شێرکۆ حەبیب
کاری ڕاگەیاندن و پیشەی ڕۆژنامەوانی ئەرکێکی ئاسان نییە بەڵکو کۆمەڵێک رێنمایی و پابەندبوون لە خۆ دەگرێت جگە لە ڕۆشنبیری گشتی، و کارکردن بە ڕاستگۆیی و ویژدان، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دەبێت .
لە دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دەرفەتێکی زێڕین بۆ بواری ڕۆژنامەگەری لە کوردستان ڕەخسا و سەندیکایەکی تایبەت بە ڕۆژنامە نووسان دامەزرا و دواتر بووە ئەندام وەک سەندیکایەکی بێ دەوڵەت لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان (وەک بەندە هەوڵێکی زۆرم دا بۆ ئەو مەبەستە)، ڕۆژنامە نووسان بە ئازادانە ڕا و بۆچوونی خۆیان دەخەنە ڕوو و یاسایەک بۆ کاری رۆژنامەنووسی دەرچوو، بەڵام بەداخەوە هەندێ رۆژنامەنووس بە هەڵە لەو ئازادیە گەیشتوون، کوردستان ماوەیەک لە سەردەمی زێرینی بواری ڕۆژنامەگەریدا دەژیا و شارەزایانی جیهانی ئەو بوارە ئاماژەیان پێ دەکرد.
ماوەیەکە هەندێ دیارەدەی سەیروسەمەرە لە بواری ڕاگەیاندن بەدی دەکرێت، هەروەک ماوەیەک پێش ئێستا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئاماژەی پێکرد کەوا پەیامنێری کەناڵێک پرسیار لەکەس و کاری قوربانییەک کە کوژراوە پرسی هەستان چۆنە؟! ساڵی پار بوو وابزانم کەناڵێک لە کاتی ڕووماڵی مانگرتنی مامۆستایان لە سلێمانی پەیامنێرەکە لە مامۆستایەکی ئافرەت دەپرسێ کە منداڵێکی پێبوو دوای ئەوەی مامۆستاکە دەڵێ لە بەیانیەوە لەگەڵ ئەو منداڵەم لێرەین کاکی پەیامنێر دەپرسێ ئەوە منداڵی خۆتە دەڵێ بەڵێ دووبارە پرسیار دەکات دەپرسێ ئەو منداڵت پێش یا دوای زەواج هەبوو؟!!
بەڵام ئیستا دیاردەیەکی دیکەی تر بەدی دەکرێت ئەویش چ پەیامنێر یا پێشکەرکاری هەواڵ لە هەندێ کەناڵ شوێنی ئەفسەری پۆلیس و لێکۆلەری دادیان گرتۆتەوە، کاتێک کەسێک بەتۆمەتێک دەسگیر دەکرێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن، بێ ئەوەی رەچاوی یاسا بکەن، کە هەر تاوانبارێک بێ تاوانە تا تومەتەکەی لەسەر دەچەسپێ کە ئەمەش لە دەسەڵاتی دادگایە، و لە رووی یاسایی تا لێکۆڵینەوەی یاسای تەواو نەبێت و دادوەر بریار نەدات نابێ تۆمەت بار لەسەر شاشەی کەناڵەکان لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، زۆر جار ئەوە دەبێتە ئاڵۆزی کەیسەکە و لێکەوتنەوەی زیاتر.
لە وڵاتانی جیهان وەک بەریتانیا پۆلیس ئەو شوێنە دادەخات کە تاوانێکی لێ گیراوە تا کۆتایی بە لێکۆلینەوە دێت دواتر لە ڕاگەیاندنێک ئاماژە بە تاوانەکە و دەرئەنجامی دەکات، خۆی لە کاتی هەر رووداوێک دوو لایەن پێشبرکێ دەکەن بۆ گەیشتن بە شوێنی رووداوەکە هێزەکانی پۆلیس و راگەیاندن هەر یەکەیان بۆ مەبەستێک، بۆیە زۆر جار گرفت لە نێوانیان دروست دەبێ. چەند ساڵ پێش ئیستا کەناڵێک لە ڕێگای پەیامنێرەکەیەوە هێرشی مووشەکی ئێرانی بۆ سەر هەولێر رووماڵ دەکرد راستەوخۆ دەیگوت ئەوەندە مەترە لە بارەگای نوێی کونسوڵخانە ئەمریکی دوورە، لێرە بە پێویستی دەزانم ئەو ئەفسەرە بەرێزانە ڕێگە نەدەن ئەو شێوازە دیدارانە ئەنجام بدرێت لە لایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن تا لێکۆڵینەوە بە کۆتا دێت، ئەگەری هەیە ئەو کەناڵانە بڵێن کەوا هاواکار نین بەڵام هیچ بڕگەیەکی یاسایی یا رێنمایی ڕاگەیاندن نییە پشتیوانی لەو کارە بکات، هەروەها داوا لە بەرێز وەزیری ناوخۆ دەکەم کەوا داوا لە بنکەکانی پۆلیس بکات رێگا نەدەن بەو کارانە.
لە لایەکی دیکەوە هەندێ کەناڵ ساختە و غەشی هەندێ بازرگان و کۆمپانیا ئاشکرا دەکەن ئەوە جێگای دەست خۆشییە، ئەمڕۆ لە کوردستان کۆمەڵێک مامۆستا و شارەزای بواری راگەیاندنمان هەیە کە گرنگە بەشداری بکەن لە هۆشیاری رۆژنامە نووسان و بە پیشەیی کارەکانیان.