ڕاپەڕینی1991 ،یــــــــــان ناسراو بە ڕاپەڕینە مــــــــــەزنەكە

ئایە علی محمد
ڕاپەڕینی١٩٩١، یان ڕاپەڕینە مەزنەکە
ناسراو بە (ڕاپەڕین) بریتی بوو لە
ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی باشوور لەدژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتیی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات لەدژی حکوومەتی بەعس خەباتیان دەکرد و لە چیاکانی کوردستان دژ بە ڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا.
لەبەرئەوەی ڕاپەڕینی ئازاری١٩٩١ ی گەلی کوردستان، رووداوێکی گەورە و گرنگ و ناوازەی مێژوویی بوو، دەسکەوت، گۆڕانکاری و وەچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە، بە کورتی لێرە دا باسی چەند لایەنێکی ڕاپەرین ئەکەین.
پێناسەی ڕاپەڕین: ڕاپەڕین شێواز و دەسکەوت و قۆناغێکی خەبات و شۆرشی ھەر گەل و نەتەوەیەکە بۆ بەدیهێنان و جێگیرکردنی ئامانجەکان و بەدەستھێنانی دەستکەوتەکان و ڕزگارکردنی گەل و وڵا، بە چەندین شێوە و ھۆکار ئەنجام دەدرێت.
ھەڵومەرجی ڕاپەرین: لە ڕاستیدا ماوەیەک بەرلە ڕاپەرین، بارودۆخی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ھەلومەرجی سیاسی لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور زۆر نالەبار و تەنگەتاو بوو، لەبەر ئەوەی کاتێک کە ٨/٨/١٩٨٨ شەڕی خوێناوی نێوان عێڕاق – ئێران وەستا، رژێمی بەعسی بەغدا دەست بەتاڵ بوو، بە ھەموو ھێز و شێوازێک کەوتە دژایەتیکردنی کورد، کوردی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارە و سەرگەردان کرد، شۆڕشی کوردی پووکاندەوە، و لایەنە چەکدارەکان چوونە سەر سنوورەکان، لەوێ مۆلگەیان کرد، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژیانێکی زۆر سەخت و دژوار و کولەمەرگیان بەسەر دەبرد، کورد بێ پشت و پەنا بوو، پیلانی زیاتری لەسەر بوو، وەلێ کەلە ٢/٨/١٩٩٠عێڕاق ھێرشی کردە سەر کوێت و داگیری کرد، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان لە عێڕاقیان دا، دەرگای گۆرانکاری و راپەڕین کرایەوە، سوپای رژێم تووشی تێشکان بوو، پێگەی نێودەوڵەتیی عێڕاق لاواز بوو، باری ئابووری و دەروونی و لۆجستی خراپ و لاواز بوو، لایەنە چەکدارەکانی عێڕاق ھەستانەوە و ڕاپەڕینیان بەرپا کرد.
ئامادەباشی بۆ ڕاپەرین: بەپێی ھێز و توانای ئەوسای لایەنە چەکدارەکانی کوردستان و عێڕاق، لە ھەموو ڕوویەکەوە کەوتنە ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی ڕاپەرین، سەرەتا لایەنە عەرەبەکان لە خوار و دەستیان بە ڕاپەرین کرد، ڕژێم لێیان کەوتە خۆ تا ڕادەیەک ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد، دواتر لە جەماوەری کوردستان و لایەنەکان کەوتنە خۆ بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین.
بارەگایان لەسەر سنوورەکان زیاد کرد، بە ڕاگەیاندن خەڵکیان وشیار کردەوە، کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێکهێنا، ڕێکخستنەکانی خۆ و جەماوەرییان ئاڕاستە کرد.
ھەر لایەنێك و لە سنوورەکانی خۆی، ھەندێکیان پێکەوە دابەزینە ناو شار و شارۆچکەکان، لەلایەکی ترەوە جەماوەر و ڕێکخستنەکان ڕۆڵی گرنگیان لە پێشوازیکردنی پێشمەرگە و ئەنجامدانی ڕاپەرین و گرتنی بارەگا و دامودەزگاکانی حکوومەتدا ھەبوو. ھەر لایەنێکی سیاسی لە شارەکان تا ڕادەیەک کاری خۆی کردبوو، خەڵکی ئاگادار کردبووەوە و لیژنەی پێکھێنابوو.
ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی پێ ھات و بەم شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە کوردستانی باشوور کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاو نران. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکوومەتی بەعسی عێراق بە سوپایەکی بێشوومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا خەڵکی کوردستان ئاوارە بوون بەرەو سنووری وڵاتە ھاوسێکانی عێراق.

دەستپێکی ڕاپەڕین
ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە (دەروازەی ڕاپەڕین) دەستی پێ کرد، بەڵام لە ٣ی ئازاری ١٩٩١دا بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی راپەڕین لە ئۆردووگای خەبات و کەڵکی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕووی دا، دەرەنجام ھەڵیان کوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت. رژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکووی کردن و محەمەد فارۆق و بەخیاری لێ کوشتن و دوو کەسیشی لێ زامدار کردن.
پاشان رێکەوتن لە نێوان رژێم و جەماوەردا کرا و دامودەزگاکانی گەڕانەوە ئەوێ تا ڕاپەڕین لەوێش بەرپا بوو، ھاوکات ھەمان ڕۆژ ڕاپەرین لە بەسرەش سەری ھەڵدا.
٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولاوە جەماوەر داڕژانە سەر کووچە و کۆلان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین.
پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ سەعات ٣ی سەر لە ئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ (چوار قوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن) و سەربازگەی (سەرکەپکان) ئازاد کران، جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕ قوڕنە ٥٠ کەس لە رژێم و ١٠٠ کەسیش لە ھاوولاتیان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەمڕۆژە لە مێژووی کورددا بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بە ڕاپەرین بکرێت، بەڵام جەماوەر زوو گڕی گرت و ڕاپەرینیان بەرپا کرد.

ڕۆژژمێری ڕاپەڕین
لە ٦ی ئازاری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد کران، بە جۆریک کە لە بازیان لە کاژمێر ٤ی ئێوارە ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت و ھەر زوو سەرکوتیان کردن، لە پشدەریش سەربازگە و پادگاکانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەردا دەورە دران و ھەر زوو گیران، تەنھا فەوجی قادرئاوای پشت (سەنگەسەر) نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە ھۆی قوربانیدانی چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. لەلایەکی ترەوە، ھەمان ڕۆژ لە بێتوێن تیپی ٤٤ی چواڕقوڕنە لە چوارقوڕنە لە سێ لا دەورە درا و ھەر زوو کۆنتڕۆلکراو دواتر بنکەکانی سەر (کلکەی کۆڵین و حاجیلە) و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و تەسلیم بە گەل بوون، تەنھا لە تیپی چوارقوڕنە.