تا چەند گرنگە ڕەخنەگر ئاگایی لە زمان هەبێت؟

سەدیق سەعید ڕواندزی*
دەشێ خەسار ناسی لە وشە و نووسین لای زۆر لە نووسەرانی كورد هەبێت، درێژدادڕیش دەبێت، بێگومان هەشە، بەڵام ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە كە وشە لە زمانی كوردی زیادە و پێویست ناكات هەموو وشەیەك بنووسرێت. بەڵكوو دەگەڕێتەوە سەر ئاگایی و زانیاری نووسەر لە بارەی زمانەوە بە تایبەتیش لە كاری ڕەخنەییدا، كە دەبێ ڕەخنەگر بە ئەندازەیەك لە سەر دیوی واتایی و دەربڕینی زمان لە ڕووی ماناوە بوەستێت، تاكوو بزانێت مەبەست لەو دەربڕینە لە ئاستی واتادا چییە، نەك تەنها فۆڕمی زمان، لە ڕووی داڕشتنەوە لە دەقدا بكاتە پێوەر و ئیدی لەو ڕوانگەیەوە بڕوای وابێت درێژدادڕیی لە ڕۆمانێكدا هەیە و ئەو دەتوانێت وەك نەققارێك، كە چۆن بەردەكان ڕاست دەكات، ئەویش وشە و دەربڕینەكان بۆ ڕۆماننووسەكە ڕاست دەكاتەوە. بێگومان ئەركی ڕەخنەگر ئەوە نییە، كلێشەسازییەك بۆ ڕۆماننووس دابنێت، تاكوو بە پێی ئەو پێوەرە زمانییانەی ئەو دەیانڵێت بنووسێت، چوونكە وەك وتمان زمانی كوردی لە ڕووی واتاوە، زمانێكی تاك ڕەهەند نییە و فرە ڕەهەندە، وشەكان لە چوارچێوەی كۆنتێستی ڕستە، یان سەربەخۆییدا مانا دەگەیەنن و زۆرجار دوو وشە لە ڕووی نووسین هاوشێوەن كەچی دوو مانای جیاوازیان هەیە و نەك هەر ناتوانرێت بە درێژدادڕی بزانرێت و كورت بكرێتەوە، بەڵكوو لە دەرەنجامی كورتكردنەوەكەدا، بونیادی واتایی ڕستەكە تێك دەچێت. بۆ نموونە: كاتێ دەڵێین: (حەسەن حەیران حەیران دەچڕێت) ئەمە مانای وانییە پێویست بە دوو وشەی حەیران ناكات و دەبێ یەكێكییان لابەرین، گەرچی هەردوو وشەی حەیران لێرانەدا، لە ڕووی دەربڕین، نووسین و پیت هاوشێوەن، بەڵام ئەم ڕستەیە بە هیچ شێوەیەك دەرفەتی ئەوەی تێدا نییە حەیرانێك لاببەی بە پاساوی ئەوەی پێویست ناكات و یەك وشەی حەیران بەسە و ئەمە درێژدادڕییە. لەو ڕستەیەدا، لە یەك كاتدا حەیران هاوڵناوە، هاوكات ناویشە، بۆیە نابێ ڕەخنەگر درێژدادڕیی لە كڵاوەڕۆژنەی خۆیەوە ببینێت، بەڵكوو دەبێ زمان بكاتە پێوەر و دیوی مانایی وشەكان لێك بداتەوە و ورد و هەستیار بێت. لە كتێبی ( ڕەخنە و ڕۆمان)*دا، نووسەر ڕەخنە لە ڕۆمانی تەرمەوانی كاروان كاكە سوور دەگرێت و بڕوای وایە، درێژدادڕی لە هەندێك ڕستە و دەربڕین كردووە، بۆیە هاتووە سەرلە نوێ ڕستەكانی بە پێوەری كورتكردنەوە و چڕكردنەوە و خەسارنەكردنی وشە، گوایا داڕشتۆتەوە و لەو پەراوێزەوە بێ ئەوەی هەستی پێ بكات كەوتۆتە هەڵەوە. گۆران سەباح، دوو پەڕەگرافی لە ڕۆمانەكە هێناوەتەوەو بڕوای وایە درێژدادڕییان تێدا كراوە و ئەو لە ڕوانگەی خۆی جارێكی دیكە، لە ڕووی دەربڕینەوە دایدەڕێژێتەوە. كاروان كاكەسوور لە تەرمەواندا نووسیویەتی:_( نیوەڕۆی ڕۆژێكی پایزە، دروستتر هەڤدەی تشرینی یەكەمە) گۆران سەباح لە بەرانبەر ئەمەدا دەڵێت:_( ئەمە هەفت وشەیە، چواریان زیادن و پێویستە ڕۆماننووس بنووسێت ( نیوەڕۆی هەڤدەی گەڵاڕێزانە ) . لێرەدا، بێ ئاگایی ڕەخنەگر لە زماندا دەردەكەوێت، چوونكە ئەم ڕەخنەگرە، وادەزانێت هەڤدەی تشرینی یەكەم، بەرانبەر بە هەڤدەی گەڵاڕێزانی ساڵی كوردیی دەكات، كە ئەمەش هەڵەیەكی زەق و گەورەیە و دەرەنجامی قووڵنەبوونەوەیە لە سەر دیوە واتاییەكانی زمانی كوردی، كە مەرجی بنچینەیە بۆ ڕەخنەگر. ڕۆژەكانی مانگ لە ساڵنامەی زایینیدا، هەرگیز مانای هەمان ڕۆژ نییە لە مانگی ساڵی كوردیدا. بە هەمان شێوە كاكەسوور لە تەرمەواندا دەڵێت:_(بە بێ ویستی خۆی سەر هەڵدەبڕێت و لە ئاسمان دەڕوانێت) گۆران سەباح بڕوای وایە ئەمە درێژدادڕیی و خەساركردنی وشەیەو دەبوو ڕۆماننووس بنووسێت:_( بە بێ ویستی خۆی لە ئاسمان دەڕوانێت). گۆران لەوەشدا، بە هەڵەداچووە و ورد نەبووەوە، چوونكە ئەم دوو ڕستەیە، بە هیچ شێوەیەك هەمان مانا ناگەیەنن، كەواتا جیاوازیەكەیان لە چی دایە؟ بێگومان كاتێ كەسێك سەرهەڵدەبڕێت و سەیری ئاسمان دەكات، ئەوا ڕوانینەكەی بۆ ئاسمان ستوونییە، بەڵام كاتێ سەر هەڵنابڕێت، ئەوا ڕوانینەكەی ئاسۆییە، چوونكە دەشێ مرۆڤ لەو كاتەدا لە شوێنی خۆی بوەستێت و ئاسمان لە دووری ببینێت، بێ ئەوەی سەر هەڵبڕێت، بەڵام هەمان ئەو كەسە كاتێ سەر هەڵدەبڕێت، ئەوا ئاسمان لە دووری نابینێت، بەڵكوو تەنها ئەو بەشەی ئەو ئاسمانە فراوانە دەبینێت، كە بە سەر سەری ئەوەوەیە، كە ڕۆمانووسیش ئەوەی مەبەست بووە لە ڕۆمانەكەیدا، نەك ئەوەی گۆران دەیەوێت فێری بكات، كە چۆن كەسێك دەڕوانێتە ئاسمان ! لێرەوەش ئەوەی ڕەخنەگر بە درێژدادڕی زانیوە، لە ڕاستیدا تێكدانی لایەنی واتایی زمانی ڕۆماننووسە لە ڕۆمانەكەدا. كەواتا ئایا ئەوەی ئەو بە درێژدادڕی دەزانێت، دەشێ لای نووسەری ڕۆمانەكەش بە هەمان شێوە بێت؟ یان بە مەبەستێكی دیكەی وەسفی و وردەكاریی بە كاری هێنابێت؟ بۆیە بە بڕوای من هەموو دەربڕینەكانی نێو ڕۆمانێك، ناچێتە خانەی درێژدادڕییەوە، بەڵكوو جۆرێكە لە ئاگایی نووسین و وردەكاری وەسف و زمان، كە دەبێ ڕەخنەگر دركی پێ بكات. بۆیە ڕەخنەگرتن، هوشیارییەكی گەورەی زمانەوانی و ئاگایی لە دیوە واتاییەكانی زمان دەوێت و هەبوونی ڕۆشنبیرییەكی فراوان، زمانێكی دیكە، پسپۆڕیەتی زانستی، كۆمەكی ڕەخنەگر ناكەن بە تەنها لە دیوە شاراوەكانی دەقێك قووڵبێتەوە، بە پێچەوانەوە زمانزانین و ئاگایی زمان لە پێشەوەی ئەوانە هەموویان دێت، چوونكە دەق لە بەراییدا هەموو شتێكدا، پێكهاتەیەكی زمانەوانییە و لە وشە و ڕستە و دەربڕین پێكهاتووە !
*پەراوێز : ڕەخنەو ڕۆمان، گۆران سەباح، بلاچوكراوەی نێوەندی كولتوور،