ئیتیک ئەکادیمیک

بەهزاد حەوێزی
پرس و پرۆسەی فێرکردن پلانێکی درێژخایەنی بێ سرەوتنە، بۆیە کۆمەڵە بنەما و رەگەزی گرنگی هەیە بەردوام لە گۆڕانکاری دان و دەبێ رەچاو بکرێن، جگە لە سستمێکی مۆدرنی پێشکەوتوو بە جۆرێک لەگەڵ سەردەم و رۆژگاردا رێک بێتەوە.
ئەو کارە چەند لایەنەیە، بەڵام ئەوەی کاریگەری زیاتر پێوە دیارە دوو لایەنە رەنگدەداتەوە لە نێوان فێرکار و فێرخوازە، ئەمڕۆ پرەنسیپەکانی ئەو چالاکییە زۆر بەرفراوانتر و قووڵتر بوونەتەوە بەجۆرێک رۆژ بە رۆژ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پەیوەندیکردن تا دێ هەنگاوی نوێتر لە رووی چنەدایەتی و چۆنایەتییەوە دەنێت.
قۆناخەکانی خوێندن و بڕوانامەدان و دەرچوون یەکبەدواییەک دادێن و لەیەک جیاشن، جیاوازییەکە لە چەند روویەکەوەیە، کە چەند خاڵێکی تێدایە، هەندێکیان گرنگترن لەوانیتر، لەوانە: مامەڵەی مامۆستا و قوتابی بە پێی هەر قۆناخێک لەو قۆناخانە. ئەو هەنگاوەی پێویستە مامۆستا و قوتابی وەک دوو بوونەوەری هاوڕێ و هاودەم سەیر بکرێن، بریتییە لە رەخساندنی زەوینەی لێکتێگەیشتن بە ئامانجی فێربوون، بەڵام بە چ میکانیزم و بنەمایەک؟ داخوا بەو عیلم و مەعریفە باو و هێندەبارەکردنەوەیە و بەو تەلقینە واعیزەییەیە؟.
دیوێکی تر، نەبوونی پێوەرێکی بابەتیانەی پراکتیکیانە بەدەر لە میزاج و هەقوحیسابی لابەلا، ئەمە لەگەڵ ئیتیکی ئەکادیمی ناگونجێ، ئەکادیمیک واتە زانست و مەعریفەیەک بە هەقیانەت لە مەحەک بدرێ نەک بە پێی پێگە و زاڵدەستی ناڕەوا بەبێ هۆشیارییەکی یەکلاکەرەوە و زانستیانە و ماقووڵ.
لایەنێکی تر نەبوونی پێوەرێکی گونجاوی قەناعەت و متمانە، لەبەرئەوەی کەسی دەستڕۆیشتوو بێئاگا وەک نیمچە دکتاتۆرێک جا چ مامۆستا بێت یا هەر بە پلەوپایەیەکی تر، نەزعەی یەکلاکەرەوە و سەپاندن پەیرەو دەکات، لێرەدا کارەسات لەوەدایە، دەزگا و دامەزراوەکەیشی بە هیچ شێوەیەک دژی ناوەستێتەوە.
پرۆسەی فێرکردن بۆ یەک ئامانجە، پێگەیاندن و پێشکەوتن لەو بوارانەدا، بەڵام میکانیزم و پێوەر و ئامرازەکان حوکم لەسەر بەدیهاتنی ئەو ئامانجە دەدەن، تا چەند ئەو رەگەزانە بە شێوەیەکی راستودروست و سەردەمیانە و ماقووڵ و لۆجیکیانە و ئەکادیمیانە تەوزیف کراون و پەیرەوکراون.
سستمێکی نوێ مەرج نییە هەمیشە بەرهەمی باش و ئەرێنی بخاتەوە پێچەوانەکەیشی راستە، وەک چۆن ژیان ئاوێکی روون و شەپۆلگەلی نەرم و سرک وایە پێویستە ئەو پرۆسەیەش قاڵبی کۆنکرێتی باو و رۆبۆتئاسا و نەریتگەرایی مایەپووچ بترازێنێ.