پێگەی ئافرەت لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا

زەنوێر احمد محمد
تا ئەمڕۆش بیرکردنەوەی هەندێک کەس وایە کە سەیرکردنی ئافرەت بە پلە دوو، سەرچاوەکەی بە پلەی یەکەم هۆکاری ئایینییە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکی بۆ بینینی ئافرەت وەک کەسی پلە دوو، پەیرەوکردنی دابونەریت و دیاردە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکانە. ئەم نەریتانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە کەم بایەخ سەیرکردنی ئافرەتان.
بە خۆشحاڵییەوە، لە ماوەی ڕابردوودا، هەست بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەکرێت لە پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگای کوردیدا. ئەگەر بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگاکەمان بەراورد بکەین لەگەڵ ڕابردوو، دەبینین کە ڕوانگەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە ئافرەتان گۆڕانکاریێکی گەورەی بەسەردا هاتووە، هەرچەندە هێشتا ئەم گۆڕانکارییانە بەس نین و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نین.
لە ڕابردوودا نموونەی زۆر هەبوون کە نیشاندەری کەم ایەخی ئافرەت بوون. بۆ نموونە، کاتێک پیاو لەگەڵ ئافرەتەکەی دەڕۆیشت، بە دووری سێ چوار مەتر لە پێشەوە دەڕۆیشت تەنها بۆ ئەوەی بە هاوشانی ئافرەتەکەی نەناسرێت. یان لە دوعا و نزاکاندا هەمیشە گرنگی بە کوڕ دەدرا وەک: خوا کوڕت پێ ببەخشێت” یان خوا برات لێ نەستێنێت، بە دەگمەن باسی کچ دەکرا.
بەڵام ئێستا، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتان لە بوارە جیاوازەکاندا چالاکن. ئافرەتان لە بواری میدیا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، حکومەت، تەندروستی و پارێزەران کار دەکەن. هەروەها ئافرەتانی خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژەی تایبەتی خۆیان هەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش ئێستا، ژمارەی ئافرەتان لەم بوارانەدا زۆر کەم بوو.
هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییانە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی بەردەوامەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر کاتێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، جۆر و شێوازی کێشەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت.
لە ساڵانی پێشوودا، ئافرەت نەک وەک پلە دوو، بەڵکو تەنانەت وەک مرۆڤیش مافی بڕیاردانی لە ژیانی خۆیدا نەبوو و زوڵمی گەورەی بەرامبەر دەکرا، وەک ئافرەت بە ئافرەت، گەورە بە بچووک، خەتەنەکردنی کچان، و بەکارهێنانی ئافرەت بۆ مەبەستی دیکە.