‎دابەزینی نرخی نەوت ‎داتەپینی ئابووریی عێراق

‎هاودەنگ فارووق
‎دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا بە یەك پاکێج زێدەباجی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیهاندا سەپاند، نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش پێمان دەڵێ، كە زەنگی سەرهەڵدانی شەڕێكی جیهانیی بازرگانییە، هەروەك زەنگێكی یەكجار مەترسیشە بۆ ئابووریی عێراق و داراییی گشتی وڵاتەكە.
‎ هەرێمی كوردستانیش، كە تا ئێستا لەبن ڕەحمەتی دارایی عێراقە، لە بارودۆخێكی ناسكی ئابووری دایە و جێی مەترسییە، بۆیە دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و، تەكبیرێك لەو ڕووداو و هەڵاوسان و داڕووخانە بكرێت كە دووچاری عێراق دەبێت، ئێمە دەبێ بەرلەوەی كارلەكار بترازێت خۆمان هۆشداری لە ناسکی ئابووریی خۆمان بدەین.
‎لەڕاستیدا سەرانی عێراق بێباك و بێئاگا بوون لە بێهێزی ئابووری وڵاتەکە و خەمڵاندنەکانیان پووچ بوو، لەباتی ئەوەی بەڕووی خۆیانیدا بكێشن و ڕوومەتیی خۆیان سوور بكەنەوە بە دژایەتیکردنی بێمانای یەكتر و شەڕی تایفەگەریی خەریك بوون و بەردەوام یەكتر بە وێرانكردنی وڵات تۆمەتبار دەكەن!
‎ئێستا ئابووریی جیهان دووچاری تەنگژەیەكی زۆر گەورە بووە، بەجۆرێك پسپۆڕانی بوارەكە بەئاشكرا دەڵێن: جیهان بەرەو داڕووخانی ئابووری تەواو دەچێت. ‎ئێستا بەهەزاران كارگە و كۆمپانیا لە جیهان ئیفلاس دەكەن و، كرێكار و كارمەندەكانیان دەردەكەن، ئەوەش شەپۆلێكی بێكاری یەكجار زۆر لەجیهاندا بڵاو دەكاتەوەتەنگژەیەكی گەورە درووست دەكات. بێگومان بارێكی زۆر قورس دەخاتە سەر خەزێنەی گشتیی وڵاتان و، تەواوی سێكتەرەكان دووچاری مەترسی و گوشاری گەورە دەبن. ‎سەرباری ئەو كاریگەری و ئاسەوارە ئابوورییانە، چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی گوشاری ئابووری و داڕمانی دۆخی خەڵك و بازاڕەوە، نائارامی و پشێویی كۆمەڵایەتی و سیاسیش دروست ببێت، لەو حاڵەتەدا ئەوەی پێی دەگوترێت” شۆڕشی برسییەكان” سەرهەڵبدات، ئەوە نەك تەنها لە عێراق، بەڵكوو لە هەموو وڵاتانی جیهان.
‎وڵاتانی خاوەن بڕیار و دامەزراوەی یاسایی، لەئێستاوە دەستیان كردووه‌تە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بۆ هەڵمژینی ئاسەوارەكانی ئەو دۆخەی بڕیارەكەی ترامپ دروستی كردووە.
‎لەچەندین گۆشەی جیاوازەوە جوڵەیان دەستپێكردووە، كەچی ئەوەی جێگەی سەرنج و سەرسامییە، لە عێراقدا، كەسایەتییە باڵاكانی عێراق دیدێكی كورتبینانە و سادەیان بۆ دۆخەكە بڵاوكردۆتەوە و دەڵێن: عێراق كەمتر لە 5%ی نەوتی خۆی بە ئەمریكا دەفرۆشێت، هیچ كاڵایەكیشی نییە بۆ ئەو وڵاتەی بنێرێت جگەلە خورما، كەواتە ئاسەواری ئەو باجانە لەسەر عێراق یان نابن، یان زۆر كەم دەبن.
‎ئەو بەرپرسە عێراقیانە، لەبری ئەوەی بكەونە خۆیان و ڕێوشوێنی بەپەلە دابنێن بۆ پاراستنی وڵاتەكەیان لە ئاسەوارەكانی ئەو بڕیارانە، بەپێچەوانەوە وەك ئەوەی لەجیهانێكی دیكەدا بژین، وەك عەوامێك كەوتوونەتە قسە هەڵڕشتن و دڵخۆشكردنی خۆیان بەوەی ئاسەواری لەسەر عێراق نابێت. كەچی دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لە سەپاندنی زیادەگومرگ لە لایەن سەرۆكی ئەمریكاوە، نرخی نەوت هاڕەی كردوو، بەناچاری ئەوانیش ئێستا باسی كاریگەرییەكانی ئەو بابەتە دەكەن.
‎كوردستانیش پێویستی بەوەیە لەو مەترسییە ئاگاداربێت. حكومەتی كوردستان و لایەنە بەرپرسەكان، لەو مەترسییە باشتر تێبگەن و، هەوڵبدەن، كوردستان بەكەمترین زیان لەم دۆخە دەربچێت.