“جەژنەکان،کانیاوێکن بۆ پێکەوەژیان”

فەزیلە شۆرش
رۆژانی جەژن لە زۆربەی نەتەوەکان و ئاینەکاندا چەند رۆژێکی زۆر پیرۆزن، خەڵک بە شانازیەوە ئامادەکاری بۆ ئەم رۆژانە دەکات، چەندین چالاکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی لەم رۆژانەدا ئەنجامدەدرێت، ئامادەکاری و چالاکیەکانی ئەم رۆژانە بونەتە نەریتێک و ڕێرەوێکی کەلتووری جوان لە ژیانی مرۆڤ.
ئێمەی کورد لە پاڵ چەژنە ئاینیەکان،جەژنی نەورۆز(سەری سال)ی کوردی پیرۆزمان هەیە.
لە دیدو هزری مندا پێکەوەژیان و مرۆڤبوونمان کرۆکی هەموو جەژنەکانە کە بە یەکمان دەبەستێ.
ئەوەی ئێستا ئێمەی کوردستانیان پێویستمان پێیەتی جەژنەکان بکەینە هەوێنی راستەقینەی خۆشەویستی و پێکەوەژیان، لە خەباتی ئازادیجوازی هەموو پارچەکانی نیشتیمان، کە سەداها ساڵە زوڵمی لێدەکراو دەکرێ هەر لە دابەشکردن و داگیرکردن و ئەنفال و زیندەبەچال کردن و هەموو شێوەکانی نەهامەتی، دەبێ لە رێگای جەژنەکانەوە دەست لە ناو دەستی یەکتر بکەین و پێکەوە ناحەزانمان شەرمەزار بکەین و بەرەو کوردستانێکی سەرکەوتووتر و سەربەخۆتر برۆین.
گرنگە هەر نەتەوەیەک بە چاوی گەورە سەیری بۆنە و جەژنەکانی ئاینی و نەتەوەیی خۆی بکات، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە پەیامێک بۆ ئازادی و تروسکەی شادی بۆ بوونە خاوەنی ئێستا و داهاتوو، هەروەها پاڵنەرەێکە بۆ نەتەوەکانی تریش کە رێز لە بوونی نەتەوەی تر بگرن. گرنگە خۆشەویستی نیشتیمان بکەینە توخمی پشتگیری و گرێدانی هەموو کوردستانیان و کوردانی هەر چوارپارچە بە یەکتر بە هەموو جیاوازیە مرۆڤایتیەکانیانەوە.
ئەوەی جێگای خۆشیە لەم فرەکەلتوریەی کوردستان، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستانی ئازاد هەموو ساڵێک بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، جەژنی نەورۆز و جەژنەکانی تری کوردستانیان لە کوردستان بەرێوە دەچێت، لە ئەوروپاش بە هەمانشێوە، بەلام کەرنەڤالی جەژنی نەورۆزی ( مانگی خاکەلێوە)ی ئەم ساڵە لە ٢٢-٣-٢٠٢٥ لە شاری کۆلن-ئەلمانیە بەرێووە چوو، جیاوازتر بوو لە ساڵانی پێشوو، یەکبوونی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، کوردستانی گەورەی بە جوانترین و یەکگرتوترین شێوە نیشاندا، ئەم بۆنە پیرۆزە بۆنێکی نەتەوایەتی و کوردپەروەری لێدەهات، کوردانی تاراوگا توانیان رۆژێکی پرشکۆ و مەزن لە مێژووی کورد تۆمار بکەن، ئەم نەورۆزە نەورۆزی ژیانەوە و بەردەوامی دان بە یەکبوونی کورد بوو.
بەشانازیەوە گەرم و گوری نەورۆز بوویتە تروسکەی خۆشەویستی و رێزگرتنی هەموو جەژنەکانی کوردستان، بە جەژنە ئاینی و نەتەوەیە جیاوازەکانەوە، ئەم جیاوازیە حاشاهەڵنەگرە کوردستانیان جوانتر کردوە و بوویتە درێژەپێدەری پێکەوەژیان، کەواتە جەژنەکان کانیاوێکن بۆ پێکەوەژیان، ئەمەش جەخت لە سەر خۆشەویستی و ئاوێتەبوونێکی راستەقینەی گەل و نیشتیمان دەکات کە پیرۆزتین هەست و کردارە بۆ گەشتر کردنی ئاسۆی نیشتیمان و چەقی ئاشتی و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیەکی دوور لە رق و قینە.