حەمەسەعید حەسەن
جامی بادەی خۆشەویستی
بۆچی ئەو هەموو ئایینە سەریان هەڵداوە؟ چونکە خوا، چەندان سیفەت و چەندان ناوی هەیە، کە هەموویان هەقن و لە خەلقدا خۆیان نمایش دەکەن. وەک چۆن دەشێت، هەق ڕێی ڕاستمان پیشان بدات، هەر وایش دەشێت، گومڕامان بکات، وەک لە دەقی قورئاندا هاتووە: (یچل الـلە من یشاء ویهدی من یشاء. النحل ١٦) ئەم ئایەتە لێکدانەوەی تریش هەڵدەگرێت: ئەوە ئینسان خۆیەتی ڕێی چەوت یان ڕاست هەڵدەبژێرێت، خوا بە خواستی خۆی لەگەڵ دەکات.
ئەوەی ئادەمی لەسەر شێوەی خۆی خوڵقاندووە و داوای لە فریشتەکان کردووە، کوڕنووشی بۆ ببەن، لە ڕوانگەی ئیبلیسەوە، شەریک بۆ خوا پەیداکردن بووە، بۆیە ملی بۆ ئەو داوایە نەداوە. وەک حەللاج دەیگێڕێتەوە، کە خوا هەڕەشەی لە ئیبلیس کردووە، لەسەر ئەو یاخیبوونەی تا ئەبەد ئەشکەنجەی دەدات، ئیبلیس گوتوویەتی، چونکە دەمبینیت و منت لە یاد دەبێت، ئەوەندەم بەسە و گوێ بە ئازار نادەم، ئاخر عاشق لەپێناوی مەعشووقدا، دەبێت ئازار بچێژێت، بەبێ ئەوەی گلەیی بکات. (خوایە گیان لە خەڵک خۆش ببە، لە من خۆش مەبە، بەزەییت بە خەڵکدا بێتەوە، بەزەییت بە مندا نەیەتەوە. من هیچم بۆ خۆم ناوێت.) ئەوە قسەی حەللاجە، کە لە قسەی عاشقێکی ڕاستەقینە دەچێت، عاشقێک چی شک دەبات، دەیبەخشێت، بەبێ ئەوەی هیچ بخوازێت.
غەزالی گوتوویەتی: (ڕۆحی ئینسان لاسایی ڕۆحی خوا دەکاتەوە، ڕۆحی ئینسان جەستەیەک بەڕێوە دەبات، بەڵام ڕۆحی خوا دونیا بەڕێوە دەبات. جەستەی ئینسان بچووککراوەی دونیا گەورەکەیە، ئاخر چی لە دونیادا هەیە، نموونەی لە ئینسانیشدا هەیە.) بەڵام ئایا خوا ڕۆحی دونیایە؟ نەخێر، چونکە خوا بە ویستی خۆی دونیای خوڵقاندووە و کەی بخوازێت، لەبەینی ببات. بە پێچەوانەی (دیکارت)ەوە کە فیکری بەلاوە گرنگ بووە، لای غەزالی ویست گرنگە، ئاخر ئەوە ویستە کە توانای گۆڕانکاریی هەیە، نەک فیکر. مارکس چونکە دەرکی بە پێوەندیی دیالێکتیکیی نێوان فیکر و ویست کردووە، بۆیە پێی وابووە، (ئەگەر فیکر لە ناخی خەڵکدا بچەسپێت، دەبێت بە هێزێکی گۆڕانکار،) ڕاستیشی بۆچووە. ئەگەر مل بۆ ئەوە بدەین خوا دونیا بەڕێوە دەبات، بخوازین یان نا، بەڵگەی ئەستۆپاکی دەدەینە دەست ستەمکاران.
کە هەموو شتێک ملکەچی ویستی خوایە، کەواتە بۆچی (خراپە)ی خوڵقاندووە؟ بۆچی ئەگەر ئینسان خراپ ڕەوتاری کرد، سزا دەدرێت؟ ئاخر خراپە دوو ڕووی هەیە، ڕووە باشەکەی ئەوەیە، بەهۆی خراپەوە، چاکە دەناسینەوە. هەموو شتێک بۆ ئەوەی بیناسینەوە، حەوجەمان بە دژەکەیەتی، شەو نەبووایە، نەماندەزانی ڕۆژ چییە، خراپە نەبووایە، نەماندەزانی چاکە چییە. هەموو شتێک بۆ ئەوەی بیناسینەوە هاودژێکی هەیە، تەنیا خوا گشتگیرە و هاودژی نییە، هەر بۆیەش خوا، ئاشکرا نییە. چونکە بەهۆی شەڕەوە، خێر دەناسینەوە، کەواتە شەڕیش جۆرێکە لە خێر. مەولانا پێی وایە، خوا ئازادیی هەڵبژاردنی بە ئینسان بەخشیوە، بۆیە ئینسان خۆی بەرپرسە بەرانبەر بە ڕەوتارەکانی. سپینۆزا دەڵێت: (خوا ئازادیی لە ئینسان زەوت نەکردووە، ئینسانی ئازادی لێ زەوتکراو، کەسێکە کۆیلەی ئارەزووەکانی بێت.) مەولانا دەڵێت: (ئەگەر ئینسان لە زاتی خوادا فانی بوو، ئیدی سنووری نێوان جەبر و ئیختیار بزر دەبێت.)
عیرفان: بابەتێک نییە هەمووان لێی حاڵی ببن، زوو ئەلنوونی ئەلمیسری (٧٩٦ – ٨٥٩) دەیکات بە سێ بەشەوە. یەکەم: هێڵێکی هاوبەشە لەنێوان گشت موسوڵماناندا، دووەم: تایبەتە بە زانایان و سێیەم: تایبەتە بە وەلی، ئەوی بە چاوی دڵی خوا دەبینێت. کە لە زوو ئەلنوون دەپرسن: ئەدی تۆ خۆت خوات چۆن ناسی؟ دەڵێت: (بە هۆی خواوە، خوام ناسی، ئەگەر خوا نەبووایە، خوام نەدەناسی.) کەواتە بە هۆی (خراپە)وە، چاکە و بەهۆی شەوەوە، ڕۆژ دەناسین، بەڵام بەهۆی خواوە، خوا دەناسین، چونکە خوا هاودژی نییە. (شەیتان) هاودژی خوا نەبوو، ئەوەندە خواپەرست بوو، نەفرەتی خوای قەبووڵ کرد، بەڵام کوڕنووشی بۆ غەیری خوا نەبرد. زوو ئەلنوون پێی وابووە، تا قووڵتر خوا بناسین، زیاتر هەست بە نەزانیی خۆمان دەکەین و باشتر لەوە تێدەگەین، هەر وێنەیەکمان لە زەینی خۆماندا بۆ خوا کێشابێت، وەهمە. زوو ئەلنوون دەڵێت: (تەسەووف تایبەتە بە نوخبە، تۆبەی عەوام لە گوناهە، بەڵام تۆبەی خەواص لە غەفڵەتە. چونکە خوا جامی بادەی خۆشەویستی، تەنیا دەداتە دەست ئەوانەی خۆشی دەوێن، بۆیە خۆشەویستیی خوا، نهێنییەکە لەکن عەوام باس ناکرێت.) حەللاج ئەو ڕێسایەی ڕەچاو نەکرد، نهێنییەکەی درکاند.