زیــــــبا تـەهـــــــــــا
خێزان یەكەیەكی كۆمەڵایەتی بنەڕەتییە لە پێكهێنانی بینای كۆمەڵایەتی و كه‌لتووری، لە سادەترین شێوازیدا خێزان پێكدێت لە دایك و باوك و منداڵەكانیان كە هاوسەرگیرییان ئەنجامنەداوە.
خێزان پێناسە دەكرێت بە كۆمەڵێكی بایۆلۆژی نیزامی پێكدێت لە ژن و پیاوێك بە بوونی پەیوەندی هاوسەرێتی دانپیانراو لە نێوانیاندا و منداڵەكانیان، لە گرنگترین ئەركەكانی ئەم كۆمەڵەیە: پڕكردنەوەی پێداویستییە سۆزدارییەكان، پڕاكتیزەكردنی پەیوەندی غەریزی، ڕەخساندنی هەلومەرجی كۆمەڵایەتی كلتووری بۆ پێگەیاندن و چاودێریكردن و ئاڕاستەكردنی منداڵ.
مالینوفسكی پێناسەی خێزان دەكات بە كۆمەڵێك لە تاكەكەسەكان پەیوەندییەكی بەهێز كۆیاندەكاتەوە كە جیایان دەكاتەوە لە كۆمەڵەكانی تر، لە ماڵێكی هاوبەشدا پێكەوە دەژین و پەیوەندی سۆزداری هاوبەش پێكەوە گرێیان دەدات، هەروەها پێگەیاندنی منداڵ به گرنگترین ئەركەكانی خێزان داده‌نێت.
ئێمه هه‌موومان په‌ی به‌وه ده‌به‌ین كه په‌روه‌رده‌ی خێزان ڕۆڵ و كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی منداڵ به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه هه‌یه، له‌و سۆنگه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێت له‌م وتاره‌دا تیشك بخه‌ینه سه‌ر په‌روه‌رده و ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كانی.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و دیاردانه‌ی ئێستا هه‌ن و ئه‌وانه‌ش که له رابردوودا بوونیان هه‌بووه، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که په‌روه‌رده بریتی بووه له هه‌وڵ وته‌قه‌ڵایه‌کی به‌رده‌وام كه ویستوویه‌تی شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی جیهانبینی و هه‌ستکردن و کارکردن به‌سه‌ر مناڵ‌دا بسه‌پێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵ وته‌قڵایه نه‌بووایه مناڵه‌که خۆبه‌خۆ ئه‌مه‌ی لا درووست نه‌ده‌بوو، هه‌ر له چرکه ساته‌کانی ژیانی سه‌ره‌تاییه‌وه ئێمه منداڵه‌که ناچار ده‌که‌ین له کاتێکی دیاریکراودا سه‌رجه‌م ڕۆتینه‌كانی ژیانی رۆژانه فێربێت و پاشان فشاری ده‌خه‌ینه سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی فێر بێت چاودێری مافی که‌سانی تر بكات و ڕێز له دابونه‌ریته‌کان بگرێت. به‌تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌م ڕه‌فتارانه ده‌بنه به‌شێك له‌كه‌سێتی منداڵه‌كه و ورده ورده له‌گه‌ڵیدا گه‌وره ده‌بن.
پەروەردەكردنی تاك لە خێزاندا بەسەر چوار قۆناغدا دابەشكراوە: چەپاندن، تایبەتە بە چاندنی بەهاكان لە بینای كه‌سێتی منداڵ لە لایەن دایك و باوكەوە، ئەوەش لە ڕێگه‌ی سوود وەرگرتن لە هەریەكە لە: هەڵوێست، بەریەكەوتن، ڕووداو و بۆنەكان، و جوڵە و پەرچەكرداری منداڵ لە ناو ماڵدا.
قۆناغی چاولێكەری: ئه‌م قۆناغه تایبەتە بە چەسپاندن و ناساندنی بەهاكان بە خودی منداڵ كاتێك لە ڕێگه‌ی پەرچەكردار و مامەڵەی ڕۆژانەی منداڵەوە ڕەنگدانەوەی بەهاكان بە ئاشكرا تێبینیدەكرێت لە لایەن دایك و باوك و خوشك و برای گەورەوە لە ماڵدا.
قۆناغی كۆمەڵایەتی: تایبەتە بە گەشەپێدانی تواناكانی هەرزەكار لە بواری بنیادنانی پەیوەندییەكەسییە كۆمەڵایەتییەكانی بەتایبەتی پەیوەندی هاوڕێیەتی، پێویستە دایك و باوك كاربكەن لەسەر فەراهەمهێنانی ماڵێكی گونجاو بۆ هەرزەكار تا هەلی بانگهێشتكردنی هاوڕێی بۆ دابین ببێت و كەسایەتی قۆناغەكانی گەشەی دەروونی و سۆزداری بە شێوەیەكی ئاسایی بێت.
قۆناغی كرداری: ئه‌م قۆناغه‌ش تایبەتە بە بنیادنانی ژیانی كۆمەڵایەتی لە ڕووی پیشەیی و خێزانی و بەدەستخستنی پێگەی كۆمەڵایەتی و لەئەستۆگرتنی ڕۆڵ و بەرپرسیارێـتی كۆمەڵایەتی.
پەروەردەكردن بە دوواندنی ژیری و دەروون و ڕۆحی تاكە كەسەكە دەستپێدەكات، كە لە ڕێگه‌ی شێواز‌و میكانیزمەكانی پەروەردەییەوە كار لەسەر دارشتنی قەناعەت عەقڵییەكان و ئیدراك و هۆشمەندی تاكەكەس ئەنجامدەدرێت، سەرئەنجام ویستی تاكەكەس چالاك دەبێت و داینەمۆی گۆڕانكاری كارادەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی تاكەكەس خۆویستانە ئاڕاستەی گۆڕانكاری لە ناخ و ئاكار‌و ڕەفتار‌و مامەڵەی خۆیدا بكات.
لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌روه‌رده‌ی خێزان بریتییه له پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی، كه پڕۆسەی فێربوونە بە پشتبەستن بە لاسایكردنەوە و یەكگرتن لەگەڵ فۆڕمی ژیری و سۆزداری و ئاكاری لای منداڵ و هەرزەكار بە ئامانجی تێهەڵكێشانی رەگەزە پێكهێنەرەكانی كه‌لتوور لە سیستەمی كه‌سێتی، كە لە سەرەتای لەدایكبوونی كەسەكە دەستپێدەكات، بەردەوامی دەبێت لەگەڵ چوونە قوتابخانه و تێكەڵبوونی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی.
لای دۆركایم پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی پڕۆسەی گۆڕینی لایەنی بایۆلۆژییە بە ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و كه‌لتووری تا ڕۆڵی ئاڕاستەكار بۆ ڕەفتاری تاكەكەس لە كۆمەڵگەدا ببینێت. هەروەها بریتییە لە پەروەردەكردنی كەسە پێگەشتووەكان بۆ كەسە پێنەگەشتووەكان تا ببنە خاوەنی كەسایەتی لە چوارچێوەی خواست و ڕێساكانی كۆمەڵگە.
پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی پڕۆسەی داڕشتنی ڕەفتاری مرۆیی تاكەكەسە و بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی بونەوەرێكی بایۆلۆژی بۆ بونەوەرێكی كۆمەڵایەتی و لەخۆگرتنی كەسەكان بۆ كه‌لتووری كۆمەڵگە كە به‌هۆیه‌وه تاكەكەسی لەدایكبوو گەشە بە كه‌سێتی خۆی دەدا و دەبێـتە خاوەنی كه‌سێتیه‌كی كۆمەڵایەتی كارا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای كۆمەڵگە و كه‌لتوورەكەی.
پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی ئەو پڕۆسەیە كە لە رێیەوە تاكەكەس هۆشیار دەبێت بە هۆكارە كاریگەرە كۆمەڵایەتییەكان و زامنی كارلێك و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی دەكات، كاتێك تاكەكەس كارلێك لەگەڵ كەسانیتر دەكات و كاریگەر دەبێت بە پێوەر و ڕۆڵە كۆمەڵایەتییەكان و ئاڕاستە دەرونییەكان، بەوەش كەسەكان بەرهەمی ئەم كارلێكە دەبن.
هه‌موو ئه‌و ڕه‌هه‌نده جیاوازانه‌ی ئاماژه‌مان پێكردن، میكانیزمێكی گرنگن بۆ پێگه‌یاندنی تاكێكی سوودبه‌خش به خێزان و كۆمه‌ڵگه، له رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا ده‌بینین ئه‌وه‌نده‌ی منداڵ راسته‌وخۆ بۆته گرفت و ئاریشه بۆ خێزان، كه‌متر بۆته جێگه‌ی مه‌ترسی بۆ كۆمه‌ڵگه. ئه‌مه‌ش سه‌رنجمان بۆ لایه‌نێكی گرنگ ڕاده‌كێشێت، كه په‌یوه‌سته به‌و ژینگه خێزانییه‌ی مناڵی تێدا په‌روه‌رده ده‌كرێت و دواتر به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه ئاراسته‌ده‌كرێت. ئه‌ركی خێزان به‌تایبه‌ت دایك و باوك زۆر سه‌خت بووه، پێویسته هۆشیارتر و ژیرتر بن له‌مامه‌ڵه و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان بۆئه‌وه‌ی له‌كۆتاییدا نه‌بنه فاكته‌ری دروستبوونی كێشه و گرفت بۆ خێزان و كۆمه‌ڵگه، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت منداڵ ببێته خاڵی به‌رده‌وامبوونی خێزان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه.