عومەر چنگیانی
بیرهێنانەوەی ئەم بابەتە شەرعیانەی وەختی خۆیشی بڵاوم کردوونەتەوە، سەرباری لایەنە پەرستنییەکانیان، لە هەلومەرجی ئێستادا کە وڵاتمان لەژێر باری ئابوورییەکی نالەباردایە، گرنگیی خۆیان هەیە و، وەک ئەوکات نووسیومە دەیڵێمەوە: (سەرەتا با لەوە تێبگەین گەرچی هەندێك كەس جیاوازی لە نێوان خێر (سەدەقە) و زەكات و سەرفترەدەركردن نازانن و وەك یەك تەماشایان دەكەن، بێئاگان لەوەی كە زەكات ئەركە و خێرکردن چاکەیە، بە پێویستییەكی ئایینیی دەزانم ئەم بابەتەتان بخرێتە بەر دید.
زەكات لە زمانی عەرەبیدا: واتە زیادكردن و گەشەكردن و پاككردنەوە. (١)
سەدەقە (خێر) لە زمانی عەرەبیدا: لە وشەی سیدق و راستییەوە وەرگیراوە كە دەبێتە بەڵگەی راستێتی دەركەرەكەی و لەبەر خوا دەیکات. (٢)
زەكات وەك دەستەواژەیەكی ئایینی و شەرعی: زەکاتدەرکردن، خۆنزیكخستنەوەیەکە لە خوا گیان و جۆرە خواپەرستییەکە؛ زەکاتەکەش بۆ ئەوانەیە كە پێی شایانن و خوا دەستنیشانی كردوون.
بەڵام سەدەقە خۆنزیككردنەوەیە لە خوا بە خەرجكردنی سامان بەبێ ئەوەی شەرع بە پێویست و واجبی زانیبێ، جاری وایش دەبێت زەكات و سەدەقە بۆ یەكدی بەكار دەهێنرێن.
جیاوازیەكەی سەدەقە و زەكات:
یەكەم/ زەكات بەپێویست كراوە لە چەند شتێكی دیاریكراودا؛ وەك زێڕ و زیو و كشتوكاڵ و بەروبووم و ماڵی بازرگانی و، چوار چەشنە ئاژەڵ: وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن.
وەلێ سەدەقە بە پێویست نەگێڕدراوە لە شتێكی دیاریكراو و سنووردار، لە هەر شتێكدایە كە بگونجێت بكرێت بە خێر.
دووەم/ زەكات پێویستە ئەندازەكەی گەیشتبێتە ئەندازەی دیاریكراو یاخود نیساب؛ ئەندازەی دەركردنەكەیشی دیاریكراوە و دەبێ ساڵێکیشی بەسەردا تێپەڕبێت.
بەڵام سەدەقە هیچ مەرجێكی بۆ دیاری نەكراوە بەپێی توانا و ویستی خاوەنەكەیەتی. كەی و چەند بیەوێت دەبەخشێت.
سێیەم/ زەكات وەك لە ئایەتی شەستی سوورەتی ‘بەرائەت’ـدا دیاری كراوە دەدرێت بە ٨ چین؛ لەو ٨ چینە بترازێت، زەکاتی پێ ناشێت؛ وەکچۆن دەفەرمێت:
“بە راستی زەكات بۆ هەژار و کەمدەست (مسكێن)ـە و، بۆ ئەو كەسانەیە كە دەوڵەت رایسپاردوونە زەكات کۆ بکەنەوە. بۆ تازەمسڵمانێکە دەشێ دڵنەوایی بکرێت؛ بۆ ئەو بەندە و كەنیزەكانەیە وا دەیانەوێت خۆیان بكڕنەوە لە ئاغاكانیان؛ هەروابێتەوە ئەو كەسانەیشە وا قەرزارن و، لە راهی خوا و، بۆ رێبوارێکی داماوە؛ ئەمە فەرزی خوایە و لەلای خواوەیە؛ خوا زانا و دانایە.”
بەڵام سەدەقە دروستە بدرێ بەوانەی لە ئایەتەكەدا ناویان هاتووە و بە خەڵكی تریش.
چوارەم/ گەر كەسێك مرد و قەرزاری زەكات بوو و نەیدابوو، میراتبەرەكانی دەبێ لە میراتەكە دەریبكەن و پێش وەسیەت و میراتبەر دەخرێت.
وەلێ سەدەقە وا نییە و هیچ پێویست نییە كە لە ماڵە جێماوەكەی بۆی بكرێت.
پێنجەم/ ئەو كەسەی زەكات نەدات، خوا سزای دەدات؛ چەندین دەقی دروست لەو بارەیەوە هاتووە، وەلێ لەسەر خێرنەكردن كەس سزا نادرێت.
شەشەم/ بەپێی بۆچوونی هەرچوار مەزهەبە سونییەكەی ئیسلام دروست نیە زەكات بدرێت بە رەگ و بە لقوپۆپی مرۆڤ، واتە زەكات نادرێت بە دایك و باوك و نەنك و باوا و كوڕ و كچ و نەوە، بەڵام خێر دروستە بدرێت با بەوانیش بێت.
حەوتەم/ دروست نییە زەكات بدرێ بە زەنگین یان هەژارێك توانای كاركردنی هەبێت وەك لە دەقی فەرموودەیەكدا هاتووە دوو پیاو لە كاتی حەجی ماڵاواییدا هاتوونەتە لای پێغەمبەر ـ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت ـ كە لەو كاتەدا ئەویش سەیری كردن و روانیە باڵایاندا، بینیی کە توانا و بەهێزن، وەک (عبید الله بن عدی) دەگێڕێتەوە، فەرمووی:
(أخبرنی رجلان أنهما أتیا النبی صلی الله علیه وسلم فی حجة الوداع وهو یقسم الصدقة فسألاه منها فرفع فیهما البصر وخفضه فرآنا جلدین فقال: “إن شئتما أعطیتكما ولا حظ فیها لغني ولا لقوي مكتسب.”)
“گەر حەز دەكەن بەشتان دەدەم وەلێ ئەم زەكاتە بەشی زەنگین و بەتوانستێکی پێوە نییە كە بتوانێ كاسبی بكا” (3)؛ وەلێ سەدەقە دروستە بدرێت بە زەنگین و بە كەسێكیش بتوانێ كاسبی بكات.
هەشتەم/ باشتر وایە زەكات لە زەنگینی هەر وڵات و دەڤەر و ناوچەیەك وەربگیرێت و بدرێت بە هەژار و خاوەنپێویستی هەمان جێگا و نەگوێزرێتەوە بۆ شوێنێكی تر، مەگەر لەبەر بەرژەوەندیەکی شەرعی. وەلێ خێر وا نییە دەدرێ بە نزیك و بە دوور.
نۆیەم/ دروست نییە زەكات بدرێت بە بێبڕوا و خوانەناس و هاوەڵ بۆ خوا پەیداكەر، وەلێ سەدەقە دروستە بدرێت بەوانەیش. وەك دەبینین لە هەشتەمین ئایەتی سوورەتی ‘ئینسان’ـدا بە بڕواداراندا دەڵێ و دەفەرمێت:
(ویطعمون الطعام علی حبه مسكینا ویتیما وأسیرا) الإنسان/ 8
“لەگەڵ خۆشەویستیشیان بۆ سامان و پێویستیشیان پێی دەیبەخشنە هەژاری كەمدەست و دەسنەچووگ و سێوی (بێباوك) و دیل.”
وەك ئیمامی قورتوبی دەفەرمێت: “لە نێو مسوڵماناندا مەگەر گرتوو و دیل ئەگەر هەبێت كەسێك هەیە بەدەر لە بێبڕوا كە لە جەنگدا گیرابێت.”
دەیەم: دروست نییە پیاو زەكات بدات بە ژنی خۆی وەلێ دروستە خێری پێ بكەیت.
لە كۆتاییشدا ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە وشەی سەدەقە بۆ هەرچاكەیەك بەكار دەهێنرێت و لە فەرموودەدا هاتووە “هەر هەموو چاكەیەك خێرە”.
تێبینی:
ئەم بابەتەم لە وێبسایتی “الاسلام سوال وجواب” وەرگرتووە كە ژمارەی فەتواكە “9449”یە و، رێکەوتی ٢٣/١٠/٢٠٠٣ بڵاو كراوەتەوە و بەدوداچوونیشم بۆ كرد (٤).
هەندێك ئادابی زەكاتی فترە
زەكاتی سەر فترە، وەك یاران بۆمانی باس دەكەن، پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، دەستنیشانی كردووە و دەفەرمێت: “ساعێك خورما، یان ساعێك جۆ، بە پێویست گێڕراوە، بۆ زەكاتی سەرفترەی هەر مسوڵمانێك، ئەوكەسە ئازاد بێت، یان بەندە، نێر بێ یان مێ، گەورە بێ یان بچووك، هاوكات فەرمانیشی داوە، كە بەر لە چوونی مسوڵمانان بۆ نوێژی جەژن بدرێت”. وەك لە هەندێ دەقی تردا هاتووە، دەبێ هەركەس لە كوێ جەژن دەكات لەوێیش زەكاتی سەرفترەكەی خۆی بدات. كە ئەم دەقە پیرۆزە و ئەوانەی لەم بارەوە هاتوون، لە كۆن و نوێدا بوونەتە جێگەی فتوای لێكجودای زانایانی ئیسلام، هەیانە دەڵێن: دەبێ مرۆڤ هێندە پابەند ببێت بە دەقەكەوە، خورما یان جۆ زێدەتر نەدات، یان كەشك وەك لە هەندێك دەقی تردا هاتووە. هاوكات هەندێكی تر لە زانایان وا بۆ بابەتەكە دەچن، كە هەردەم رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەژاران لە هەموو شت لە پێشترە، ئەڵبەتە بۆ ئەم بۆچوونەیشیان، پەنا بۆچەند دەقێك دەبەن، وەك ئەوەی كە ئەوكەسانەی لە سەردەمی پێغەمبەردا، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، نێررابوون بۆ وڵاتی “یەمەن”، كە زەكاتی ئەوێیان كۆ دەكردەوە، لە میانەی زەكاتەكان هەندێ كراس بوو كە بۆ خەڵكی مەدینە نەدەبوو، یاران لەوێ دەچوون دەیانفرۆشتنەوە و لە مەدینە شتی تریان پێ دەكڕی، لێرەشدا دەفەرموون: “بەرژەوەندیی هەژاران ئەگەر لە پارە و دراوپێداندا بوو، بایی ئەو ساعە خۆراكە، دراوی بەڕەواج دەدرێت بە هەژاران. (٥)
پەراوێز:
(1) لسان العرب ” (14/ 358)، ” فتح القدیر ” (2/ 399)
(2) فتح القدیر (2/399)
(٣) رواه أبو داود (1633) والنسائي (2598)؛ والحدیث: صححه الإمام أحمد وغیره. وانظر: تلخیص الحبیر (3/ 108)
(٤) لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە 3093 لاپەڕە 17، سێشەممە 28/٥/٢٠١٩دا بڵاوم کردووەتەوە.
(٥) لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە 2864 لاپەڕە 9 سێشەممە ١٢/٦/٢٠١٨دا بڵاوم كردۆتەوە.
تێبینی:
لە رۆژنامەی هەولێری ژمارە ٣٤٦٣ لاپەڕە پێنج، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١/٥/٢٠١٨دا بڵاوم كردۆتەوە.