەناوبانگەکەم، تەلیفۆنی كرد كە سبەینێ نیوەڕۆ بۆ نانخواردن بڕۆم بۆ ماڵیان دەعوەتی بۆ شێخ عوسمان نەقشبەندی كردبوو، منیش لام خۆش بوو بە خزمەتی ئەو زاتە بگەم.
شێخ عوسمان حەزی لەوەی بوو بەسەر زەوییەوە دانیشێت، دۆشەكیان لە زەویدا بۆ ڕاخستبوو، شێخ مەولانای برایشی لەگەڵدا بوو، دەستی هەردووكیانم ماچ كرد، شێخ عوسمان خواهەڵناگرێ عالیجەناب و مەجلیسئارا بوو. باس هاتە سەر شیعر و شاعیری، شێخ عوسمان بۆخۆی هەم شاعیر بوو، هەم شیعرناس، لەنێو باس و قەسەیدا وتی: شێخ مەولانای برام شاعیری باشە.
خاڵۆ مستەفا ڕووی كردە شێخ مەولانا و وتی:
یا شێخ! یەكێك لە شیعرەكانت بخوێنەوە.
شێخ مەولانا وتی:
جەنابی مستەفا بەگ شیعری خۆمم لەبەر نییە، باشە یا شێخ نووسیوتەتەوە؟
شێخ مەولانا وتی: نەوەڵا نەشمنووسیوەتەوە!
خاڵۆ مستەفا وتی:
یا شێخ شیعری خۆتت لەبەر نییە و نەشتنووسوەتەوە سێ‌تەڵاقەی مستەفای كەریم بەگی جاف كەوتبێت یەك بەیت شیعرت نەوتووە!
شێخ عوسمان دای لە تریقەی پێكەنین، پێكەنینێكی وا، بە لای سەرینەكاندا چەمایەوە و هەر بەردەوام بوو لە پێكەنیندا.. دوای پێكەنینێكی دوورودرێژ، شێخ ئارامی گرت و هاتەوە سەرخۆی.. باس هەر باسی شیعر بوو، خاڵە مستەفا ڕوو بە شێخ عوسمان وتی:
جەنابی شێخ عوسمان.. ئینجا ئاماژەی بۆ من كرد و وتی: ئەم خوشكەزامە شاعیری باشە.
شێخ فەرمووی: دەی شیعرێكی خۆتمان بۆ بخوێنەرەوە…
وتم: قوربان من شیعری خۆمم لەبەر نییە، بەڵام نووسییانمە…
شێخ دیسان تریقایەوە و وتی:
دە یاڵا شیعرێك بەم دانیشتنەیدا هەڵدە.
وتم: قوربان چەندێك كاتم دەدەیتێ؟
وتی: تا دوو كاتژمێر!
ڕۆیشتمە كەنارەوە لە ماوەی نیو كاتژمێردا چوار بەیتێكم نووسی و دامە خزمەتی شێخ، كە خوێندیەوە وتی:
ئەشهەدو ئەمە شیعرە. ئافەرین تەواوی مواسەفاتی شیعری تیادایە.
جاری دووهەم لە بەغدا لە ماڵی خودی شێخدا گەیشتمەوە خزمەتی و وتی: هەر شیعر دەنووسی؟
وتم: قوربان! دوو دیوانم گەیاندووەتە چاپ و بە لای ڕۆشنبیرانەوە جێگەی خۆیان هەیە.
وتی: ناوی ئەو دوو دیوانەت چی ناوە؟
وتم: یەكەمیان بە ناوی “بەفری گڕگرتوو”، دووهەمیان بەناوی ” ئاوێنەی تاوان”.
وتی: ئەگەر بكرێت ئەوانەم بۆ بنێری…
دەستم خستە سەر هەردوو چاوم.