عەمەر ئەرگوشی
گەلی کوردستان بە درێژایی ساڵ حەز لە دابونەریت و ئەو ڕووداوانە دەکات کە دەربڕی هەستی نەتەوەیەکی زۆرلێکراوی وەک کورد بێت. نەورۆز، جگە لەوەی بووەتە ڕەمز و نیشانەی خۆڕاگری و خۆنەچەماندن و بەرخودان، بووەتە ڕۆژی تەبایی و یەکگرتن و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و زیندووکردنەوەی یادی لەناوبردنی دەسەڵاتدارە زۆردارەکان.
نەورۆز بۆیە شوێنێکی تایبەتی لە دڵ و هەستی هەموو کوردێکی وڵاتپارێزدا هەیە، چونکە ڕێک لەگەڵ خولیا و ئاواتی هەموو کوردێکی وڵاتپارێز و پێشمەرگەی دژی زۆرداریدا دەگونجێت. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی زۆردار وەکو زوحاک و چیرۆکەکەی وای لە کورد کردووە لەو ڕۆژەدا هەموو یەکگرتوو و تەبابن و لە هەموو شوێنەکان ئاگر بکەنەوە و بە دەوریدا هەڵپەڕن. ئەگەر وتەیەکیش کورتیش بێت، بەڵام خزمەت بە نەورۆز و هەستی نەتەوایەتیی بکات، هەموو پێکەوە دەڵێنەوە. لە نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری کۆلنی ئەڵمانیا بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەوروپا زۆرترین ژمارەی ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە و چاکترین و جوانترین دیمەنی هەڤگرتن و خۆشەویستییان نمایش کرد. نەورۆزیان بەرز نرخاند و سەرنجی هەموو دڵسۆزانی کوردستانیان ڕاکێشا بە هەڵپەڕکێ و شادی. مەیدانەکەیان کردە گۆڕەپانی بەختەوەری. جەنابی سەرۆک بارزانی لە کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی پێشکەش کرد و جۆش و خرۆشێکی تری بە هەموو کوردستانیان بەخشی. لە ڕۆژهەڵات و لە باکوریش هەرچەندە خەڵک بە ڕۆژوو بوون، بەڵام هەموو کوردستان وەک شاری ورمێ بوون بە یەک جەستەی یەکگرتووی نەورۆز چییەکان. لە ئاکرێی کوردپەروەر هێندە نەمابوو چیا لەبن پێیان بسووتێت و دیسانەوە ئاکرێ بکەنەوە بە وڵاتی نەورۆز و ببێتە یەکەمی بێ ڕکابەر.
ئەم نەورۆزە لە گەلی کوردستان و هەموو دڵسۆزانی نەورۆز و ئاشقانی نەهێشتنی زۆرداری پیرۆز بێت، بەو ئومێدەی نەورۆزی داهاتوو لە وڵاتێکی سەربەخۆ و ئازادی کورددا بکەینەوە، کە دوور بێت لە شەڕ و ئاژاوە و ڕق و کینە و پڕ بێت لە زەردەخەنە و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و یەکتری لە باوەشکردن.